ئه‌لبوومی وتووێژی چه‌نگ و نه‌ی بڵاوكراوه‌

ئه‌لبوومی وتووێژی چه‌نگ و نه‌ی بڵاوكراوه‌
ئه‌لبوومی "وتووێژی چه‌نگ و نه‌ی" به‌ ژه‌نیاری خانمه‌ موزیكژه‌نی كورد تارا جاف، موزیكزانی كورد فه‌ردین لاهوورپور و سومه‌یه‌ عه‌باسی، له‌ ئێران بڵاوكراوه‌.
ئه‌لبوومی پێكه‌وه‌ژه‌نینی "وتووێژی چه‌نگ و نه‌ی" به‌ ژه‌نیاری خاتوو تارا جاف به‌ ئامێری چه‌نگ، موزیكزانی لاوی سنه‌یی فه‌ردین لاهوورپور به‌ ئامێری نه‌ی و خاتوو سومه‌یه‌ عه‌باسی به‌ ئامێری زه‌رب به‌ دابه‌شكردنی فه‌ردین لاهوورپور، له‌ لایه‌ن كۆمپانیای فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری "ئاوای باربه‌د" له‌ تاران و شاره‌ جۆراوجۆره‌كانی ئێران بڵاوكرایه‌وه‌.
ئه‌لبوومه‌كه‌ چه‌ندین پارچه‌ موزیكی كوردی و توركی له‌ خۆگرتووه‌ كه‌ بریتین له‌: "ئایریلیق"، "شاخ"، "هه‌ڵاڵه‌"، "ده‌ردی هیجران"، "راسته‌ی خیابان"، "مه‌چۆ"، "میرۆ"، "هه‌ورامی"، "جه‌ژنی هه‌ورامان"، "مه‌قامه‌كانی هۆره‌"، "بوداهه‌ژه‌نینی چه‌نگ و نه‌ی" و "رۆمانسی ئایریلیق".
له‌ به‌شی سه‌ره‌تایی ئه‌لبوومی "وتووێژی چه‌نگ و نه‌ی" سه‌باره‌ت به‌ پارچه‌ موزیكه‌كانی ناو ئه‌لبوومه‌كه‌دا هاتووه‌:
ـ "ئایریلیق" وشه‌یه‌كی توركییه‌ به‌ مانای جودایی، مێلۆدییه‌كه‌ له‌ مایه‌ی به‌یاتی ئیسفه‌هاندا و به‌ ئاوزدانه‌ری موزیكزانی ئێرانی عه‌لی سه‌لیمی، كه‌ له‌ لایه‌ن فه‌ردین لاهوورپور، بۆ ئامێره‌كانی چه‌نگ و نه‌ی موزیكی بۆدابه‌شكراوه‌.
ـ "شاخ"، ئاوازێكی فۆلكلۆره‌.
ـ "هه‌ڵاڵه‌"، له‌ گۆرانییه‌ كۆنه‌كانی كوردییه‌ كه‌ 30 ساڵ پێش ئێستا پێشكه‌شكراوه‌.
ـ "ده‌ردی هیجران"، له‌ به‌رهه‌مه‌كانی گۆرانیبێژی ناوداری كورد سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ر كوردستانییه‌، كه‌ له‌ ده‌زگایی نه‌وادا پێشكه‌شكراوه‌.
ـ "راسته‌ی خیابان"، له‌ گۆرانییه‌ كۆنه‌كانی كوردییه‌ كه‌ له‌ ئاوازی ئه‌فشاری و له‌ گۆشه‌ی عێراقدایه‌ و له‌ موزیكی كۆنی ئێراندا به‌ مه‌قامی راست ناسراوه‌.
ـ "مه‌چۆ"، له‌ پله‌ی ماژۆر كه‌ ده‌زگای ماهووری ئێستایه‌ و به‌ پێی موزیكی هه‌ورامی پێشكه‌شكراوه‌.
ـ "میرۆ"، له‌ مێلۆدییه‌ شینگێڕییه‌كانی باكووری كوردستانه‌ كه‌ له‌ موزیكی ده‌زگایی ئێراندا له‌ مایه‌ی ده‌شتی پێشكه‌ش ده‌كرێت.
ـ "هه‌ورامی" و "جه‌ژنی هه‌ورامان"، له‌ موزیكی هه‌ورامان كه‌ڵك وه‌رگیراوه‌ و به‌ پێی ده‌زگای شوور پێشكه‌شكراوه‌.
