ئاراس : چه‌ند ساڵێكه‌ خۆم بۆ پڕۆژه‌یه‌كی هونه‌ری گه‌وره‌ ئاماده‌ ده‌كه‌م

ئاراس : چه‌ند ساڵێكه‌ خۆم بۆ پڕۆژه‌یه‌كی هونه‌ری گه‌وره‌ ئاماده‌ ده‌كه‌م
دوای دابڕانێكی زۆر له‌ گۆڕه‌پانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ندی به‌ توانا ئاراس فه‌تاح ماوه‌یه‌ك به‌ر له ‌ئێستا سروودێكی نوێی بڵاو كردۆته‌وه‌ به‌ناوی (كوردستانی من) هه‌روه‌ها خۆی ئاماده‌ ده‌كات بۆ پڕۆژه‌یه‌كی هونه‌ری نوێ كه‌ خۆی له‌ فیلمێكی نمایشی مۆسیقیدا ده‌بینێته‌وه‌، ئاراس له‌ نزیكه‌وه‌ ورده‌كارییه‌كانی ئه‌م پڕۆژه‌ هونه‌رییه‌ و سرووده‌ نوێیه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ بۆ خوێنه‌رانی گوڵان خسته‌ روو.
سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نێو بواری گورانی وتن دوای چه‌ند ساڵێك دووركه‌وتنه‌وه، ئاراس ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو كه‌ خه‌ریكی پڕۆژه‌ی فیلمێكی نوێیه‌ و ده‌ڵێ: ماوه‌ی چه‌د ساڵێكه‌ هه‌موو كاتی خۆم بۆ فیلمێك ته‌رخان كردووه‌، فیلمه‌كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر گۆرانی له‌ خۆ ده‌گرێت و تا ئێستا زۆر له‌ گۆرانییه‌كان ئاماده‌ن و ته‌واو بوون، ئه‌و سرووده‌ نیشتیمانیه‌ش كه‌ به‌ ناوی (كوردستانی من)ـه‌ دوایین گۆرانی فیلمه‌كه‌یه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌م دوا ده‌كه‌وێت و خۆیشم ماوه‌ی چوار ساڵه‌ له‌ بازاڕی گۆرانی دابڕاوم، بۆیه‌ بڕیارمدا یه‌كه‌مجار ئه‌و سرووده‌ بڵاوبكه‌مه‌وه‌ و وه‌ك دیارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ هه‌موو كوردێكی بكه‌م له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان.
ئاراس وای ده‌بینێت كه‌ ئێستا كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ سترانه‌ نیشتیمانیانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ و گه‌نجانی كورد گوێی لێبگرن و دووباره‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ دڵ و ده‌روونی گه‌نجه‌كان گه‌شه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ئێستا هه‌ست ده‌كرێ ئه‌و ئینتیمایه‌ بۆ نیشتیمان نه‌ماوه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ گه‌نجه‌كان، ئاراس هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی یاخود شكاندنی ئه‌و دابڕانه‌ ده‌ڵێ: كاتێك هونه‌رمه‌ند جا به‌ هه‌ر هۆكارێك بێت له‌ هونه‌ر دوور ده‌كه‌وێته‌ و دووباره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، پێویسته‌ به‌ هونه‌رێكی نوێ بگه‌ڕێته‌وه‌ نه‌ك به‌ هه‌مان رێچكه‌ و ستایلی پێشووی، پێموایه‌ ئه‌م سرووده‌ی نوێیه‌ش وه‌ك دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌یه‌كی نوێ كارێك باش ده‌بێت و ئه‌و بۆشاییه‌ كه‌ له‌ دوای خۆم جێمهێشتبوو له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا پڕی ده‌كاته‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌م سرووده‌ نوێیه‌ كه‌ به‌م دواییه‌ تۆماری كردووه‌ ئاراس ده‌ڵێ: ئه‌م سرووده‌ نوێیه‌ به‌ ناوی (كوردستانی من)ـه‌، پێشتر له‌ ساڵی 1988 هونه‌رمه‌ند هۆگر فاتیحی برام به‌ ناوی (سه‌ر كز ناكه‌م) له‌ رووسیا ئاماده‌ی