تیرێژ:دەستـخـۆشـی جـەمـاوەر گەورەتــرین سەرمایەیە
ئێستا تیرێژ لەباشووری كوردستان نیشتەجێیە، ئەمەش هەنگاوێكی باشە بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر پەرە بەكارە هونەرییەكانی بدات و سوود لەهونەرمەندانی ئێرە وەربگرێت، تیرێژ لەدیمانەیەكی كورتدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان هاتە ئاخافتن.
هەر كەسێك لەئێمە لەژیانیدا پەیڤێك هەیە كە زۆر حەز لەبیستنی بكات یان دووبارەی بكاتەوە، تیرێژ وەك خۆی دەڵێت زۆر حەز لەپەیڤی خۆشەویستی دەكات و بەپێچەوانەوەشەوە زۆر ڕقی لەجیابوونەوەی دوو كەسە جا هەر چییەك بن، بۆیەش زۆر ڕقی لەجیابوونەوەیە وەك كردار و وەك پەیڤیش، هەروەها تیرێژ پێیوایە ئاساییە هەر مرۆڤێك لەژیاندا هەڵە بكات، بەڵام پێویستە سوود لەهەڵەكانی وەربگرێت و دووبارە كردنەوەی هەڵە زۆر توڕە و بێزاری دەكات.
تیرێژ دەڵێ: یادگارییەكانی منداڵێم هەرگیز بیر ناچنەوە بۆیە گەڕانەوە بۆ ئەو یادگاریانە دەمگرێنێ، چونكە لەتەمەنی منداڵیدا هەموو كەس حەز و ئارەزووەكانی دیار دەبن و هێڵە گشتییەكانی دواڕۆژ بۆخۆی دادەنێت، منیش هەر لەمنداڵییەوە ئاواتم ئەوە بوو ببم بەگۆرانیبێژ و هەرچی لەناخمدا هەیە دەمویست بەگۆرانی دەریببڕم و گۆرانی بۆ هەموو كەس بڵێم، لەبەرامبەردا شادی و بەختەوەری وام لێدەكات كە هەمیشە پێبكەنم و زەردەخەنە لەسەر لێوانم بێ.
هونەرمەند هەمیشە چاوی لەدەستخۆشی و هاندانی خەڵكە بۆ كارە هونەرییەكانی، سەبارەت بەم مەسەلەیە تیرێژ دەڵێت: من كاتێك دێمە جۆش و خرۆش كە دەبینم جەماوەر دەستخۆشیم لێدەكات و هانم دەدات بۆئەوەی كاری باشتر و جوانتر پێشكەش بكەم، بێگومان ئامانجی هەر هونەرمەندێك ڕەزامەندی جەماوەرە، چونكە هەموو هونەرمەندێك كاری هونەری بۆ جەماوەر دەكات و لەپێناو دڵخۆش كردنیان گۆرانی دەڵێت و هەر جەماوەریشە كە پێوەری ڕاستەقینەی هەر هونەرمەندێكە، ئەگەر هونەرمەند جەماوەری نەبێ یان جەماوەر لەكارەكانی ڕازی نەبێ بەڕای من هونەرەكەی هیچ تامێكی نابێت.
جگەرەكێشان یەكێكە لەو دیاردانەی كە تیرێژ لێی دوورە و وەك خۆی دەڵێت لەیادی نییە كە جگەرەی بەدەستەوە گرتبێت، هەروەها زۆریش حەز لەخواردنی كوردەواری دەكات بەتایبەتی دۆڵمە.
