(دڵشاد سەعید) چەند كۆنسێرتێك لە توركیا ئەنجام دەدات
بڕیاروایە لەم سەردانەیدا ئەو هونەرمەندە بە یاوەری (30) میووزیكژەنی بە توانا چەند سەمفۆنیایەكی هونەری لە چەند شارێكی وەكو (ئیستانبوڵ و ئامەد و ئەنكەرە و میرسین و ئەزمیر) پێشكەش بكات.
لە دیدارێكی تایبەتیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئوزگور گوندەمی) توركییدا (دڵشاد سەعید) ڕاگەیاند كە میووزیكی كوردی هیچی كەمتر نییە لە چاو میووزیكی جیهانیدا، بە مەرجێك ئەگەر بە دروستی بەكار بهێنرێت.
هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیشیدا گوتی: "میووزیكی كوردی نەك تەنیا لە توركیا بەڵكو ئێستا لە تەواوی جیهان ناسراوە، بۆیە ئەركی میووزیكژەنە كوردەكانە كە واز لە لاسایی كردنەوە بهێنن و زیاتر خۆیان پەروەردە بكەن."
لە كۆتایی قسەكانیشی گوتی: "یەكێك لە هیوایەتە گەورەكانی من ئەوەیە كە ئەكادیمیەكی میووزیكی گەورە لە كوردستان بكرێتەوە."
شایانی باسە (دڵشاد سەعید) دكتۆرای لەسەر میووزیك هەیە و نزیكەی 35 ساڵە میووزیك دەژەنێت.
(هەولێر)