هۆزان دەروێش:زۆر بە شەوقەوە هاتمە نێو هونەری كوردیبەڵام ئەوشەوقە كز بوو تا كۆتایی هات
* ماوەیەك بێدەنگ بووی، ئایا ئەو بێدەنگییەت ناڕەزاییەك بوو دژی بارودۆخی ئێستای هونەری كوردی یان هۆكاری دیكەی لە پشتە؟
- هەڵبەت بارودۆخی ئێستای هونەری كوردی وام لێدەكات كە بێدەنگ بم، من ناتوانم دژایەتیی بارودۆخی ئێستای هونەری كوردی بكەم، ڕەنگە زۆر كەم بن ئەوانەی وەك من بیر دەكەنەوە و ئەو بیر كردنەوەی من لای ئەوان جێگای دڵگرانی بێت و بە داواكەوتوویی بزانن، بەڵام من هەست بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی دەكەم بەرامبەر بە هونەری كوردی، ڕەنگە هۆكاری تریش هەبووبن كە زۆر ئازاریان داوم، بۆیە ئەو بڕیارەمدا، من دەڵێم هونەری كوردی نەك بەرەو پێشەوە ناچێت، بەڵكو بە ڕەوتێكی زۆرخراپ و هەستیار تێدەپەڕێت، دیارە ئەمەش بەتەنیا بەمن چارەسەر ناكرێت، بۆیە پێم باش بوو هەتا زووە لێی دووركەومەوە تا شەرمەزاری مێژوو نەبم.
* هونەرمەند هەمیشە عاشقی هونەرەكەیەتی، بەڵام كەس هەیە بتوانێت بە ئاسانی واز لە عاشقەكەی بهێنێت؟
- پێموایە لای هەموو كەس ئاشكرایە كە من چەند عاشقی هونەری كوردی بووم، بەڵام ئەو هونەرەی من باسی دەكەم هونەری ڕەسەنە نەك ئەو بێسەروبەرییەی ئێستا هەیە، بێگومان ئەو هونەرەی كە من عاشقی بووم ناچارم دەكات لێی دووركەومەوە، چونكە بێوەفا دەرچوو وەك ئەو سەردەمە بێوەفایە، بۆیە ناچار بووم لێی دووركەومەوە.
* هۆكاری سەرەكی واز هێنانت چی بوو؟
- دیارە زۆر هۆكار هەبوون كەوایان لێكردم دووركەومەوە وەك باسم كرد من بارودۆخی هونەری كوردی باش نابینم كەسیش خۆی بە خەمخۆر نازانێت، بە وازهێنانی من شتێك لە بابەتەكە ناگۆڕێت لەبەر ئەوەی ئەو دەستەی ئێستا هونەری كوردی بەرەو پێش دەبات هەر بەردەوامە تا لە كۆتاییدا باجەكەی دەدات، دیارە من بە تەنیا ناتوانم چارەسەری بكەم.
* پێتوایە بە وازهێنانی تۆ بارودۆخی هونەری كوردی باشتر بێت؟
- بێباكیی دەسەڵات لە بەرامبەر هونەر و هونەرمەندان هەر هەیە، لە زۆر چاوپێكەوتنی دیكەش باسم كردووە من ئێستاش هونەرمەند وەك سواڵكەر دەبینم، ئەوەی گرنگی پێنادرێت هونەر و هونەرمەندانە، منیش ناتوانم ئەمە قبوڵ بكەم.
* سالاری هاوسەرت هەڵوێستی چی بوو بەرامبەر بەو بڕیارە؟
- من سالاری هاوسەرم زۆر ئەزیەت داوە لەگەڵ خۆم، دیارە هەموو كارەكانی من لە ڕێگای ئەوەوە دەكران و هەرگیز لە یادی ناكەم لە زۆر شت منی پاراست، لە هەموو ئەو ئاهەنگانەی ئێمە بانگهێشت دەكراین زۆر بە وردی پرسیاری دەكرد تا دڵنیا نەدەبوو لە سەركەوتنی من لەو ئاهەنگەدا قبوڵی نەدەكرد بەشداری بكەم، هەر بۆیەش زۆر بە كەمی لە بۆنە نەتەوەییەكاندا ئێمەیان بانگهێشت دەكرد وەك گەمارۆیەكی زەق لەسەر ئێمە هەبوو ئەم ڕاستییەش ئەوە یەكەم جارە باسی بكەم.
سالار خۆی هونەرمەندە ئەزموونی هەیە زۆر باش لە ململانێی هونەری تێگەیشتووە، ئەو ئاگاداری ئەو بڕیارەی من نەبوو، بۆیە تۆزێك دڵگران بوو و پێی وتم هێشتا زووە و هونەری كوردی پێویستی بە كەسانی وەكو تۆ هەیە، بەڵام دواتر ڕازی بوو لەبەر ئەوەی لەمن زیاتر دەزانێت بارودۆخی ئێستای هونەری كوردی چۆنە و لێرەوە دەمەوێ زۆر سوپاسی بكەم.
* ئایا سالار هانیدای واز بهێنی یان هەوڵیدا پەشیمانت بكاتەوە؟
- چەند باسی سالار بكەم و چەند سوپاسی بكەم هەر كەمە، ئاشكرایە ئەگەر سالار نەبوایە ڕەنگە هەر زوو وازم لە هونەر دەهێنا، بەردەوام هانیداوم بەردەوام بم ڕەنگە ئەمەش بۆ خوێنەران سەیر بێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بە بڕیارەكەی من ڕازی بوو.
