پێچه‌وانه‌ی كه‌نداو له‌ درامایه‌كی كوردیدا پیاوان چاویان بڕیوه‌ته‌ پاره‌ی ئافره‌تێك

پێچه‌وانه‌ی كه‌نداو له‌ درامایه‌كی كوردیدا پیاوان چاویان بڕیوه‌ته‌ پاره‌ی ئافره‌تێك
بڕیاره‌ مانگی ره‌مه‌زان له‌ له‌ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌كانی كوردستان، زنجیره‌ درامایه‌ك په‌خش بكرێ كه‌ باس له‌ ئافره‌تێكی زه‌نگین ده‌كات و، چه‌ندین پیاو چاویان بڕیوه‌ته‌ پاره‌كه‌ی.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكی كۆمپانیای به‌رهه‌م هێنه‌ری دراماكه‌، كه‌ كۆپییه‌كی بۆ (رووداو) نێردراوه‌، له‌باره‌ی دراماكه‌ ده‌ڵێ “زنجیره‌ درامای (دوا بڕیاری یه‌عقوب) كه‌ زنجیره‌ درامایه‌كی نوێیه‌و له‌ لایه‌ن كۆمپانیای "بابلیۆن" به‌رهه‌م ده‌هێندرێت، له‌ مانگی ره‌مه‌زانی ئه‌مساڵ له‌ كه‌ناڵی ئاسمانی "كۆڕه‌ك تیڤی" دێته‌ پێشاندان”.

ده‌رباره‌ی ژماره‌ی ئه‌ڵقه‌كان و ده‌رهێنه‌ر و ئه‌كته‌ره‌كان، رایده‌گه‌یه‌نن “دوا بڕیاری یه‌عقوب، زنجیره‌ درامایه‌كی ٤٠ ئه‌لقه‌ییه‌و له‌ لایه‌ن (لوقمان غه‌ریب) كاری ده‌رهێنانی بۆ ده‌كرێت، هاوكات ٦٥ ئه‌كته‌ری به‌توانای كورد به‌شدارییان تێدا كردووه‌”.

چیرۆكی دراماكه‌ بریتییه‌ له‌ “گێڕانه‌وه‌ی باسی ئافره‌تێكی پاره‌دار كه‌ چه‌ند پیاوێك چاویان بڕیوه‌ته‌ سامانه‌كه‌ی و، بۆ گه‌شتن به‌و ئافره‌ته‌ هه‌موو رێگه‌یه‌ك تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌، كاره‌كته‌ری یه‌عقوبیش له‌ نێو درامایه‌ پیاوێكه‌ كه‌ سوێندی خواردووه‌ سه‌رجه‌م راستییه‌كان بدركێنێت”.

به‌رهه‌مه‌مهێنانی درامایه‌كی كوردی له‌ لایه‌ن كۆمپانیای "بابلیۆن" له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ له‌ ئێستادا گرنگییه‌كی زۆر به‌ دراما بیانییه‌كان ده‌درێت و لاوازی له‌ به‌رهه‌مهێنانی درامای خۆماڵی هه‌یه‌، هاوكات له‌ رێگه‌یه‌وه‌ كه‌لتور و رۆشنبیری كوردی له‌ پێناو زیندوو مانه‌وه‌ی پێشان ده‌درێت و هانده‌رێكیش ده‌بێت بۆ به‌رده‌وامبوونی ئه‌كته‌ره‌كان.

دوا بڕیاری یه‌عقوب كه‌ له‌ به‌رهه‌می كۆمپانیای "بابیلۆن" ـه‌و له‌ ئێستادا له‌ قۆناغی مۆنتاژدایه‌و له‌ مانگی ره‌مه‌زان پێشان ده‌درێت.
Top