گۆرانیبێژی كورد بیژەن كامكار كتێبی فێربوونی دەفی بڵاوكردەوە
بە پێی راپۆڕتی بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی گروپی موزیكی كامكاران، دوای ساڵانێك چاوەڕوانی، كتێبی فێربوونی ئامێری كوردی "دەف" لە لایەن بیژەن كامكار ژەنیاری بەتوانای دەف و ئەندامی سەرەكی گرووپی موزیكی كامكاران بە زمانەكانی فارسی و ئینگلیزی لەگەڵ دوو سی دی لە لایەن كۆمپانیای فەرهەنگی و هونەری قۆقنووس لە وڵاتی ئێران بڵاوكرایەوە.
ئەم كتێبە بێجگە لەوەی كە بۆ ئەو كەسانە گرینگە كە لە سەرەتای فێربوونی موزیكدان، زۆربەی نۆتەكانی ئامێری دەفی لەو پارچە موزیكانە لە خۆگرتووە كە لە لایەن ئەندامانی گرووپی موزیكی كامكاران پێشكەش كراوە، كە بۆ ژەنیاران ئامێری دەف زۆر جێی سوودمەندییە.
كتێبی "دەف" لە قەوارەی رەحلی لە 158 لاپەڕەدا و لە تیراژی 3 هەزار بەرگ، دوو وێنەی مێژوویی یەكەمین بەشداربوونی ئامێری دەف بە ژەنیاری هونەرمەند بیژەن كامكار لە كۆنسێرتی گرووپی موزیكی "شەیدا" بە سەرپەرەستی موزیكزانی ناوداری ئێران محەمەد رەزا دەرویشی و بە دەنگی گۆرانیبێژی ناوداری ئێران محەمەد رەزا شەجەریان لە ساڵی 1975 لە باغی فیردەوس لە گەڕەكی شمیرانی تارانی لە خۆگرتووە.
كامكار، كتێبی ئامێری "دەف"ی بە هاوسەری خۆی خاتوو "نەجمە تەجەدود" بە هۆی هەوڵی بێوچان و هاندانی بۆ چاپی و بڵاوكردنەوەی و هەروەها رۆحی پاكی مامۆستاكانی خۆی بەڕێزان "حەسەن كامكار" و حاجی "كەریم سەفوەتی" پێشكەش كردووە.
بیژەن كامكار لە پێشەكیی كتێبی فێربوونی ئامێری "دەف"دا نووسیوییەتی: نووسینی كتێبێك سەبارەت بە ژەنینی دەف زۆر لە مێژە یەكێكە لە كەڵكەڵە سەرەكییەكانی من، بەڵام ئەم كارە گرینگە بە هۆی جۆراوجۆر ئەنجامنەدرا و گرینگترین هۆیەكەشی ئەوە بوو كە هەموو كات لەو باوەڕەدابووم و ئێستاش هەر هەم كە بوونی ئەزموونی زۆر لە وانە گوتنەوەی دەف، گرینگترین تایبەتمەندی نووسەران و كۆكردنەوەی ئەم جۆرە بەرهەمانە دێتەئەژمار. لەڕاستیدا ژەنیاری و وانە گوتنەوە، دوو مەسەلەی جیاواز لە یەكترین، هەر چەندە كە ژەنیار توانایی و شارەزاییەكی زۆری لە ژەنینی ئامێرەكەیدا هەبێت. شێوازێك كە لە ژەنینی دەف لەم كتێبەدا هێناومە ئاكامی ئەزموونی چل ساڵەی منە لە بوارەكانی ژەنین و وانە گوتنەوە و فێركردنی قوتابیاندا.
كامكار لە سەرەتای كتێبی "دەف"دا نووسیوییەتی: ئامانجی سەرەكی ئەم كتێبە، فێركردنی شێوازی جۆراوجۆری ریتمگەلی ئاسایی ژەنینی ئامێری دەفە و نە پێشكەشكردنی ریتمە قورسەكان و جۆراوجۆری تێكەڵكردنی سەختی وێنەكانی كاتی نۆتەكانە واتە (فیگۆڕەكانی ریتمیك). هەر بەم مەبەستەیە كە وانەكانی كتێبەكە بە پێی ئەم جۆرە ریتمە سەرەتاییانە دابەشكراوە، تا ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت ئەم ئامێرە فێربن لە سەرەتاوە بتوانن لەگەڵ ئەو ریتمانە شارەزاییان هەبێت كە سرنجی ئەوان بۆ لای خۆی رابكێشێت و لە
كردەوەدا لە مۆسیقای سونەتی و عیرفانی ئێراندا بەكاردێت.