* دوای ئەوەی بڕیاری وازهێنانت دا هیچ كەس و لایەنێك پێوەندییان پێوە نەكردی كە هۆكاری وازهێنانت چی بوون؟
- من نامەوێ ناوی كەس بهێنم كە هەوڵیاندا بەردەوام بم لە كاری هونەری، بەڵام ئەوەی من دەزانم ڕەنگە ئەوانە نەیزانن، تەنیا ئەوەندە دەڵێم من ناتوانم لەمە زیاتر بەرگەی ئەو ئێش و ئازارە بگرم كە لە هونەردا چەشتوومە، ناتوانم چیتر وەك سواڵكەر سەیر بكرێم، ژیان بە دەست پان كردنەوە بەڕێوە ناچێت، و تاقەتی ئەو كێشمە كشێمەی هونەری كوردیم نییە، لەو وڵاتە ئەگەر كچی هەر كەسێك بیت مادام ئافرەتی و هونەرمەندی لەلایەن كۆمەڵگەوە ڕوحمت پێناكرێت، هەرچی شتی پڕوپوچ هەیە بۆتی هەڵدەبەستن، ڕەنگە هەر ئاگاداریش نەبیت نە لەدوور و نە لەنزیكەوە.
* كەس هەوڵی نەداوە پاشگەزت بكاتەوە لە بڕیارەكەت؟
- كێشەی ئێمە لەو وڵاتەدا ئەوەیە كە تۆ بەڕاستی قسەت كرد، وا هەست دەكەن كە تۆ داواكاریت هەیە، زۆر جار گوێبیستی ئەو قسەیە بوومە كە دەڵێن: داواكارییەكانی هۆزان هەر تەواو نەبوون، من لە ڕێگای ئەو گۆڤارەوە دەڵێم بۆیە ئەو بڕیارەم نەداوە كە داواكارییەكانم جێبەجی بكرێن، تەنیا ئەوەندە دەڵێم كەسێكم خەمخۆری هونەری كوردی بووم، هەر لە سەرەتاوە هاتمە نێو دنیای هونەری كوردی بەو شەوقەوە هاتم و هونەرم كرد، بەڵام لەو وڵاتە ئەو شەوقە كز بووە تا لە كۆتاییدا بە یەكجاری كوژایەوە، من هیچ داواكاریم نییەو چاوم لە كەس نییە خێرم پێ بكات، ئەگەر مافی خۆم بێت بەبێ ترس داوا دەكەم، ئەگەر نا نەفسیەتی خۆم ناشكێنم، ئەگەر هونەرمەند بەو ڕۆحیەتەوە كار بكات دەتوانێت سەركەوتوو بێت، ئەگەر ئەو ڕۆحیەتە نەبێت بە هەموو ماڵی دنیا چاك نابێت.
* ئەگەر داواكاریەكانت جێبەجێ بكرێن دەگەڕێیتەوە؟
- من لە هەموو ژیانمدا هەوڵمداوە ڕاشكاوانه و بێ ترس قسە بكەم، دیارە ئەو كاتەی خوالێخۆشبوو سامی شۆڕش وەزیری ڕۆشنبیری بوو بۆ تۆماركردنی سیدی (نە ژ دل) هاوكاری كردم، بەڵام نەمتوانی سیدییەكەم بە ئەنجام بگەیەنم ناچار بووم ئۆتۆمبێلەكەی خۆم بفرۆشم بۆ تەواو كردنی سیدییەكەم.
* تا ئێستا چەند جار هاوكاری تۆ كراوە لە كارە هونەریەكانت؟
- من ئاگادار بووم چی بۆ هونەرمەندان دەكرا كە لەدەرەوەی وڵات دەگەڕانەوە، زەوی باش باشیان بۆ تەرخان دەكرا، ڕەنگە جوان نەبێت باس بكەم، بەڵام با خوێنەری بەڕێز بزانن من زیاتر لە 20 ساڵە هونەرمەندم و تارادەیەك جێگام دیار بووە بەتایبەتی سروودەكانم تەنانەت یەك مووچەشم نییە، چونكە زۆر جار باس كراوە گوایە من باشترین مووچەم هەیە و شتی زۆرم بۆ كراوە، بەڵام دڵنیا بن هەموو ئەمانە پڕوپاگەندەیە، دواتر خۆ ناكرێت هەر جارێك بەرهەمێكم تۆمار كرد شتەكانی ماڵەوەم بفرۆشم ئەمە چ جۆرە هونەرێكە وەك گوتم تاقەتی ئەو سەرئێشەیەم نەماوە.
* دوای وازهێنانت چی دەڵێی؟
- لە ڕێگای گۆڤارە بەڕێزەكەتانەوە دەمەوێ ئەوە بڵێم كە هەندێك دەزگای ڕاگەیاندن زۆر شتی جیاجیا و دوور لە ڕاستییان بەناوی منەوە بڵاو كردەوە، لێرەدا بە خوێنەران و هەموو جەماوەری كوردستان دەڵێم كە ئەو قسانە بە هیچ شێوەیەك قسەی من نین و هەڵبەستراون و دوورن لە ڕاستی، هونەری كوردی بە هاوكاری كردن بۆ دەركردنی سیدییەك چارەسەر نابێت، هەروەها داوا لە گشت ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەكان دەكەم كە چیتر هیچ لە بەرهەمەكانم دانەبەزێنن، چونكە شتەكە كۆتایی هات.