لە هەولێری پایتەخت كەرنەڤالی سینەمای كوردی ساز دەكرێت

لە هەولێری پایتەخت كەرنەڤالی سینەمای كوردی ساز دەكرێت
ئا: رۆشنە
بڕیار وایە رۆژانی 28/6-8/7/2012 لە هەولێری پایتەخت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر و بە چاودێری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم كەرنەڤالی سینەمای كوردی ساز بكرێت.
لەم بارەیەوە عەدنان عوسمان بەڕێوبەری سینەمای هەولێر لە لێدوانێكدا رایگەیاند: یەكێك لە ئەركەكانمان بۆ داهاتوو بریتییە لە بڵاوكردنەوی ڕۆشنبیری سینەمایی لە نێو خەڵك و ئاشنا كردنیان بە فیلمە كوردی و بیانییەكان ئەمەش هەوڵێكە بۆ گێڕانەوەی جەماوەر بۆ هۆڵەكانی سینەما و زیندوو كردنەوەیان.
هەروەها عەدنان عوسمان ووتیشی : بۆ ئەم مەبەستە ئێمە بەرنامەیەكمان داناوە بۆ سەركەوتنی ئەو پلانەی كە لە كۆنفرانسی رێكخستنەوەی سینەما لە شاری هەولێر دامانڕشتبوو، یەكێك لە كارەكانیشمان بریتییە لە ساز كردنی كەرنەڤالی سینەمای كوردی بۆ ماوەی دە رۆژ لە شاری هەولێر، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جوڵەیەكی شارستانییە بۆ شارێكی وەكو هەولێر كە رۆژانە بە سەدان كەس لە شارەكانی دیكەی عێراق و لە دەرەوەی هەرێم سەردانی دەكەن و جوڵەیەكی گەشتیاری بەرچاوی تێدایە، بۆیە ئێمە یەكێك لە خۆشترین و جوانترین پاركەكانی شاری هەولێرمان دەستنیشان كرد كە رۆژانە بە سەدان كەس هاموشۆی دەكەن ئەویش پاركی شانەدەرە.
بەڕێوەبەری سینەمای هەولێر ئەوەشی ڕوونكردەوە كە رۆژانە لە كاتژمێر 8:30 تا 10:30 ی شەو بۆ ماوەی دوو كاتژمێر فیلم نمایش دەكرێت و لە ماوەی دە رۆژدا بە دەیان فیلمی كوردی نمایش دەكرێن بە ژێرنووسی ئینگلیزی و عەرەبی بۆ ئەوەی میوانە بیانییەكانیش ئەوانەی كوردی نازانن سەیری فیلمە نمایش كراوەكان بكات.
لە كۆتاییشدا عەدنان عوسمان سوپاسی بەڕێزان پارێزگار و جێگری پارێزگاری هەولێری كرد بۆ هاوكاری كردنیان لە ساز كردن و سەرخستنی ئەم كەرنەڤالە سینەماییە.
Top