ـ "مه‌قامه‌كانی هۆره‌"، به‌ پێی مه‌قامه‌كانی پیاوانی هه‌ورامی كه‌ به‌ "سیاچه‌مانه‌" ناسراوه‌ و وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی مه‌قامه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌.
ژه‌نیاری به‌ئه‌زموونی ئامێری چه‌نگ، تارا جاف، ساڵی پار سه‌ردانی ئێران كرد و له‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی ماڵی موزیكی ئێران بۆ هۆگران و قوتابیانی ئامێری چه‌نگ وۆركشۆپی فێركاریی یا ماسته‌ر كلاسی ئامێری چه‌نگی به‌ ناونیشانی "پێگه‌ی چه‌نگ له‌ موزیكی كوردی و ئێرانیدا" پێشكه‌ش كرد.
هه‌ر ئه‌و كات له‌گه‌ڵ ژه‌نیاری لاوی كورد فه‌ردین لاهوورپور، به‌ ئامێری نه‌ی و خاتوو سومه‌یه‌ عه‌باسی، به‌ ئامێری زه‌رب له‌ یه‌كێك له‌ ستۆدیۆكانی تاران به‌ ده‌نگهه‌ڵگریی ئومید ئه‌نساری، ئه‌لبوومی پێكه‌وه‌ژه‌نینی "وتووێژی چه‌نگ و نه‌ی"یان تۆماركرد.
تارا جاف، ساڵی 1958 له‌ شاری به‌غدا له‌ دایكبووه‌. له‌ ته‌مه‌نی 10 ساڵییه‌وه‌ له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی ئه‌و شاره‌ فێری ئامێری پیانۆ بوو و بنه‌مای فێربوونی ئه‌و له‌سه‌ر ئامێره‌ ژێداره‌كان، له‌وانه‌: گیتار، ماندۆلین چارانگۆ (ئامێرێكی ناوچه‌ی وڵاتی چیلی) و باغله‌مه‌ بوو.
له‌ ساڵی 1976 له‌ به‌ریتانیا نیشته‌جێی بوو و سه‌رقاڵی خوێندن له‌ لقی ده‌روونناسی بوو. دوای ته‌واوبوونی خوێندن، چاره‌سه‌ری ده‌روونی نه‌خۆشه‌كانی ده‌كرد و وانه‌كانی ئه‌و لقه‌ی به‌ قۆتابیان ده‌گوته‌وه‌.
ئه‌م ژه‌نیاره‌ كورده‌ ئامێری چه‌نگ به‌ بێی كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ مامۆستا فێربوو و بۆ ئاسایش و هێمنی خۆی و هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی له‌ وانه‌گوتنه‌وه‌ی چارسه‌ری ده‌روونی نه‌خۆشه‌كان، ئه‌م ئامێره‌ی وه‌كوو ئامێری یه‌كه‌م بۆ خۆی ده‌ستنیشانكرد.
جاف، به‌ پێی ئه‌وه‌ی كه‌ پسپۆڕی له‌ چاره‌سه‌ری ده‌روونناسیدا هه‌یه‌، له‌ پێنج ساڵی رابردوودا له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی له‌نده‌ن بۆ نه‌خۆشه‌كان و هه‌روه‌ها ستافی نه‌خۆشحانه‌كان موزیك ده‌ژه‌نێت و له‌ یه‌كێك له‌و رۆژانه‌ی كه‌ ئه‌م ژه‌نیاره‌ كورده‌ سه‌رقاڵی ژه‌نینی ئامێری چه‌نگ بۆ نه‌خۆشه‌كان بوو، كه‌ناڵی جیهانی بی.بی.سی BBC دیكۆمێنتیكی له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و رۆژه‌ی ئه‌م گۆرانیبێژ و موزیكژه‌نه‌ تۆماركرد كه‌ یه‌كێك بوو له‌ فیلمه‌ پڕبینه‌ره‌كانی ئه‌م كه‌ناڵه‌ له‌ كاتی خۆیدا.
