شەیدا جاف:هەندێک کات ناچاریت، خۆت سەرقاڵی زیاد لەکارێک بکەیت
* لەزیاتر لەبوارێكدا كاردەكەی لەكامیان زیاتر خۆت دەبینیتەوە؟
- ڕاستە من لەدوو بوار کار دەکەم، لەهەمان کاتدا بیرمان نەچێت هەردوو بوارەكە تەواوکەری یەکترن و تێکهەڵکێشی یەکن، هەردووکیانم خۆش دوێت و بەعەشقەوە لەهەردوو بوار کار دەکەم.
* باشتر نییە هەموو تواناكانت لەیەك بواردا بەكار بهێنێ؟
- بێگومان باشترە، هەر لەوەی من زیاتر سەرقالی ڕاگەیاندن یان هونەرەکە بم، بەڵام لەم كۆمەڵگەیەی ئێمەدا هەندێک کات ناچاری خۆت سەرقاڵی چەند کارێک بکەیت، بەڵام وەک وتم من هەردووکیانم پێ خۆشە.
* پێتوایە توانیوتە بۆشاییەك لەهونەری كوردی پڕ بكەیتەوە؟
- هەڵبەت من ئەزموونێکی کەمم هەیە، ناشتوانم من ئەو بڕیارە بدەم، بەڵام بێگومان ئامانجمە بۆشاییەک پڕ بکەمەوە کەوا هونەری وڵاتەکەم پێویستی بەمنە پڕی کەمەوه.
* وەك ئافرەت لەو بوارە جۆراوجۆرانەی كاریان تێدا دەكەی لەكامیان زیاتر ڕووبەڕووی گرفت بوویتەوە؟
-هەردوو بوار بۆ ئافرەتان زەحمەتە، هەرچەند لەئێستادا باشترە لەچاو ساڵانی پێشتر، بەڵام دیسانیش ئەوەندەی کەسانی ناو بوارەکە ڕێگری و کێشەو ئاستەنگت بۆ دروست دەکەن، ئەوەندە کەسانی ئاسایی نین، بۆیە من دەڵێم خۆزگە کەسانی ناو بوارەکان باشتر لەبوونی خۆیان تێدەگەیشتن بۆ ئەوەی لەئێمەی ڕاگەیاندنکار یاخود هونەرمەندان تێدەگەیشتن.
* سروشتی ئەو ڕۆڵانە چییە كە تۆ ئامادەی بیانبینی لەسینەمادا؟
- ئامادەم هەموو ڕۆڵێک کە شیاو بێت و لەگەڵ سروشتی كۆمەڵگەکەم بگونجێت بەرجەستەی بکەم، بەڵام هەرگیز ڕۆڵی بەریەک کەوتن ناگێڕم، قەبوڵیشی ناکەم.
* خوێندنی ئەكادیمی تا چەند ڕۆڵی هەیە لەژیانی ئەكتەر و ڕاگەیاندنكار؟
- بێگومان ئەگەر پێش لەوەی لەو ڕووەوە شرۆڤەی بکەین، دەتوانم بڵێم هونەر بەهرەیە بەهەمان شێوەش ڕاگەیاندن توانا و حەزە و دەکەوێتە سەر شانی ئەو کەسە چۆن گرنگی پێ دەدات، بەڵام خوێندنیش قۆناخێکی ترە. تۆ لەڕووی زانستی و پێوەرەکانەوە ئەم بەهرەو حەزە فێر دەبیت و گرنگی پێ دەدەی، دەیان هونەرمەندی جیهانی هەن ئەکادیمی نین، بەڵام زۆر سەرکەوتوون و بوونەتە قوتابخانە بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لەو بوارەدا دەخوێنن.
* لەبوارەكانی سینەما و دراما و ڕاگەیاندن حەز دەكەی بگەی بەئاستێك؟
- ئاستێک کە جێی تموحی خۆم پاشان كۆمەڵگەکەم بێت، باوەڕیش ناکەم هەرگیز ئەم بوارە ئاستی بۆ دیاری بکرێت، چونکە بەردەوام لە داکشان و نوێبوونەوەدایە، کەواتە دەبێت بەردەوام لەگەڵی بڕۆیت و خۆ گونجێنەر بیت لەگەڵ گۆڕانکارییە هونەرییەکاندا.
* ئایا زنجیرە دۆبلاژكراوەكان لەئاستێكی بەرزدان یان درامای كوردی لاوازە؟
- ئەم باسە زۆر کات وروژێنراوە و باس کراوە، لەئەنجامیشدا نەگەیشتوونەتە ئاكام، کێن ئەوانەی بەدۆبلاژکردن دەگرنە ئەستۆ هەر هونەرمەندانی ئەو بوارەن، کەواتە پێش هەرکەسێك هونەمەندان خۆیان هۆکاری سەرەکین بۆ گرنگیدان بەدرامای دۆبلاژکراو، بینەر لەسەریەتی سەیر بکات.
* بەڕای تۆ خاڵە لاوازەكانی درامای كوردی چین؟
- نەبوونی سیناریۆی باشی خۆماڵی و کۆمەڵایەتی و پەروەدەیی و زانستی، بەڕای من سیناریۆکان تەنیا لایەنێکی ژیان پیشان دەدەن، ئەویش بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئەو بوارانەی ئاماژەم پێدان، هەروەها دەرهێنەری دراما باشمان نییە، پاشان ئەكتەری ئێمە هەموو دووبارەن، یان ئەوەشی هەیە لەڕێگای خزم خزمێنەو گروپەوە دەکرێت. هەروەها لاوازی لایەنی تەکنیک، هەروەها نەبوونی ماددی پێویست.
* چۆنە تا ێێستا بواری گۆرانی گوتنت تاقی نەكردۆتەوە؟ لەزیاتر لەبوارێكدا كاردەكەی لەكامیان زیاتر خۆت دەبینییەوە؟
- من ئەکتەرم، لەهەمان کاتیشدا پێشکەشکار، هەرگیز بیرم لێ نەکردۆتەوە خۆم لەم بوارە بدەم، باوەڕم بەو قسەیە هەیە كە دەڵێ: کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو.