بۆ یەكەمجار (ئیبۆ) ڕێگەی دا بچنە ناو ژیانی تایبەتییەوە
(ئیبراهیم تاتلیساس) لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیی (CNN)ـی توركیدا، كە پێشكەشكاری بەرنامەكە (ئەینور تەرتان) بوو، ڕێگەی دا بچنە نێو ژیانی تایبەتیی خۆی و خێزانەكەی و هەموو ماڵەكەشی وێنە بگرن. ئەمەیش یەكەمجارە لە مێژووی ژیانی ئەو گۆرنیبێژە، كە بەو شێوەیە ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان بدات.
لە پرسیارێكدا دەربارەی (ئایشە گوڵ)، كە لە دوای لێدانەكەی و چاكبوونەوەی كردی بە هاوسەرەكەی خۆی گوت: “ماوەی 14 ساڵ دەبێت من و (ئایشەگوڵ) بە یەكەوە دەژین و زۆر یەكتریمان خۆش دەوێت، بۆیە ئێستا كاتی ئەوە بوو بڕیار بدەین زەماوەند بكەین و زۆرم خۆش دەوێت.”
ئەو لەو بەرنامەیەدا بۆ خۆی بە دەستی خۆی كەبابی بۆ پێشكەشكاری بەرنامەكە ئامادە كرد و بە پێی خۆشی دەهات و دەچوو، ئەگەرچی لایەكیشی لەكار كەوتووە، وەلێ ئەو گوێی پێ نەدەدا و لە پێكەنین و قسەكانی نەدەكەوت.
(ئیبۆ) دەربارەی منداڵەكانی گوتی: “تا ئێستا كارێكم نەكردووە ڕووی منداڵەكانم ڕەش بكەم، بەڵكوو هەموو هەوڵم سەركەوتنی ئەوان بووە و زۆرم خۆش دەوێن.”
ئەو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی دا، كە حەز دەكات ناوی منداڵی كوڕ و كچەكانی بۆ خۆی دایبنێت و لەو ڕووەیشەوە دڵیان نەشكاندوە.
گوتیشی: “باوكم بە بچووكی زۆری لێ دەدام، بەڵام من هەرگیز لە منداڵەكانی خۆمم نەداوە، واتە قەد حەز ناكەم بە توندی مامەڵەیان لە تەكدا بكەم.”