كانی هەڵەبجەیی:لە كوردستان و ئەوروپا ئاستەنگ هەیە لە بەردەم هونەرمەند، بەڵام جیاوازن
دەربارەی ئەو ئاستەنگە جۆراوجۆرانەی كە دێنە بەردەم هونەرمەند بەتایبەتی ئافرەتان و ئایا خودی خۆی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، كانی وتی:
- لە هۆڵەندا بە سروودێك بۆ یادی هەڵەبجە دەستم بە كاری هونەری كرد، گرفتەكان لە هۆڵەندا بریتی بوون لە نەبوونی سپۆنسەر و گرفتە تەكنیكییە جیاجیاكان، لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە هیچ ئاستەنگ و گرفتم نەهاتە پێش، چونكە ئەو كارەم بۆ هەڵەبجە بووە بۆیە بە ئاسایی وەرگیرا و شتێكی وا نەكرا كە بتوان بە ئاستەنگی ناوبنێم، دواتر بڕیارمدا بگەڕێمەوە كوردستان بۆ ئەوەی زیاتر لە بواری هونەریدا كار بكەم، بۆیە گۆرانییەكم لەگەڵ حەمید عوسمان تۆمار كرد، بەڵام هەستم كرد هەندێك گرفت و ئاستەنگ هەیە لێرە زۆر زیاترە لەوەی كە لە ئەوروپا هەیە، لە كوردستان سپۆنسەر دەدۆزرێتەوە موزیكژەن زۆرن، بە هەمان شێوە لە بواری كلیپ و تەكنیكەوە هیچ گرفتێك نییە، بەڵام لە بواری كۆمەڵایەتییەوە بە داخەوە هەستم بە گرفتی گەورە گەورە كرد وەك ئافرەت پێویستە زۆر زۆر ئاگاداری پاراستنی كەسایەتی خۆت بی، تەنانەت دەگاتە هەندێك حاڵەت كە ناتوانی خۆت بی، دەبێ زۆر بە وریایانەوە مامەڵە بكەی بۆ ئەوەی خەڵك باست نەكات یان قسەت بۆ دروست نەكەن، من زۆر بە زەقی هەستم بەو ئاستەنگانە كردووە.
سەبارەت بەوەی وەك كچە هونەرمەندێك یان وەكو هەر كچێكی ئاسایی تا چەند هەستی بەو ئاستەنگانە كردووە، كانی وتی:
-بێگومان وەك هەر ئافرەتێكی ئاسایی ڕووبەڕووت دەبێتەوە، چونكە من ناتوانم بڵێم هەموو كەس من دەناسێت، كە دەچمە هەندێك شوێن جلوبەرگێكم لەبەرە بەلای منەوە زۆر ئاساییە، بەڵام كەسانێك هەن بەچاوێكی ترەوە وەكو ئافرەت سەیرت دەكەن، ئەگەر بۆ ئافرەتێكی ئاسایی ئەم ئاستەنگانە هەبن بێگومان بۆ ئافرەتی هونەرمەند زۆر زیاتر دەبن.