گوڵستان پەروەر بۆ گوڵان:من و شڤان پەروەر تەواوكـەری یەكترین

گوڵستان پەروەر بۆ گوڵان:من و شڤان پەروەر تەواوكـەری یەكترین
یەكێكە لەو ئافرەتە هونەرمەند و شۆڕشگێڕانەی كە بەهونەرەكەی لەپاڵ شڤان پەروەری هاوسەری خزمەتێكی زۆریان بەهونەری كوردی كردووە، لەڕۆژە سەختەكانی خەباتی شاخ و چەكداری هەمیشە سروودەكانیان ورە و توانایەكی زۆرتریان بەپێشمەرگەكان دەبەخشی، لەلایەكی دیكەشەوە پرسی ئافرەت بەشێكی زۆری هونەری گوڵستانی داگیر كردووە، گوڵستان دوای چەندین ساڵ ژیانی غوربەت و ئاوارەیی و دوورە وڵاتی بڕیاریدا بگەڕێتەوە كوردستانی ئازاد و ماوەی زیاتر لەدوو ساڵ دەبێت لەدهۆك نیشتەجێیە، لەئاهەنگی كردنەوەی كۆنفرانسی نەتەوەیی ژنانی هەر چوار پارچەی كوردستان، گوڵستان پەروەر یەكێك بوو لەبەشداربووانی كۆنفرانسەكە و ئامادەبووانی كۆنفرانسەكەی لەئاهەنگی دەستپێكردنیدا بەگۆرانی و سروودەكانی هێنایە جۆش و خرۆش، لەسەرووبەندی كۆنفرانسەكە گوڵستان لەگفتوگۆیەكدا باسی لەچەند لایەنێكی تایبەتی خۆی و هونەری كوردی كرد.