كردووه‌ و له‌ ساڵی 1998 بۆ یه‌كه‌مین جار بڵاوكرایه‌وه‌ و كلیپیشی بۆ كرا، ئه‌و كات به‌ موزیكی زیندوو كاره‌كه‌مان كرد به‌ ئیقاع و گیتار، منیش به‌ شێوازێكی نوێتر یاخود بڵێم به‌ شێوازی خۆم به‌ ده‌ستكاری كردنی به‌شێك له‌ ئاوازه‌كه‌ی تۆمارم كرده‌وه له‌ ئاستێكی جیهانی به‌رزه‌، نزیكه‌ی 40 كه‌س له‌م سرووده‌دا به‌شدارن. تێكست و ئاوازه‌كه‌ی هۆگر فاتیحه‌ و به‌شێكی تێكسته‌كه‌ش هی كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌ و كۆپله‌ی سێیه‌می سرووده‌كه‌ش هی مامۆستا عه‌بدوڵڵا په‌شێوه‌، هه‌روه‌ها پێداچوونه‌وه‌ی هه‌موو تێكسته‌كه‌شی كردووه‌، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند خۆشناو به‌شێكی له‌ سۆرانییه‌وه‌ كردۆته كرمانجی، له‌ دابه‌شكردنی گۆرانییه‌كه‌ (های) كه‌ هاوڕێیه‌كی ڤێتنامی منه‌ یارمه‌تی داوم و تۆمار كردنی كۆرسه‌كه‌ی هه‌ولێریشی بۆ كردم، بۆ تۆمار كردنی ده‌ف و ده‌هۆڵ و كۆرسی سلێمانیش كاك كارزان مه‌حمود له‌ سلێمانی یارمه‌تیدام، كاوه‌ شێخیش له‌ سوید ده‌نگی منی تۆمار كرد و یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین ئه‌ندازیارانی ده‌نگ له‌سه‌ر ئاستی جیهان كه‌ ناوی لینورد ئۆسلونده‌ له‌ حه‌فتاكان میكسی گرووپی (ئابا)ی كردووه‌. بیورن ئینگلمان له‌ یه‌كێك له‌ كۆمپانیا ناوداره‌كانی جیهان به‌ناوی (كه‌تینگ گروپ) كار ده‌كات ئه‌ویش ماسترینگی بۆ زۆر له‌ هونه‌رمه‌نده‌ ناوداره‌كانی جیهانی كردووه‌.
سه‌باره‌ت به‌ فیلمه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ئاراس ده‌ڵێ: ئه‌م فیلمه‌ ده‌بێته‌ یه‌كه‌م فیلمی (نمایشی مۆسیقی) كه‌ بۆ گه‌وره‌ و منداڵانه‌، به‌ڵام زیاتر بۆ منداڵانه‌، ئێستا زۆربه‌ی كاره‌ پێویسته‌كانی ئه‌م فیلمه‌ ئاماده‌ كراوه‌، چونكه‌ زه‌حمه‌تترین شت له‌و جۆره‌ فیلمانه‌ هه‌ڵبژاردنی گۆرانییه‌، من تا ئێستا 40 گۆرانیم هه‌ڵبژاردووه‌ و هه‌مووشیان ئاماده‌ن، به‌ڵام گۆرانییه‌كان مه‌رج نییه‌ هه‌موویان له‌ فیلمه‌كه‌دا به‌كار بهێنرێت له‌وانه‌یه‌ 20-30 چركه‌ی هه‌ر گۆرانییه‌ك له‌ فیلمه‌كه‌دا به‌كاربهێنرێت، گۆرانییه‌كانیش تێكه‌ڵن له‌نێوان گۆرانی فۆلكلۆری و نوێ، زۆربه‌ی گۆرانییه‌كان من ده‌یڵێم ته‌نیا فۆلكلۆره‌كان نه‌بێت كه‌ هه‌ندێك هونه‌رمه‌ندی دیكه‌ی به‌شداری ده‌كه‌ن یه‌ك له‌وانه‌ مامۆستا هۆمه‌ری دزه‌یی.
سه‌باره‌ت به‌ ستافی فیلمه‌كه‌ كه‌ ئایا كورد ده‌بن یاخود له‌ ده‌ره‌وه‌ دێن هونه‌رمه‌ند ئاراس وتی: تا ئێستا بڕیارم نه‌داوه‌، چونكه‌ من سیناریۆكه‌م داناوه‌ وهه‌ر خۆیشم له‌وانه‌یه‌ ببمه‌ ده‌رهێنه‌ر، به‌ڵام زه‌حمه‌ته‌ من له‌ فیلمه‌كه‌دا به‌شدار بم و ده‌رهێنه‌ریش بم، بۆیه‌ پێویسته‌ ده‌رهێنه‌رێكی ئاست به‌رز بهێنم كه‌ وه‌ك ده‌رهێنه‌ری دووه‌م به‌شدار بێت و ئه‌و كاره‌ی پێویسته‌ من بیكه‌م له‌ پشت كامیرا ئه‌و بیكات، حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ش كورد بێت، بۆیه‌ش پشت به‌ ده‌رهێنه‌ری كورد ده‌به‌ستم، چونكه‌ كاره‌ تیۆریه‌كه‌ من ده‌یكه‌م، به‌ڵام لەلایەكی پراكتیكییه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌ واتا من رێنمایی ده‌كه‌م بۆ چۆنیه‌تی كار كردن و ئه‌و ته‌نیا رێنماییه‌كانی من جێبه‌جێ ده‌كات.
