به 18ساڵ تهمهنهوه ناودارترین مرۆڤی جیهانه
ئەو هەر بە خەیاڵیشیدا نەهاتبوو، كە ئەو "كلیك"ـە سادەیە چۆن ژیانی خۆی و كەسێكی دیكەیش دەگۆڕێت.
(سكووتەر) دەڵێت: كاتێك ڤیدیۆیەكەی بینیوە، هێندە سەرسام بووە ڕاستەوخۆ بە دوای خاوەنەكەیدا گەڕاوە و سەردانی ئەو قوتابخانەیەی كردووە.
ئەو كات (سكووتەر) لە كۆمپانیای میووزیكی" سۆ سۆ دێف"ـدا كاری دەكرد، بە دوای ئەو كەسانەدا دەگەڕا، كە بەهرەی گۆرانیگوتنیان هەیە و دەرفەتیان نەبووە دەركەون.
ئەم ڤیدیۆیە هیی (جەستن بیبەر) بووە، كە ئەو كات تەمەنی 13 ساڵان بووە و ساڵی 2007 دایكی لەسەر "یوتوب"ـی داناوە و تێیدا (جەستن) لە پێشبڕكێیەكی میوزیكیی قوتابخانەكەیدا گۆرانییەك بە ناوی " سۆ سیك بای نیۆ" دەچڕێت.
دیمەنەكە ئەوەندە تاریكە، تەنانەت دەموچاویشی دیار نییە، تەنیا ئەوەندە دیارە كە مێرمنداڵێك لەسەر شانۆ گۆڕانی دەڵێت. لێ ئەم ڤیدیۆیە ڕووناكیی بە ڕووی ژیانی (بیبەر)ـدا كردەوە و لە شانۆیەكی سادەی قوتابخانەیەكەوە بەرەو گەورەترین شانۆكانی جیهانی برد.
(سكووتەر) كە بەڕێوەبەری كارەكانی بوو، (جەستن)ـی بە گۆرانیبێژی ڕاپی ئەمەریكا "یوشەر" ناساند. بە هۆی دەنگییەوە، "یوشەر" و "جەستن تیمبەرلێیك" كەوتنە ململانێی بەدەستهێنانی تواناكانی ( جەستن) بەڵام دواجار "یوشەر" بردیەوە.
لە ساڵی 2008ـدا، (جەستن) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای "ئایسلاند ڕیكۆرد"ـدا واژۆ كرد و یەكەمین گۆرانیی خۆی بە ناوی "ئۆن تایم" بڵاو كردەوە، كە لە كەنەدا و ئەمەریكا دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو، بەڵام ئەلبوومەكانی "مای وۆڕڵد" و "ڵەڤ می" كە لە ساڵی 2009ـدا بڵاو كرایەوە، بەتەواوەتی ئەمەریكای داگیر كرد و، لە كریسمەسی ساڵی 2009ـدا (جەستن) داوەتی كۆشكی سپی كرا بۆ ئەوەی
گۆرانی بۆ سەرۆكی ئەمەریكا (باراك ئۆباما) و (میشێڵ ئۆباما)ـی هاوسەری بڵێت.
گۆرانیی "بێیبی" گەورەترین خاڵی وەچەرخان بوو لە ژیانی (بیبەر)ـدا. ئەو گۆرانییە كە لە ئەمەریكادا پلەی پێنجەمی بەدەست هێنا، سۆزی چینی گەنجی ئەمەریكای تەواو بە لای خۆیدا ڕاكێشا.
ئەو ڤیدیۆیەی كە (سكووتەر) بە هەڵكەوت كلیكی كرد، ئێستا ملیۆنان كەس پتر سەیریان كردووە.
ناوبانگی (جەستن) گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە تا ئێستا 750 ملیۆن كەس لە جیهاندا بینەری گۆرانییەكانی بوون لە "یوتیوب". تەنیا گۆرانیی "بێیبی" 45 ملیۆن جار لە "یوتیوب" بیندراوە.
ناوبانگی (جەستن) تەنیا لە مێدیاكاندا نییە، بەڵكوو لە مێدیا كۆمەڵایەتییەكانیشدا ژمارەی هەوادارەكانی، ژمارەی پێوانیی بەزاندووە.
تەنیا لە فێیسبووك 43 ملیۆن هەواداری هەیە، ئەمەیش زۆر لە ژمارەی هەوادارەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا زیاترە، ئەوە جگە لەوەی كە لە ماڵپەڕی "تویتەر"ـیشدا 21 ملیۆن هەواداری هەیە.
لە لیستی پڕداهاتترینەكانی ساڵی 2011ـدا، لە دوای "جێنیفەر لۆپێز" و " جۆنی دێپ" (جەستن) لەو تەمەنەیدا پلەی سێیەمی بەركەوتووە و 55 ملیۆن دۆلار داهاتی بووە. ئەوە لە كاتێكدایە تەمەنی تەنیا 18 ساڵە.
(جەستن) لە 2 ساڵی ڕابردوودا، لە ڕێگەی ئەنجامدانی كۆنسێرتەوە لە چەند وڵاتێكی جیاوازدا بڕی 150 ملیۆن دۆلاری كۆ كردووەتەوە.
هەر ئێستایش كە خۆی بۆ ئەنجامدانی چەند كۆنسێرتێك لە ئەمەریكای باكووردا ئامادە دەكات، سەرجەم بلیتی كۆنسێرتەكانی لە یەك سەعاتدا فرۆشراون.
(جەستن بیبەر)، كە لە ڕێگەی ڤیدیۆیەكی "یوتیوب"ـەوە گەییشتە تەختی شاهانەی میوزیك و ناوداری، لە بارەی خەونەكانیەوە دەڵێت: " زۆر جار لە ژیاندا خەڵك پێت دەڵێن ناتوانیت خەونەكانت بهێنیتە دی، زۆر جار خەڵك هەوڵ دەدەن پاشەكشەت پێ بكەن، بەڵام من پێتان دەڵێم هیچ شتێك ئەستەم نییە."
(بیبەر) لە ئێستادا پێوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ گۆرانیبێژی لاو (سێلێنا گۆمێز)ـدا هەیە و، دوای ناوداربوونی خانوویەكی بە 10 ملیۆن دینار لە "لۆس ئەنجڵس" كڕیوە ئێستا خۆی و دایكی و خۆشەویستەكەی تێیدا دەژین.–