(ئەلیسا) ناوی ئەلبوومی داهاتووی ئاشكرا كرد

(ئەلیسا) ناوی ئەلبوومی داهاتووی ئاشكرا كرد
لە تازەترین هەواڵی هونەریی خۆیدا، گۆرانیبێژی ناوداری عەرەبی (ئەلیسا) ناونیشانی ئەلبوومە تازەكەی خۆی ئاشكرا كرد، كە ناوی (اكرهك انا)ـی لێناوە و ئاماژەیشی داوە، كە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا بڵاوی دەكاتەوە.

ماوەیەكی زۆرە خەڵكی چاوەڕوانی ئەلبوومی تازەی (ئەلیسا) دەكەن، بەڵام ئەو لەبەر چەند هۆكارێكی تەكنیكی و یەكلایینەكردنەوەی ناوی ئەلبوومەكەی نەیتوانی لە ساڵی 2011ـدا بڵاوی بكاتەوە، وەلێ ئێستا لەسەر ناوەكەی ڕێك كەوتوون و هیچ بەهانەیەكی دیكەی نەماوە تا جەماوەرەكەی ڕابگرێت.

لە پێگەی توێتەردا، ئەو گۆرانیبێژە دەڵێت: “جەماوەرەكەم ئاگادار دەكەمەوە، كە ناوی ئەلبوومەكەم (اكرهك انا)ـیە و هەموو كارەكانم بە تەواو بووە، لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا بڵاوی دەكەمەوە. ئەگەرچی دەبوایە زۆر زووتر بڵاو بكرێتەوە، بەڵام دەرفەتم نەبووە و چەند هۆكارێكی دیكەیش هەبوون بۆ دواكەوتنی.”

ئەو لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژە بۆ چەند وێنەیەكی تازەی خۆی دەدات، كە لە بەرگی ئەلبوومەكەدایە و دەڵێت: “وێنەكانم زۆر سەرنجڕاكێش و جوانن، ماوەیەكی زۆرە خەریكی گرتنی ئەو وێنانەم و تا توانیم لەسەر وێنەیەك ڕێك بكەوم و ئێستا وێنەی بەرگی ئەلبوومەكەیشم بە تەواو بووە، ئەمەیش جێی دڵخۆشییە بۆ من، چونكە لە هەموو ئەلبوومەكانمدا گرنگییەكی زۆرم بە وێنەی بەرگی ئەلبوومەكەم داوە.”

ئەو بەرگی ئەلبوومەكەی لە (توێتەر) دانەناوە، چونكە وەك ئاماژەی بۆ دەكات، جارێ ماوە چاپ بكرێت، كە چاپەكەی تەواو بوو، نیشانی جەماوەرەكەی دەدات.

ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، لە ساڵی 2011ـدا (ئەلیسا) هات بۆ كوردستان و لە شاری هەولێر كۆنسێرتێكی خێزانی ڕێك خست و جەماوەرێكی زۆریش ئامادەی كۆنسێرتەكەی بوون، ئەمەیش ئەوە دەردەخات، كە ئەو جەماوەرێكی تایبەتی هەیە لە كوردستان و بۆ خۆیشی لە هەولێر بە چاوی خۆی ئەم ڕاستییەی بینی.
Top