ئالان عومه‌ر:هونەرمەند پشتیوان و واستەی نەبێت كارەکانی دەوەستن

ئالان عومه‌ر:هونەرمەند پشتیوان و واستەی نەبێت كارەکانی دەوەستن
خانمە هونەرمەند ئالان عومەر، چەند ساڵێكە كوردستانی جێهێشتووە و لەوڵاتی سوید نیشتەجێیە، دەرچووی پەیمانگای پزیشكییە بەشی سڕكردن، ساڵی 1998 لەگەڵ تیپی هونەری مۆسیقای هەولێر دەستی بەكاری هونەریی كردووە و یەكەم گۆرانی بەناوی «مەرزان»ە كە بەرهەمێكی فۆلكلۆرە، ئێستا خاوەنی پێنج ئەلبوومی بڵاوكراوەیە، لەماوەی ئەو چەند ساڵەی كە هاتۆتە نێو بواری گۆرانی ئالان عومەر یەكێكە لەو دەنگە دیارانەی كە ماوەیەكی زۆرە لەبواری هونەری گۆرانیدا كار دەكات و وەك ژنە هونەرمەندێك جێ پەنجەی دیاری هەبووە.




*دوایین كاری هونەریت چییە؟
-ئێستا پرۆڤەی چەند بەرهەمێکی تازە دەکەم، کە لەشێوازی وتن و ستایل جیاوازە لەکارەکانی ترم، یەکێک لەو بەرهەمانە بۆ کەرکوکە، لەو بەرهەمەدا هەوڵم داوە ئەو خۆشەویستییەی خەڵکی کەرکوک هەیان بووە بۆ شارەکەیان، کە وێڕای هەرچی زوڵم و زۆر و هەوڵی ناچارکردنیان بۆ جێهێشتنی شارەکەیان، ئەوان لەو شارە ماونەتەوەو جێیان نەهێشتووە، منیش لەڕێی ئەم بەرهەمەوە بەزمانی عاشقانە و بەناسکی هونەر و ژن بوون، ئەم هەڵوێست و خۆشویستنەیان زیاتر بەبیردێنمەوە، چونکە ئێستاش هەمان هەوڵی ناچارکردنیان بەردەوامی پێدەدرێت و ئەوانیش خۆڕاگرانە باوەشیان بەشارەکەیاندا کردووە.
* تا چەند توانیوتە خۆت لەگەڵ ژیانی ئەوروپادا بگونجێنی؟
-سەرەتا کەهاتمە سوید هەموو شت سەخت بوو بۆ من، چونکە لەنەریتێکی جیاواز و وڵاتێکی جیاوازەوە هاتبووم، کاتێک ئینسان بەسەفەر دەچێتە وڵاتێک وەک پێویست ئاشنا نابێت بەو جیاوازییانە، بەڵام کاتێک لەوێ دەست بەژیان دەکەیت وردە وردە جیاوازییەکان دەردەکەون، من زمانی سویدیشم نەدەزانی بۆیە سەخت بوو سەرەتا، چونکە زمان کلیلی تێکەڵبوونتە بەکۆمەڵگەیەکی تازە، فێربوونی زمان زۆر گرنگە، چونکە زمان نهێنی کۆدە جیاوازەکانت بۆ ئاشکرا ئەکات، ئاسانکاریت بۆ دەکات لەتێگەشتنیان، بەڵام ئێستا دەتوانم بڵێم بەهۆی ئەوەی ئەم ماوەیەی کەلێرەم بەردەوام بۆ زمان خوێندومە، لەئاستێکی باشدام و توانیومە خۆگونجانێک دروست بکەم.
* وەك ئافرەت دیارترین ئاستەنگ چییە كە دێتە سەر ڕێگات؟
-نازانم وەک ئافرەت لەکام ڕووەوە دەڵێی، ئەگەر مەبەستت ئافرەت بێت بەگشتی، ئەوە دەبێت ژیان بکەمە دوو بەش لەباسکردنی، ژیان لەکوردستان و ژیان لەئەوروپا.
بۆ نموونە، ئەوکاتی کە لەکوردستان بووم وەک ئافرەتێک لەدەرەوەی هونەر هەموو شت ئاسان نەبووە بۆم، وەک ئەوەی ئافرەت لەدەرەوەی فەرمانگە حکومییەکان دەرفەتی کاری کەمتری بۆ ئەگونجێت، ئاسان نییە ئافرەتێک بتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ژیان بەتەنیا دروست بکات، زۆر ڕێگری تر کە منیش بەشێک بووم لەو ئافرەتانە و بەشی خۆم ناخۆشیم بەرکەوتووە.
ئێستاش لەئەوروپا شتەکان پێچەوانەن، دەرفەتی کار هەمان دەرفەتە کە بۆ پیاوان هەیە، مەگەر ڕێژەیەکی کەم جیاوازی هەبێت، ژن ئەتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بۆخۆی بژی و وەک خۆی بیربکاتەوە، لێرەش لەم ئاسانکارییانە وەک ژنێک لێی بەهرەمەندم.
