(وا لە خوشكەكەم مەكەن) لە قۆناغی كۆتاییدایە

(وا لە خوشكەكەم مەكەن) لە قۆناغی كۆتاییدایە
(وا لە خوشكەكەم مەكەن) كورتەفیلمێكی 11 خولەكییە و بە زمانی كوردی و نەرویژی كاری لەسەر كراوە.

چیرۆكی فیلمەكە باس لە كچە كوردێك دەكات، كە كچە كوردەكە لە دەرەوەی كوردستان دەژێت و ئەو وڵاتەیشی هەڵبژاردووە كە ئازادیی زۆری تێدا فەراهەم كراوە، بەڵام لەپاڵ ئەوەیشدا ژێر دەستەی دایكی و باوكییەتی و بە هیچ شێوەیەك ڕێگای پێ نەدراوە بچێتە دەرەوە تاوەكوو لە ژیانی ئاسایی ئەو وڵاتە و كوردستان تێ بگات.

بەشداربووانی كورتەفیلمی (وا لە خوشكەكەم مەكەن) بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" گوتیان: "سەرقاڵی كورتەفیلمێكی 11 خولەكین. كە ئەو كارەیش لە نووسین و دەرهێنانی (پێشەوا هەڵەبجەیی)ـیە و، بە زمانی كوردی و نەرویژی كاری بۆ كراوە و هەریەك لە هونەرمەندانیش (مەریوان كەمال، شادە عومەر، شێنی عەزیز) بەشدارن لەم فیلمەدا و هەر خۆشیان ڕۆڵە سەرەكییەكە بەرجەستە دەكەن."

هەر لە بارەی ئەم كارەیانەوە دەڵێن: "سینارێۆی فیلمەكە وا نووسراوە (شێنی عەزیز) كە دەكاتە كچی (مەریوان) و (شادە)، لە دەرەوەی كوردستان دەژین و لە چیرۆكێكیشدا وا هاتووە كە (شێنی) ژێردەستەی دایك و باوكییەتی و ئەگەرچیش لە وڵاتێكی پڕە ئازادیشدا دەژیت، لە هەمان كاتیشدا ڕێگای پێ نەدراوە نە لە كوردستان نە لە دوورە وڵاتیش هامووشۆی دەرەوەی هەبێت.

هاوكات ئەو كچە بە هۆی نەبینینی چۆنییەتی ژیانی ئاسایی خەڵك و زیندانكردنی لە نێوان چوار دیواردا، لە ڕێگای بە كار هێنانی ئینتەرنێتەوە لە لایەن كەسانێك فریوو دەدرێت و ڤیدێۆیی لەشی لێ بڵاو دەكرێتەوە. پاشنیش هەواڵی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكە دەگاتەوە باوكی و، لە لایان باوكیشیەوە بڕیاری كوشتنی كچەكە دەدرێت."

شایانی باسە (وا لە خوشكەكەم مەكەن) لە بڕگەكانی كۆتاییدایە و بەمزووانەیش چەند بەشێكی فیلمەكە بڵاو دەكرێتەوە و، لە چەندین كەناڵی كوردی و دەرەوەی كوردستان بەڵێنی پەخشكردنی دراوە.

هەروەها ژێر نووسی چەند زمانی دیكەیشی بۆ ئامادە كراوە و لەم ساڵیشدا ئەو فیلمە بەشداری لە زۆرێك ڤێستیڤاڵانی وڵاتە بیانییەكان دەكات.

جێی ئاماژە بۆ كردنە وێنەگرتنی ئەم فیلمە لە لایەن (هێرش لێوەژییە)ـوە بووە و (سەهەند شەماڵ)ـیش كاری ڕیكۆردی بۆ كردووە.
Top