دەشنێ به‌ هەلیکۆپتەر کلیپی کرد

دەشنێ به‌ هەلیکۆپتەر کلیپی کرد
لە مانگی رابردوودا، وەک یەکەمین گۆرانیبێژ لە کوردستان (دەشنێ موڕاد) بە هەلیکۆپتەر لە شاری هەولێر کلیپی کرد و بڕیارە بەم نزیكانە کلیپەکە بڵاو بکرێتەوە.

(دەشنێ) پێشتر دوو ئەلبومی گۆرانیی بڵاو كردەوە، كە سەرجەم میلۆدییەكانی لە لایەن ئاوازدانەرێكه‌وه‌ ئامادە كرابوون، بەڵام ناوبراو لە بارەی چۆنیەتیی كاركردنی لەگەڵ ئاوازدانەری دیکه‌دا بە (هەولیر)ـی گوت: “لەمەودوا ئاوازی یەك ئاوازدانەر بەكار ناهێنم، دەمەوێ بەرهەمەكانم ڕەنگاوڕەنگ بن و ئەزموونی چەند ئاوازدانەرێك تاقی بكەمەوە. هاوكات هەموو بەرهەمەكانی خۆمم خۆش دەوێت.

ئەم گۆرانییە تازەم لە هۆنراوه‌ و میلۆدییه‌که‌ی هونەرمەندی رۆژهەڵاتی كوردستان “ئامانج” دایناون، هاوكات هۆنراوه‌ و میلۆدیی گۆرانییە ئینگلیزییەكەیشم “گۆران كەی” دایناون و ئێستایش كار بۆ بەرهەمهێنانی گۆرانییەكی تری ئینگلیزی دەكەم”.

(دەشنێ) بۆ “هەولیر” گوتیشی: “زۆر دڵخۆشم کە توانیم وەک یەکەمین هونەرمەندی کورد، دوای ماوەیەکی زۆر ماندووبوون بە هەلیکۆپتەر لە نێو کوردستاندا کلیپ بکەم”.

زیاتر گوتی:“کلیپەکە کاری وێنەگرتنی لە مانگی رابردوودا ته‌واو بووه‌، هاوکات ئێمە ماوەیەک خەریک بووین تا رێگەپێدانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانمان وەرگرت”.

(دەشنێ) ئەوەشی گوت: “ئێمە ویستمان کلیپێک بە هەلیکۆپتەر لە کوردستان بکەین، بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە جوانی و سروشتی کوردستان پێشان بدەین و وەک رێکلامێک بۆ بانگەشەی گەشتیاری بەکار بهێندرێت”.

لەبارەی گۆرانییەکەیه‌وه‌ ناوبراو گوتی:“گۆرانییەکی نوێیە و بەرهەمی کۆمپانیای ڤین پرۆدەکشنە. هۆنراوه‌ و میلۆدییەکەی لە لایەن هونەرمەند “ئامانج” ئامادە کراوە، هاوکات لە ستۆدیۆی رۆژی شاری هەولێر دەنگەکەی تۆمار کراوە و کلیپەکەیش بە سپۆنسەریی BMB Group لە لایەن ستافی Vin Production هاتووه‌تە ئەنجامدان”.

لای خۆیەوە، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای “BMB Group” بە (کوردمیلۆدی)ی گوت: “زۆر خۆشحاڵین کە بەهاوکاریی “ڤین پرۆدەکشن” توانیمان بۆ یەکەمین جار کلیپێک لە کوردستان بە هەلیکۆپتەر وێنە بگرین، ئێمە دەمانتوانی ئەو کلیپە زۆر بە ئاسانی لە ئەورووپا وێنە بگرین، بەڵام ویستمان لە کوردستان بێت و گرووپێکی کوردی کار بۆ سرووشتی کوردستان بکات”.

ئەوەیشی گوت: “وێنەگرتنی کلیپەکە مانگێک بەر لە ئێستا ته‌واو بووه‌ و لە داهاتوویه‌کی نێزیکدا بڵاو ده‌کرێته‌وه‌”.
شایەنی باسە ئەم کلیپە لە دەرهێنانی دەرهێنەر “کاوە عادل” و سپۆنسەری BMB Group و جێبەجێکردنی Vin Production ـە.
Top