لەباری هونەریشەوە پێموایە جیاوازی لەنێوان ئافرەت و پیاو نییە، ئەو هونەرمەندی پشتیوان و واستەی نەبێت دەبێت کارەکانی بوەستن، و زۆر سەختە هونەرمەند بتوانێ ئەو خەرجییە زۆرەی هونەر لەسەر حسابی خۆی دابین بکات، خۆتان باشتر دەزانن لەکوردستان حکومەت گرنگی زۆر بەهونەر دەدات، بەڵام تەنیا ئەوانە لەو گرنگییە بەهرەمەندن، کە واستەیان هەیەو دەستیان پێی ئەگات، ئەوان لەسایەی ئەو گرنگییەی حکومەت ڕەنگە بتوانن ساڵانە دوو ئەلبومیش بەرهەم بهێنن، بەڵام ئەوانەی دەستیان پێی ناگات و بێ واستەن ئەوە زۆر بەسەختی ئەتوانن چەند کارێکیش بکەن.
* ئەی لەڕووی هونەرییەوە بواری پێشكەوتنی هونەرمەندێكی ئافرەت لەئەوروپا چۆنە؟
-لێرە هەموو دەرگاکان کراوەن، دەتوانی کۆرسات وەربگریت بۆ ئەوبوارەی دەتەوێ تێیدا پێشبکەویت، بۆ هونەرمەندانی خۆیان بێگومان هەرچی ئاسانکارییە هەیە، چونکە لێرە هەرچی شتە لەسەر سکەی خۆی بەڕێوەدەچێت و گرنگی خۆیی هەیە، بەڵام ئەمە شمولی هونەرمەندی کورد ناکات، بۆ؟ چونکە ئێمە لێرەین لەئەوروپا و هونەر بۆ ئەوێ ئەکەین بۆ کوردستان، با خۆشمان پێشبخەین، چی واتایەکی جوانتر بەهونەرەکەمان ئەدات، ئاخر خۆ هونەر تەنیا پێشکەوتن نایکات، با من بتوانم تا ئەوپەڕی پێشکەوتنی هونەر بڕۆم لەعیلم و خوێندن و خۆ فێرکردن، کە توانای مادی بەرهەمهێنانم نەبوو ئەتوانم چی بکەم؟، ئاخر خۆ ئێمە ئەگەر لەئەوروپاشین، هونەر بۆ کوردستان دەکەین، ئەو ئاسانکاری و داهاتەی بۆ هونەرمەندێکی ئەورپی هەیە بۆ ئێمە نییە، با لەئەوروپاش بین و با بووبینە هاووڵاتی وڵاتێکی ئەوروپیش، چونکە ئێمە بەکوردی هونەر دەکەین و خزمەتی هونەری کوردی ئەکەین، بۆیە ئەو نا دادییەی کە لەپشتگیری هونەردا لەکوردستان هەیە وا دەکات، هونەرمەندی کورد دەستەوەسان بکات، وا دەکات زانایەك لەهونەردا بکاتە نەزان و نەزانێک بکاتە زانا.
* لەئەوروپا بوار هەبووە لەڕووی ئەكادیمییەوە زیاتر لەهونەر بخوێنی؟ چی لەئەوروپا سەرنجی زۆر ڕاكێشای؟
-تا ئێستا ئەم ماوەیەی کە لەئەوروپام خەریکی خۆ فێرکردن و خوێندن بووم بۆ زمانی سویدی، بۆیە بەداخەوە ئەو دەرفەتەم بۆ نەهاتۆتەپێش کە لەبواری زانستی هونەردا بخوێنم، بەڵام وەک وتم لێرە ئاسانکاری زۆرە و لەپرۆژەمدایە لەو بوارەدا خۆم قاڵ بکەمەوە، ئەوەی کە زۆر جێی سەرنجمە میهرەبانی و بەخشندەیی خەڵکی ئەم وڵاتەیە، بەتایبەت لەگەڵ منداڵ و پیرەکان، زۆر سەرسامم بەسیستەمی وڵاتەکەیان و پێشکەوتنیان.
* بيری چ شتێكی كوردستان دەكەی؟
- بیری هەموو شتێکی کوردستان ئەکەم بەجوانی و ناشیرینیەکانیەوە، ڕەنگە بپرسن کە بیری دەکەی بۆ جێت هێشت؟ بێگومان جێهێشتنی کوردستان بۆ من و هەر کوردێک بەشێک بووە لەناچاری، بەتایبەتی بۆ من وەک هونەرمەندێک ناچاری بووە، ئەگەرنا ئینسان لەناو خەڵکی خۆیدا بێت باشتر لەخەڵک دەگات و دەزانێ هەستەکانیان چییە و ڕوونتر و نزیکتر لەرۆحیان ئەتوانێ گۆرانی بڵێت، بیری هاورێکانم و بیری کەسو کارم دەکەم، بیری کوردستان ئەکەم بەگشتی.




Top