سەندیكای هونەرمەندان رێز لە هونەرمەندانی بە تەمەن دەگرێت
لەم هەڵمەتەدا كە هەریەك لە"نیاز نوری- نەقیبی سەندیكا و هیوا سوعاد سەرۆكی لقی هەولێر و فەرهەنگ غەفوور، جەمال مشیر، یوسف عوسمان ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیكا بەشداربوون سەردانی ماڵی 5 هونەرمەندی بە ئەزموونی شاری هەولێریان لەبوارە جیاجیاكانی هونەر كردو خەڵاتی رێزلێنانی سەندیكایان پێ بەخشین.
ئەو هونەرمەندانەی لەو سەردانەدا بەسەركرانەوە بریتی بوون لە"مستەفا رەئوف، حوسێن عەبدوڵڵا، فەرهاد شەریف، عەدنان جەمال، جان تۆماس" كە سەرجەمیان دڵخۆش بوون بەو سەردانەو ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد ئەو جۆرە سەردانانەی سەندیكا ئومێد بەخشەو وایان لێدەكا بەگڕوتینێكی ترەوە بەردەوام بن لەكاری هونەری.
لە بەرامبەردا نیاز نوری نەقیبی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان گوتی"ئێمە لە سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بە ئەركی سەرشانی خۆمان دەزانین مامۆستاكانی خۆمان بەسەربكەینەوەو گوڵی خۆشەویستی سەندیكایان لەیەخە بدەین".
نیاز گوتیشی"ئەو سەردانەی ئەمڕۆمان دەستپێكی سەردانەكانمانەو لە شارەكانی تریش بەنیازین هەمان كار دووبارە بكەینەوەو هونەرمەندە بەئەزموون و خاوەن تواناكان بەسەر بكەینەوە".
لە كۆتایی قسەكانیدا نیاز نوری گوتی"ئێمە وەك سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بەردەوام ویستوومانە داكۆكیكار بین لەمافی هونەرمەندان".