هونەرمەندیش گوێ لەگۆرانییەكانی خۆی و هی هونەرمەندانی دیكەش دەگرن جا ئەمە وەك حەز بێت یان بۆ ئەوە بێت كە هەڵسەنگاندن و بەراوردێك بكەن لەنێوان كاری خۆیان و هونەرمەندانی تر، یانیش بۆ ئەوەیە كە شتی نوێیان لێ فێر بن بەتایبەتی گۆرانی هونەرمەندە بەناوبانگ و ڕەسەنەكان، لەم بارەیەوە تیرێژ ئورمی دەڵێ: بەزاراوەی كرمانجی خواروو (سۆرانی) زۆر حەز لەگۆرانی یادی جارانی مامۆستا هۆمەری دزەیی دەكەم و زۆر دەیڵێمەوە، له زاراوەی كرمانجی سەرووش زۆر حەز لەگۆرانی (سوارو)ی مامۆستا خەلیل غەمگین دەكەم، وەك كەسایەتی هونەریش زۆر سەرسامم بەكەسایەتی هەردوو هونەرمەندانی خوالێخۆش بوو ئیبراهیم خەیات و هۆزان سەرحەد، تیرێژ هەروەها دەڵێ: هەندێك گۆرانی هەیە حەز دەكەم بەردەوام لەبەر خۆمەوە بیانڵێم و بەزۆری لەسەر زاری منن ئەوانیش بریتین لە: (ژبەر خاترا تە) كە تێكست و ئاوازی خۆمە و تا ئێستا تۆمارم نەكردووە، گۆرانی (یادی جاران)ی مامۆستا هۆمەری دزەیی، گۆرانی (ماهی من)ی مامۆستا عەدنان كەریم، (بلیسەن) گۆرانییەكی توركیی هونەرمەند جەودەت بەگج ئالەت، هەروەها گۆرانی (دووبارێ مسیازەمەت وەتەن) گۆرانییەكی فارسییە واتە (دووبارە ئاوەدان دەكەم وەتەن) كە گۆرانییەكی ناوداری هونەرمەند داریۆش ئیقبالییە، جگە لەمە گۆرانی (بەرای مەن نەڤیشتە) كە گۆرانییەكی هونەرمەندی گەورە موعین ئەسفەهانییە من بۆم نووسیوە، ئەمانە ئەو گۆرانیانە بوون كە من ئەو گۆرانیانە زۆر لەبەر خۆمەوە دەڵێمەوە.
هونەرمەند بەحوكمی كارەكەیان گوێچكەیان لەكەسانی ئاسایی هەستیارترە بۆ ناسین و جیاكردنەوەی دەنگە خۆش و ناخۆشەكان، تیرێژ پێیوایە ناخۆشترین ئەوەیە كاتێك كە دەنگی ئۆتۆمبیل و تەكنۆلۆژیا تێكەڵ بەدەنگی شەونم دەبێ و دڵی بەمە پەست و توند دەبی لەبەرامبەردا وای دەبینێت كە خۆشترین دەنگ ئەو كاتە دەردەچێت كە دەنگی نای تێكەڵ بەدەنگی ئاو و با دەبێت، ئەم تێكەڵ بوونە جۆرێك لەحەسانەوە بەدڵ و دەروونی مرۆڤ دەدات و وا دەكات هەست بەئارامی بكات.
هەر كەسێك حەز دەكات لەشارێك بژی یان شارێكی بینیوە و پێیوایە یەكێكە لەشارە خۆشەكانی دنیا كە زۆر سەرنجی ڕاكێشاوە، یانیش گوێی لەناوبانگی شارێك بووە جا لەهەر بوارێكدا بێت بۆیە حەز دەكات بیبینێت، تیرێژ دەڵێ: حەزم لەبینینی گشت شارەكانی كوردستانە و هەموویان بەشار و ماڵی خۆمیان دەزانم، بەڵام وەكو پرەنسیپ زۆر حەز لەشاری (ورمێ) دەكەم و بەقەد هەموو دنیا ئەم شارەم خۆش دەوێت، بۆیە یەكێك لەئاواتەكانی ژیانم ئەوەیە ڕۆژێك لەڕۆژان بتوانم بگەڕێمەوە بۆ ئەو شارە خۆشەویسته و لەوێ بژیم كە هەموو دڵ و دەروون و بیركردنەوەی منی داگیر كردووە، چونكە خەیاڵی ڕۆژێك ژیان لەبناری شاخە سەركەشەكانی جولێ و چارچەل شتێكی زۆر جیاوازە بەلای منەوە بەجۆرێك كە ڕەنگە نەتوانم وەكو خۆی وەسفی بكەم.
لەكۆتاییدا تیرێژ دەڵێ: یەكێك لەئاواتە هەرە گەورەكانی من ئەوەیە ڕۆژێك لەڕۆژان وڵاتەكەم ئازاد و گەلەكەم سەربەست و سەرفراز بێ لەم دنیایە و وەك هەموو میللەتانی دنیا مافی ئەوەی هەبێت لەوڵاتێكی سەربەخۆدا بژی.