بێگومان پێكەوە ژیانی دوو هونەرمەندی بەتوانا لەیەك ماڵدا جا خوشك و برا یان باوك و كوڕ یان كچ یان هاوسەر بن دەبێتە هۆی ئەوەی كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر یەكتری هەبێت، دەربارەی كاریگەری شڤان پەروەر لەسەر گوڵستان و بەپێچەوانەوە، ئەم خاتوونە هونەرمەندە پێیوایە كە هاوسەرەكەی لەهەموو لایەنێكی ژیانەوە كاریگەری لەسەر ئەو هەبووە بەتایبەتی لەلایەنی هونەرییەوە، چونكە ئەگەر شڤان پەروەر كەسێكی پێشكەوتووخواز و وشیار نەبوایە لەبەرامبەر ڕێز گرتن لەمافی ئافرەت و پێی گوتبام لەماڵەوە دانیشە كاری تۆ تەنیا چێشتلێنان و پەروەردەكردنی منداڵە، ئەو ناوبانگەی ئێستام نەدەبوو و كەسیش پێی نەدەزانیم و نەمدەتوانی بەو بەهرەیەی كە خوای مەزن پێی بەخشیوم لەڕێگای هونەرەكەمەوە خزمەت بەگەل و نەتەوەكەم بكەم، منیش وەك زۆربەی ئافرەتانی كورد ناچار دەبووم لەقسەكەی ئەو دەرنەچم، بەڵام شڤان بەپێچەوانە بوو ویستی منیش شان بەشانی خۆی لەبواری هونەریدا خزمەت بەگەلەكەم بكەم و زۆر زۆریش هاوكاری كردم بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەنجامدانی كاری هونەری.
گوڵستان ئاماژە بەوە دەكات كە سەرەڕای هاندانی بەردەوامی شڤان پەروەر لێی و كاریگەری بەسەریەوە لەهەمان كاتدا ئەویش ڕۆڵی هەبووە لەژیانی هونەری هاوسەرەكەیدا و خۆی بە وزەبەخش و هاندەری دەزانێت و دەڵێت: لەژیانی هەر پیاوێكدا ئافرەتێك هەیە كە هۆكاری سەركەوتنەكانیەتی لەژیاندا، پێویستە شڤان پەروەر وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، بەڵام بەبێگومان دەڵێم منیش ڕۆڵم هەبووە لەژیانی هونەری ئەودا و هەمیشە پاڵپشت و هاندەری ئەو بووم به ‌جۆرێك دەتوانم بڵێم هەردووكمان تەواوكەری یەكترین لەژیانی ئاسایی و ژیانی هونەریدا، گوڵستان هەروەها دەڵێ: لەماڵەوەش شڤان زۆربەی كاتی خۆی بەهونەرەوە بەسەر دەبات تەنانەت گفتوگۆ و قسەكردنیشی هەر سەبارەت بەهونەری كوردی و چۆنیەتی پێشخستنی و ئەو كارە نوێیانەی كە پێشكەش دەكرێن، یان باسی هونەرمەندە نەمرەكان و بەرهەمەكانیان دەكات، هەروها باس لەهونەرمەندە لاوەكان و چۆنیەتی هاوكاری كردن و پاڵپشتی كردنیان دەكات بۆ ئەوەی بتوانن لەدواڕۆژدا خزمەت بەهونەری كوردی بكەن، منیش زۆر جار ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ دەوروژێنم، بەڵام لەهەمان كاتدا هەندێك لەكاروباری ماڵەوەش ئەنجام دەدەم.
گوڵستان پەروەر پێیوایە هەر هونەرمەندێك وشیاری و زانیاری تەواوی دەربارەی مێژووی هونەری ڕەسەنی نەتەوەكەی نەبێت هونەرمەند نییە، لەم بارەیەوە دەڵێت: ئەوەی لەمێژووی هونەری میللەتەكەی شارەزا نەبێت و گۆرانی بڵێت وەك كەسێك وایە كە هیچ زانیاری دەربارەی مێژوو و كلتووری نەتەوەكەی نەبێت و هەر كەسێك گۆرانی بڵێ و زانیاری دەربارەی فۆلكلۆر و كەلتووری نەتەوەكەی نەبێت و نەتوانێت گۆرانی فۆلكلۆری بڵێت، ئەوا واز لەگۆرانی وتن و هونەر بهێنێت زۆر زۆر باشترە، چونكە ناتوانێت پێشكەوێت و هونەری میللەتەكەشی دەشێوێنێت.
ئەو خانمە هونەرمەندە پێی ئاساییە ئەگەر ئێستا كەسێك گۆرانییەكی كۆنی خۆی كە بەر لە30 یان 20 ساڵ گوتویەتی، دووبارە بیڵێتەوە لەهەمان كاتدا هاوكاری و پشتوانیشی لێدەكات ئەگەر گۆرانییەكە بەباشی بڵێت و مافی نەخوات و مۆركی كوردی بەگۆرانییەكە بهێڵێتەوە و بەڕاشكاوی دەڵێت: پڕ بەدڵ حەز دەكەم كەسێك گۆرانییەكی من باشتر لەمن بڵێتەوە، زۆر زۆر خۆشحاڵ دەبم و شانازیشی پێوە دەكەم.
سەرەڕای ئەوەی كە گوڵستان یەكێكە لەهونەرمەندە دەنگخۆش و بەتواناكان، كەچی ماوەی زیاتر لەدە ساڵ دەبێت تا ئێستا هیچ كار و بەرهەمێكی نوێی بڵاو نەكردۆتەوە هەرچەندە بەشداری زۆر لەكۆنسێرت و ئاهەنگەكان دەكات، بەڵام هەموو ئەو گۆرانیانەی كە لەئاهەنگەكاندا پێشكەشی دەكات یان گۆرانییە كۆنەكانیەتی یان گۆرانی فۆلكلۆرن، لەم بارەیەوە گوڵستان دەڵێ: ماوەی دە ساڵ دەبێت هیچ بەرهەمێكی نوێم نەبووە، بەو مانایە كە بڵاوم نەكردۆتەوە، ماوەی زیاتر لەدوو ساڵە لەكوردستان نیشتەجێم، ئێستا ژمارەیەكی زۆر بەرهەمی نوێم هەیە كە ئامادەن بۆ بڵاوكردنەوە، بەڕاشكاوانە دەڵێم ئێستا هەگبەم پڕە لەبەرهەمی نوێ و دەتوانم بڵێم ئێستا چوار بەرهەمی هونەری ئامادەم هەیە بۆ بڵاوكردنەوە، هیوادارم ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێ بتوانم ئەو بەرهەمانە بڵاو بكەمەوە، بۆ زانیاریشتان ئێستا دوو سروودم ئامادەیە یەكێكیان تایبەت بە بەسەرهاتێكی ڕاستەقینەی ئافرەتێكی كورد كە لەشەوی بۆكینیدا هاوسەرەكەی ئەنفال دەكرێت، ئەوی تریشیان سروودێكی تایبەتە بەئافرەتی كورد كە دوای ئەم كۆنفرانسە كار دەكەم لەسەر تەواو كردنی.







Top