ئەندامی سەرەكی گرووپی موزیكی كامكاران لە بەشی "چاوخشاندنێك بۆ مێژووی دەف لە ئێراندا" نووسیوییەتی: دەف یەكێكە لە ئامێرە كوتراوەكانی ئێران و ئامێرێكی عیرفانییە چونكە لە رابردوویەكی زۆر كۆنەوە ئەم ئامێرە تەنیا لە تەكییە و خانەقاكانی كوردستان ژەندراوە. نەوای ئەم ئامێرە كۆنە لەگەڵ زیكری پیاوچاكان و پاكان و نەفەسی ئەهلی تەریقەت هاوڕێی بووە. نووسەری كتێبەكە لە گەڕان بەدوای مێژوو و رابردووی دەفدا، پێش لە بەكارهێنانی ئەم ئامێرە لە مۆسیقای سونەتی ئێرانی 30 ساڵی رابردوودا، بێجگە لە نیشتمانی كوردستان، پێگەیەكی دیكەی بۆ نەدۆزرایەوە.
هەروەها نووسیوییەتی: ئەم ئامێرە سەرەتا باوكم خۆالێخۆشبوو مامۆستا حەسەن كامكار لە گرووپی سەر بە فەرهەنگ و هونەری ئەو كاتی كوردستان كەڵكی لێوەرگرتووە و پاشان من لە ساڵی 1974 لە گرووپی موزیكی "شەیدا" دەستم بە ژەنینی كردووە، لەڕاستیدا ئەم دوو كاتە دەتوانین بە خاڵی سەرەتایی پەرەپێدانی ژەنیاری ئامێری دەف لە وڵاتی ئێران دەستنیشان بكەین.
موزیكزانیی كورد بیژەن كامكار، گۆرانیبێژ و ژەنیاری ئامێرەكانی دەف و روبابی گرووپی موزیكی كامكاران، لەگەڵ بنەماڵە تاكوو ئێستا كۆنسێرت گەلی جۆراوجۆری لە شارە جۆراوجۆرەكانی ئێران، هەرێمی كوردستان و سەرتاسەری جیهان پێشكەش كردووە و لە كۆمەڵێك فیستیڤاڵی گرینگی نێونەتەوەیی موزیك بەشداری كردووە، لەوانە: فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیكی "وومەد" Womad (بە سەرپەرەستی موزیكزانی بەریتانی "پیتێر گابرییەل" Peter Gabriel) لە وڵاتی بەریتانیا، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیكی "ریئۆرییەنت" Reorient لە وڵاتی سوید، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیكی "لیۆینگ فایر" Living Fire لە وڵاتی بەریتانیا، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیكی "وومەد"ی ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیمارات، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیكی "فاڵۆن"Falun لە وڵاتی سوید، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیكی "وی نی پەگ" Winnipeg لە وڵاتی كەنەدا، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیكی "سامر استیج" Sammer Stage لە شاری نیۆیۆرك لە وڵاتی ئەمەریكا، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیكی "تیمیتار" Timitar لە شاری ئاگادیر لە وڵاتی مەغریب، كۆنسێرت لە بارەگای یۆنسكۆ (فەرەنسا، بە بۆنەی هەزارەی حافز)، كۆنسێرت لە بارەگای خەڵاتی ئاشتی نۆبێل لە وڵاتی نۆروێژ و كۆمەڵێك فیستیڤاڵ و كۆنسێرتی گرینگی دیكە.
ئەم موزیكزانە كوردە وەكوو گۆرانیبێژ، ژەنیار و ئاوازدانەر، كۆمەلێك بەرهەمی جۆراوجۆری بە شێوەی دەنگ و وێنە بڵاوكردۆتەوە و لە ماوەی ئەم 40 ساڵەدا بێجگە لەگەڵ گرووپی موزیكی كامكاران، لەگەڵ گرووپە ناودارەكانی موزێكی ئێران، لەوانە: شەیدا، عارف، دەستان و تەنبووری شەمسیش هاوكاریی كردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی گروپی موزیكی كامكاران.