موزیكزانی كورد فه‌ردین لاهوورپور، ساڵی 1975 له‌ شاری سنه‌ له‌ دایكبووه‌ و ده‌رچووی به‌كالۆریۆسی موزیكه‌. بۆ فێربوونی ئامێری نه‌ی و شاره‌زایی له‌ ته‌كنیكه‌كانی و هه‌روه‌ها ناسینی زیاتری موزیكی له‌ موزیكزانی ناوداری كورد جه‌مشید عه‌نده‌لیبی و هه‌روه‌ها موزیكژه‌نانی ناوداری ئێران، له‌وانه‌: ژه‌نیاری به‌ئه‌زموونی نه‌ی ئێران محه‌مه‌د مووسه‌وی، محه‌مه‌د عه‌لی حه‌دادیان، وارتان ساهاكیان و ... كه‌ڵكی وه‌رگرتووه‌.
فه‌ردین، تاكوو ئێستا له‌گه‌ڵ گروپه‌كانی "عارفان" به‌ سه‌رپه‌ره‌ستی محه‌مه‌د مووسه‌وی، "كابووكێ" به‌ سه‌رپه‌ره‌ستی گۆرانیبێژی ناوداری كورد شه‌هرام نازری، "تلوع"، "مه‌ولانا"، "عه‌نده‌لیبان"، "راز و نیاز" و ئۆركسترای سونه‌تی ته‌لاری وه‌حده‌ت وه‌كوو ژه‌نیاری نه‌ی هاوكاری كردووه‌ و له‌ ئه‌لبوومه‌كانی "خوداحافیز" به‌ ده‌نگی گۆرانیبێژی ناوداری ئێرانی عه‌لیره‌زا ئیفتخاری، "می تراود مهتاب" به‌ ده‌نگی گۆرانیبێژی لاوی ئێرانی سالار عه‌قیلی، "خروش بحر" به‌ ده‌نگی عه‌لیره‌زا ئیفتخاری، "باده‌ نوشین" به‌ ده‌نگی سالار عه‌قیلی، "رمز مستی"، "هه‌ورامان تا بادینان" و ... ئامێری نه‌یی ژه‌نیوه‌.
لاهوورپور، له‌ فێستیڤاڵی جۆراوجۆردا، له‌وانه‌: فێستیڤاڵ "مۆڵتی كاڵچراڵ" له‌ ئوسترالیا له‌ ساڵی 2005، فێستیڤاڵی موزیكی كوردی له‌ هه‌رێمی كوردستان، زنجیره‌ كۆنسێرتی جۆراوجۆر له‌ ئه‌مه‌ریكا، كه‌نه‌دا و ئوسترالیا و هه‌روه‌ها وڵاتانی ئه‌ورووپی، له‌وانه‌: فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیسپانیا و توركیا به‌ هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ "راز و نیاز" به‌ ده‌نگی سالار عه‌قیلی، كۆنسێرتی پێشكه‌ش كردووه‌.
سومه‌یه‌ عه‌باسی، ساڵی 1982 له‌ شاری تاران له‌دایكبووه‌ و ده‌رچووی به‌كالۆریۆسی موزیكه‌. بۆ فێربوونی ئامێری تار و زه‌رب و شاره‌زایی له‌ ته‌كنیكه‌كانی و هه‌روه‌ها ناسینی زیاتری موزیك له‌ موزیكژه‌نانی به‌ناوبانگی ئێران، له‌وانه‌: ژه‌نیاری به‌ئه‌زموونی تاری ئێران هووشه‌نگ زه‌ریف، جه‌ماڵ جه‌هانشاد، موحسین نه‌فه‌ر، وارتان ساهاكیان، خاتوو سودابه‌ ساڵم و محه‌مه‌د ته‌یبی كه‌ڵكی وه‌رگرتووه‌.
عه‌باسی، تاكوو ئێستا له‌گه‌ڵ گروپه‌كانی "عیرفان"، "حاوا"، "ئۆركسترای مێزرابی دێهله‌وی"، ئۆركسترای سونه‌تی ته‌لاری وه‌حده‌ت و "ئۆركسترای موزیكی نوێی" هاوكاری كردووه‌ و له‌ ئه‌لبوومه‌كانی "زاگرۆس" به‌ سه‌رپه‌ره‌ستی عه‌لیره‌زا مه‌شایخی، "برای تو" به‌ سه‌رپه‌ره‌ستی موزیكزانی كورد جه‌لیل عه‌نده‌لیبی و "وه‌ته‌ن" ئامێره‌كانی تار و نه‌یی ژه‌نیوه‌.
Top