زاگرۆس جەبار وشەی (ناشیرین) و (جوان)ی زۆر پێناخۆشە

زاگرۆس جەبار وشەی (ناشیرین) و (جوان)ی زۆر پێناخۆشە
كچێكی زۆر بەتوانا و لێهاتووە كە چەندین بەهرەی هەیە لەیەك كاتدا، كوردێكی دانیشتووی هۆڵەندایە، لەساڵی 1988 لەشاری سلێمانی لەدایکبووە، لەساڵی 2009وە دەستی بەکاری نواندن و شانۆیی کردووە و هەمیشە بەدیمەنەکانی ویستویەتی بۆ‌ هۆڵەندی و ئەوروپیەکان ڕوون بکاتەوە کە گەنجانی کوردی کوردستان هەمیشە خاوەن بەهره ‌و توانای خۆیانن، جگە لەكاری شانۆیی و بەشداریكردنی وەكو ئەكتەر لەژمارەیەك شانۆگەری گەورە لەهۆڵەندا و توانیوتی شوێنی خۆی لەبواری شانۆدا بكاتەوە، هەروەها لەبواری بێژەری ئەنتەرنێتدا بەیەكەم بێژەری كورد دادەنرێت، لێهاتوویی زاگرۆس جەبار وایكردووە كە لەهەردوو بوارەكەدا سەركەوتوو بێت، بەڵام جگە لەبێژەری و نواندن ئێستا دەیەوێت لەبواری گۆرانی وتنیشدا بەختی خۆی تاقی بكاتەوە. دوور لەگۆرانی و شانۆ و بێژەری چەند پرسیارێكی تایبەتمان ئاراستەی زاگرۆس جەبار كرد و بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.

خەلیل بلەیی


*ئەو قسەیە چییە كە زۆر حەزت لێیەتی بیڵێیتەوە؟
- هیچ قسەیەك یان وشەیەكی وا نییە كە زۆر حەز بكەم بە بەردەوامی بیڵێمەوە، بەڵام بێگومان هەموو كاتێك دەمەوێ وشەی جوان و شیرین بڵێمەوە، قسەی ناخۆش و ڕەقم زۆر بەزەحمەتی بۆ دێت، چونكە حەز بەو جۆرە هەستانە ناكەم بەرامبەر بەهیچ كەسێك.
*ئەو قسەیەی كە كەیفت پێ نایەت چییە؟
- وشەی (ناشیرین) و (جوان)م زۆر پێناخۆشە، بۆیە كاتێك كە گوێبیستیان دەبم زۆر پێیان هەراسان دەبم.
* ئەو شتە چییە كە زۆر توڕەت دەكات؟
- ناحەقی بەرامبەر بەئافرەت و پێشێلكردنی مافی ئافرەت زۆر توڕەم دەكەن.
* چی دەتگریەنێت؟
- بینینی خەڵكی هەژار زۆر ئازارم دەدات.
* ئەی چی وات لێدەكات پێ بكەنیت؟
- قسەی خۆشی منداڵان.
*لەمنداڵیدا حەزت دەكرد چ كارە بیت چ كارێك بكەیت؟
-هەر لەمناڵییەوە زۆر حەزم لەكاری هونەری و ئارایشت دەكرد.
* ئەی لەخواردنەكان زیاتر حەزت لەكام خواردنە؟
- زۆر حەزم لەخواردنی كوردەوارییە بەهەموو شێوە و جۆرەكانییەوە.
* جگەرە دەكێشی؟
- نەخێر نایكێشم و زۆریش هەراسان دەبم كاتێك یەكێك دەبینم جگەرە دەكێشێت و بەبۆنەكەشی زۆر تێكدەچم، هەموو كاتێك دەڵێم سەرۆكی هەر وڵاتێك بوومایە جگەرە كێشانم قەدەغە دەكرد.
* تائێستا چی تۆی هێناوەتەوە جۆش؟
- ژیان پڕە لەخۆشی و ناخۆشی، بەڵام نابێت ساتی خۆشییەكان و كەسوكار و ئەزیزانم بكەم بەقوربانی ناخۆشییەكانی ژیان، دوای هەموو ناخۆشییەكیش خۆشییەك دێت.
*زیاتر حەزت لەكام گۆرانی و گۆرانیبێژە؟
- گۆرانی فۆلكلۆر و ڕەسەنم زۆر زۆر پێخۆشە.
*لەناو كوردستاندا بەكام كەسایەتی سەرسامی؟
- زۆر زۆر بەهونەرمەندە ڕەسەنەكان سەرسامم.
*ئەوكاتانەی تەنیای كام گۆرانی لەبەر خۆتەوە دەڵێیتەوە؟
- لەكاتی تەنیاییدا گوێ لەگۆرانی دەگرم، گۆرانی ناڵێمەوە.
*ناخۆشترین دەنگ لەلای تۆ دەنگی چییە؟
-دەنگی گوێدرێژ.
*ئەی خۆشترین دەنگ چییە؟
- دەنگی باڵندەكان.









Top