لەسەر شاجوانی كوردستان 15 كچ كێبركێ دەكەن
وڵاتان ئەنجامدەدرێ، خۆزگەی دەخواست ئەو پێشبركێیە لە كوردستانیش بكرێت.
نەرمین دەڵێ "ئێستا هەستدەكەم خەونەكەم دێتەدی، بەڵام بەهۆی تاقیكردنەوەكانم ئەمساڵ ناتوانم بەشداری لە پێشبڕكێیەكە بكەم". نەرمین، خۆی بۆ پێشبڕكێی ساڵی داهاتوو ئامادە دەكات و دەڵێ "هەستدەكەم رۆژێك دەبمە شاجوانی كوردستان".
بڕیارە 8/6/2012 فیستیڤاڵی (هەلا ئەربیل) لەشاری هەولێر بە سەرپەرشتی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێ، فیستیڤاڵەكە بۆ ناساندنی شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستانە، بەڵام بڕگەیەكی تایبەتە بە هەڵبژاردنی شاجوانی كوردستان.
بەپێی دوایین ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان تاوەكو ئامادەكردنی ئەو راپۆرتە 15 كچ ناوی خۆیان تۆماركردووە، بۆ ئەو پێشبڕكێیە. مەرجە ئەو كچەی خۆی بۆ شاجوان هەڵدەبژێرێ تەمەنی 18 ساڵی تەواوكردبێ و زمانی كوردیش بە تەواوی بزانێ.
سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بە بازاڕكردن لە دەستەی گەشتوگوزار گوتی "لێژنەیەك مەشق بە كچە پاڵێوراوەكان دەكات بۆ خۆئامادەكردن بۆ پێشبڕكێیەكە".
نادر روستی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان گوتی "پێشبڕكێی شاجوانی كوردستان، نوێنەری زۆربەی شارەكانی كوردستانی تێدایە، بەڵام زۆرترینیان لە هەولێرن". ناوبراو گوتیشی "پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم دیاریدەكرێن و خەڵاتی شاجوانی كوردستانیش تاقمێك ئەڵماسە، هەروەها شاجوانەكە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان دەكات لە فیستیڤال و ئاهەنگە جیهانییەكاندا".
بەپێی راگەیێندراوێكی دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبردنی پێشبڕكێی شاجوانی كوردستان بە ئاهەنگێكی تایبەت و بەپێی داوونەریتی كوردەواری دەبێ، كە لەلایەن هەردوو شاجوانی پۆلەندا و بەریتانیا سەرپەرشتی دەكرێت، لێژنەیەكی هەڵسەنگاندنیش كە لە چەند شارەزایەكی بیانی پێكهاتووە شاجوان دیاریدەكەن.
هەلا ئەربیل، یەك مانگ بەردەوامدەبێ و رۆژانە بڕی 5 ملیۆن دینار خەڵات بەسەر بەشداربووانی فیستیڤاڵەكە دابەشدەكرێ، لە دوایین رۆژی فیستیڤاڵەكەش تیروپشك بۆ ئۆتۆمبێلێك رادەكێشرێ كە نرخەكەی 50 هەزار دۆلارە. لە ماوەی ئەو مانگەدا رۆژانە 12 جار ریكلام بۆ شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، هەروەها رۆژانە بۆ ماوەی 30 خولەك بەرنامەی هۆشیاری گەشتیاری لە كەناڵێكی ئاسمانی و رادیۆیەك پێشكێش دەكرێت.
یەكێك لە بڕگەكانی فیستیڤاڵەكە دابەشكردنی سیمكارتی كۆڕەك تیلیكۆمە بەخۆڕایی بەسەر ئەو گەشتیارانەی لە رێگەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە دێنە هەرێمی كوردستان، نادر روستی گوتی "30 هەزار سیمكارتی كۆرەك تیلیكۆم دەدرێتە ئەو گەشتیارانەی لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دێنە هەرێمی كوردستان".
لە رۆژانی فیستیڤاڵەكەدا كۆنسێرتێكی گەورە لە پاركی شانەدەر لە هەولێر سازدەكرێت، كە بە قسەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار چەندین هونەرمەندی نێوخۆیی و جیهانی بەشداری تێدا دەكەن.
بەڕێوەبەرایەتی بە بازاڕكردن لە دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی بۆ ماوەی 10 ساڵ لەگەڵ كۆمپانیای SNRی لوبنانی كردووە، بەپێی گرێبەستەكە دەبێ ساڵانە فیستیڤالی گەورەی لەو شێوەیە بۆ بە بازاڕكردنی كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە.
سیروان تۆفیق، گوتی "خەرجی فیستیڤاڵەكە لەلایەن كۆمپانیا لوبنانییەكە بە سپۆنسەری 7 كۆمپانیای نێوخۆیی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، حیسابی بانكیش لە بانكی كوردستان بۆ كۆمپانیا نێوخۆییەكان كراوەتەوە، تاوەكو رۆژی دەستپێكردنی فیستیڤاڵ".
رووداو