سه‌باره‌ت به‌ پێشبینی كردنی بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م فیلمه‌ كه‌ به‌ یه‌كه‌م فیلمی (نمایشی مۆسقی) كوردی داده‌نرێت ئاراس ده‌ڵێ: به‌ر له‌و فیلمه‌ فیلمێكی تری له‌و جۆره‌م به‌رهه‌مهێنا به‌ناوی (خه‌په‌ گیان) كه‌ ماوه‌كه‌ی ته‌نیا نیوكاتژمێر بوو، به‌ڵام ئه‌م فیلمه‌ ماوه‌كه‌ی دوو كاتژمێره‌، من كارێك ناكه‌م ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ركه‌وتنی دڵنیا نه‌بم، چونكه‌ من كه‌سێكی پێرفیكشینیستم بۆ نموونه‌ش من ماوه‌ی دوو ساڵ و نیوه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌و سرووده‌م تا زۆر دڵنیا نه‌بووم كه‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت بڵاوم نه‌كرده‌وه‌ و دڵنیابوونه‌كه‌شم گه‌یشت ئه‌و ئاسته‌ی لێی بێزار بم.
ئاراس له‌گه‌ڵ بڵاوكردنی سرووده‌كه‌ داوا له‌ كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان ده‌كات كه كلیپ بۆ‌ ئه‌و سرووده‌ی نه‌كه‌ن، سه‌باره‌ت به‌م داوایه‌ی ده‌ڵێت: راسته‌ لێره‌ش دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ داوا له‌ گشت كه‌ناڵه‌كان ده‌كه‌م سرووده‌كه‌ كلیپ نه‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌موو كلیپه‌كانی كوردستان زۆر له‌ یه‌ك ده‌چن و جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌، هه‌روه‌ها من خۆم بڕیارمداوه‌ كلیپێكی زۆر جوان و گه‌وره‌ی بۆ بكه‌م كه‌ شایسته‌ی ئه‌و سرووده‌ بێت، و نامه‌وێ ئه‌و سرووده‌ ببێت به‌ موڵكی كه‌ناڵێك یان لایه‌نێك، چونكه‌ بۆ هه‌موو كوردستانه و پێویسته‌ حكومه‌ت كلیپ بۆ ئه‌م سرووده‌ بكات.
سه‌باره‌ت به‌ واده‌ی ده‌ستپێكردنی فیلمه‌كه‌ش ئاراس ده‌ڵێ: بێگومان پڕۆژه‌كه‌ زۆر دواكه‌وت ئه‌مه‌ش بۆ دواكه‌وتنی هاوكاری كردنی فیلمه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ر كاتێك هاوكارییه‌كه‌ به‌ ته‌واوی گه‌یشت ئه‌و كات په‌نا به‌ خوا له‌ به‌هاری داهاتوودا ده‌ست به‌ وێنه‌گرتنی ده‌كه‌ین و به‌شی هه‌ره‌ زۆریش دیمه‌نه‌كانیش له‌ كوردستان وێنه‌ ده‌گیرێن ته‌نیا له‌ كۆتاییه‌كه‌ی به‌شێكی بچووكی له‌ ئه‌وروپا وێنه‌ ده‌گرین به‌تایبه‌تی له‌ وڵاتی سوید، فیلمه‌كه‌ش پێشكه‌ش به‌ منداڵانی كوردستانی ده‌كه‌م و نیازی ئه‌وه‌م نییه‌ له‌ فیستیڤاڵه‌كاندا به‌شداری پێبكه‌م و كه‌ ته‌واو بوو ئه‌و كات شێوه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌كه‌شی روون ده‌بێته‌وه‌.
له‌ كۆتاییشدا ئاراس موژده‌ی به‌ هه‌وادارانی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی خۆیدا كه‌ دوای مانگێك گۆرانییه‌كی نوێ بڵاوده‌كاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هیچ نه‌بێ كه‌مێك خۆشی و شادی بخاته‌ دڵیانه‌وه‌.

Top