نەوال زوغبی دان بەهەڵەكەی خۆی دەنێت

نەوال زوغبی دان بەهەڵەكەی خۆی دەنێت
خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی نەوال زوغبی ڕایگەیاند زۆر جار دووركەوتنەوە لەڕاگەیاندنەكان زیان بەهونەرمەند دەگەیەنێت، هەرچەندە هەندێك لەهونەرمەندان پێیانوایە پێچەوانەی ئەمە ڕاستە.
سەبارەت بەئەزموونی خۆی لەم بارەیەوە نەوال دەڵێ: من كاتێك بڕیارمدا لەڕاگەیاندن دوور بكەومەوە بۆ ماوەیەك، بەڵام زۆری نەبرد كە بەهەموو شێوەیەك پڕوپاگەندەی جیاجیا دژی من كرا كە زۆر لەڕاستییەوە دوور بوو و ناچار بووم بۆ بەرگری كردن لەخۆم و ڕاستكردنەوەی شتەكان پەنا بۆ ڕاگەیاندن بەرم، بەڵام ڕاگەیاندنێك كە من بە(شەریف)ی ناو دەبەم.
سەبارەت بەهۆكارەكانی دووركەوتنەوەشی نەوال دەڵێ: بارودۆخی تایبەتی خۆم یەكێك لەهۆكارەكان بوو، چونكە زۆر پرسیاری نەشتەرگەری جوانكاری و منداڵەكانم لێدەكرا، تەنانەت باسی ئەوەش كرا منداڵەكانم تەندروستییان زۆر خراپە، ئەمەش زۆر بێزاری كردم، چونكە هیچ پێوەندی بەهونەرەوە نەبوو، سەبارەت بەنەشتەرگەری جوانكاریش لای من زۆر ئاساییە، چونكە هەموو كەسێك ئازادە چیدەكات و چی ناكات و ڕۆژانە هەزاران كەس ئەنجامی دەدەن، من خۆم یەكێكم لەوانەی لەتەمەنی 16 ساڵیدا نەشتەرگەری جوانكاری لوتم كردووە و زۆریش بەلامەوە ئاساییە، چونكە باری تەندروستیم تەواو نەبوو و زۆریش پێویستم بەنەشتەرگەری لوت هەبوو و لەسەر ڕاسپاردەی پزیشكی تایبەت ئەنجاممداوە، بەڵام نازانم بۆچی هەندێك لەمیدیاكان كە باسی نەشتەرگەری لوتم دەكەن وەكو خۆی باسی ناكەن تەنیا دەڵێن: نەوال نەشتەرگەری ئەنجامداوە.
Top