نەرمین كاوانی:بەهۆی نەبوونـــی كاری باش خەریك بوو كاری دۆبلاژ بكەم

نەرمین كاوانی:بەهۆی نەبوونـــی كاری باش خەریك بوو كاری دۆبلاژ بكەم
یەكێكە لەو خانمە ئەكتەرانەی كە لەكاتی نواندندا بەجۆرێك ئاوێتەی ڕۆڵەكەی و بەجۆرێك ڕۆڵەكەی دەبینێت كە لەهەموو لایەكەوە سەركەوتوو بێت و پەیامی خۆی زۆر بەباشی بەجەماوەر دەگەیەنێت، نەخاسمە لەو ڕۆڵانەی جۆرئەتێكی زۆریان تێدایە، چونكە نەرمین كاوانی بەو ڕۆڵانەی گێڕاویەتی توانیویەتی ڕچەیەك بشكێنی كە لەهونەری كوردیدا تا ڕاددەیەكی زۆر نەبینراوە، لەم دیمانەیە كورتەدا نەرمین باس لەو زنجیرە دۆبلاژكراوانە دەكات كە ئێستا لەچەندین شاشەی سەتەلایتە كوردیەكان پێشكەش دەكرێن.

خەلیل بلەیی


سەرەتا حەزمان كرد ڕاشكاوانە ڕای خۆیمان پێ بڵێ سەبارەت بە دۆبلاژكردنی زنجیرە بیانییەكان، لەوەڵامدا وتی: ڕاستە دۆبلاژكردن كارێكی قورسە و جۆرێكیشە لەهونەر، بەڵام من هەتا ئێستا لەگەڵیدا نیم، چونكە ئێمە جارێ پێویستمان بەوەیە كە كار بۆ درامای كوردی بكەین، درامای كوردی پێویستی بەو كادر و هونەرمەندانەیە كە هەموویان سەرقاڵی دۆبلاژن، ڕاستە ئەوان ئازادن، بەڵام پێویستە ئەو وزە و پارەیە بۆ درامای كوردی بێت، ئەو بودجەیەی بۆ دۆبلاژكردنی درامایەك سەرف دەكرێت پێویستە درامایەكی كوردی پێ بەرهەم بهێنرێت، چونكە ئێمەش خاوەنی كلتوور و ڕەسەنایەتی خۆمانین و دەبێ كار بۆ ناساندنی بكەین نەك وڵاتێكی تر بناسێنین.
نەرمین هەروەها دەڵێ: بینەر پێویستی بەدراما و كاری باش هەیە، بەداخەوە لەتیڤیەكانی خۆماندا ئەوە نییە، كارە باشەكان لەچەند كارێكی كەم تێپەڕ ناكەن، بۆیە زۆر جار بینەر ناچارە سەیری زنجیرە دۆبلاژكراوەكان بكات.
سەبارەت بەوەی چۆن لەكۆپی كردن مافی گۆرانیبێژ پێشێل دەكرێ، ئایا بەو شێوەیەش دۆبلاژكردن مافی ئەكتەرەكانی پێشێل دەكات، نەرمین دەڵێ: نەخێر ئەمە تا ڕادەیەك جیاوازە، چونكە دۆبلاژكردن بە ڕەزامەندی ئەكتەرەكە خۆیەتی و كەس بەزۆر پێی ناكات یان ناچاری ناكات ئەم كارە بكات، بەڵكو لەبەرامبەر بۆندێك ئەو كارە دەكات كە ئەمەش مافی خۆیەتی، بەڵام لەهەمان كاتدا وەك تۆ دەیڵێی مافی هونەرمەندێكی دیكە دەخۆی بەوەی بودجە سەرف ناكرێت بۆئەوەی كاری باش بەرهەم بهێنرێت، چونكە بە سەرفكردنی بودجە هونەرمەندان بێ ئیش نابن و بەردەوام دەبن لەكاری هونەری، ئەوكات من لەو بڕوایەدام هونەرمەندان كەم ڕوو لەدۆبلاژ دەكەن، بۆ نموونە من خۆم ئەوەندە لەنواندن دوور كەوتبوومەوە بەهۆی نەبوونی كاری باش و لەبەر حەزم بۆ كاری هونەری و ناچار بوونم، خەریك بوو بەدۆبلاژ ڕازی بم و چەندین جار داوام لێكرا، چونكە هەر هیچ نەبێ دەمتوانی بەدەنگ بەردەوام بم لەكاری نواندن.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا زنجیرە دۆبلاژكراوەكان كاریگەرییان لەسەر نەوەی داهاتوو دەبێت سەبارەت بەدرامای كوردی، پاڵەوانی زنجیرە درامای ئارەزوو دەڵێ: بێگومان كەم تا زۆر كاریگەری خۆی دەبێت، كاتێك دەبینن ئەم زنجیرانە لەهەموو كەناڵە تیڤیە كوردییەكان پەخش دەكرێن، دەپرسن ئەم كارانە چین و بۆچی پەخش دەكرێن؟ هەروها پرسیاری ئەوەیان لا دروست دەبێت بۆچی ئێستا لەنێو كورددا كاری درامای دۆبلاژكراو لەدراما كوردییەكان زیاترە؟ ئەمەش خۆی لەخۆیدا كارەساتێكە، هەروەها مافی خۆیانە ئەو پرسیارەش بكەن بۆچی ئەم زنجیرە دۆبلاژكراوانە لەئاستێكی وا بەرزدان و بۆچی ئەم هەموو بودجەیەی بۆتەرخان دەكرێت، یان ئایا ئێمەی كورد ئەكتەری ئاوامان نییە؟ ئیتر ئەم هەموو پرسیارە لەزەینی نەوەی داهاتوودا دروست دەبێت و نازانێت بۆ كوێیان دەبات، ئا لێرەوە ئەم نەوەیە گومانی دەبێت لەخودی هونەر و هونەرمەندانی كورد، بەڕای من مافی خۆشیەتی كە بەم جۆرە بیر بكاتەوە كاتێك تەنیا ئەم زنجیرانە دەبینێت.
سەبارەت بەبوونی ئافرەت لەهونەری كوردی كە ئایا وەك پێویستە نەك لەڕووی ژمارەوە، بەڵكو لەئاستی كارەكان، نەرمین كاوانی دەڵێ: دیارە كچ زۆر هاتوونەتە بوارەكەوە و كاری نواندن ئەنجام دەدەن، بەڵام ناتوانین بڵێین هەموویان هونەرێكی ڕاستەقینە دەكەن و خزمەت بە بوارەكە دەگەیەنن، نەخێر زۆربەیان كارەكانیان كرچ و كاڵە و پێویستیان بە خۆ دروستكردن هەیە، چونكە كاری نواندن ئەوەندە ئاسان نییه، هەر كەسێك وتی جوانی و حەزی بە دەركەوتن و بوون بە ئەستێره بێت نواندن بكات، نەخێر ئەمە بیركردنەوەیەكی هەڵەیە، چونكە نواندن زۆر لەوە گەورەتره كە ئاوا سەیری بكەین، نواندن ماندوبوونە، خۆشەویستییه، قوربانیدانە، بۆیە لێرەشەوە تكا لە دەرهێنەركانمان دەكەم كەسانی پرۆفیشناڵ و بەتوانا دابنێن با دوای ڕووخسار نەكەون، چونكە كارەكانیان كرچ و كاڵ دەبێت.









Top