نیللی مه‌قدسی بۆ گوڵان: ڕقم لەپیاوێكە كە خاوەن كەسایەتییەكی لاواز بێت و دوو دڵ بێت لەبڕیارداندا

نیللی مه‌قدسی بۆ گوڵان: ڕقم لەپیاوێكە كە خاوەن كەسایەتییەكی لاواز بێت و دوو دڵ بێت لەبڕیارداندا
لەئێستادا هیچ پێوەندییەكی خۆشەویستیم نییه، بۆیە باوەڕ ناكەم بچمە نێو قەفەسی زێڕینەوە.
جوان و ڕۆح سووكە، لەڕووی ئەداوە بە دەوی بەیەكەم دادەنرێت، زۆر ڕاستگۆیانه گۆرانی دەڵێ بەجۆرێك هەست دەكەی گۆرانی و ئاوازەكانی لەدڵەوە هەڵدەقوڵێن و زۆریش لەدڵی گوێگرەوە نزیكن، ئەمانە هەموویان سیفاتی نیللی مەقدسین كە بەشازادە دەناسرێ، لەبەیروت چاومان پێیكەوت و ئەم دیمانەیەمان لەگەڵیدا ساز كرد.



* بیستوومانە كە ئەمساڵ خێرو خۆشی بۆ تۆ دەبێت و دەچیە نێو قەفەسی زێڕێنەوە؟
- تەنیا تۆ ئەم پێشبینیەت نەكردووە چەندین هاوڕێی دیكەش هەمان پێشبینیان كردووە و زۆریش هانم دەدەن بۆ ئەم هەنگاوە و ئامۆژگاریم دەكەن بۆ ئەوەی بچمە نێو قەفەسی زێڕینەوە، بەڵام من لەئێستادا هیچ پێوەندییەكی خۆشەویستیم نییه، بۆیە باوەڕ ناكەم بچمە نێو قەفەسی زێڕینەوە.
* پێوەندیت لەگەڵ هونەرمەند زیاد بورجی چۆنە؟
- زیاد تەنیا وەك برا و هاوڕێیەكی نزیكە و هیچی تر.
* هەواڵی پێوەندی كردنت بەكۆمپانیایەكی بەرهەمهێنان تا چەند ڕاستە؟
تا ئێستا مەسەلەكە یەكلایی نەبۆتەوە، بەڵام لێتان ناشارمەوە ئێستا گفتوگۆ لەئارادایە لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنان كە گرنگی بەئەلبوومێكی نوێی من دەدات و بەم نزیكانە بڵاودەكرێتەوه، هیوادارم گفتوگۆكانمان بەرهەمی هەبێت و لەبەرژەوەندی هەردوولادا بێت.
* ئەی سەبارەت بەنواندن؟
-نكۆڵی لەوە ناكەم كە پێشتر بیرم لێ نەدەكردۆتەوە، بەڵام ئێستا بارودۆخ گۆڕاوە، چونكە زۆر كەس داوام لێدەكەن و پارەی زۆریشم پێشكەش دەكەن، بەم بۆنەیەوە بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بكەم كەوا بەشداری لەكارێكی نواندن دەكەم لەهۆلیۆد لەگەڵ دەرهێنەرێكی ئەمریكی، هیوادارم لەو ئاستەدا بێت كە من دەمەوێ.
* بەهێزترین ڕكابەرەكانی نیللی لەگۆڕەپانی هونەریدا كێن؟
- بەهەموو تەوازوعەوە هیچ ڕكابەرم نییە، چونكە هەر هونەرمەندێك پلانی خۆی هەیە و جیایە لەكەسانی تر و بەشێكی زۆری جەماوەری هەیە.
*بەم دواییە نازناوی (باربی)ت پێ بەخشرا، بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟
-شانازییەكی زۆر بەم نازناوەوە دەكەم، جگە لەوە (باربی) نیشانەی باڵایی و جوانییە و لای منیش زۆر پەسەند و خۆشەویستە، بێگومان هەموو كەسێك حەز دەكات نازناوی نوێ و خۆشی پێ بدرێت، جگە لەم نازناوە خانمە میدیاكاری میسری (هالە سەرحان) نازناوێكی دیكەی پێ بەخشیوم ئەویش (پەپوولەی گۆرانی)یە.
* نیللی بەكێ دەڵێ (سوپاس) و بەهۆكاری دەركەوتن و سەركەوتنی خۆی دەزانی؟
- بۆ یەك ساتیش ناتوانم ڕۆڵی دەرهێنەری گەورەی لوبنانی سیمۆن ئەسمەر لەبیر بكەم، هەروەها هیوادارم سەر لەنوێ ئەو بەرنامە خۆشانە بگەڕێنەوە كە ئەو سەرپەرشتیان دەكات، چونكە ئێمە ئێستا پێویستمان بەو بەرنامانەیە كە كەسانی داهێنەر دەردەخەن و نیشانەی ئەوەن كە هێشتا كەسانێك ماون خەم لەهونەری ڕەسەن دەخۆن.
* باست لەپڕۆژەیەكی هونەری نوێ كرد، دەكرێ بزانین ئەم پڕۆژەیە چییە؟
- ڕاستە و ئەم پڕۆژەیەش جیاوازە لەهەموو كارەكانی پێشوومدا، چونكە من بەجددی بیر لەوە دەكەمەوە كە باڵەخانەیەك دروست دەكەم بۆ ئەوەی شوێنی زۆرترین منداڵی بێسەروشوێن لەخۆ بگرێت و یارمەتییان بدەم بۆئەوەی پێگەیەكی شیاویان هەبێت لەكۆمەڵگە و دەستپێكردنی ژیانێكی نوێی بێئەوەی تووشی هیچ گرفتێك ببنەوە، ئەویش بەپڕ چەك كردنیان بەزانا و فێربوونی پیشەیەك لەو كاتەوەی كە لەدەزگاكەدا دەمێننەوە.
* زانیومانە بەنیازی سیدییەك بە گۆرانییەكانی (سەمیرە تۆفیق) بڵێی، كەی ئەم سیدییە تەواو دەبێت؟
- پەنا بەخوا بەم نزیكانە ئەم سیدییە تەواو دەبێت، چونكە من لەخۆئامادە كردندام و دڵنیام وەرچەرخانێك دەبێت لەژیانی هونەریم، چونكە خۆشترین گۆرانییەكانی سەمیرە تۆفیق لەخۆ دەگرێت، من وەك نیللی مەقدسی زۆر شت لەو هونەرمەندە گەورەیە فێر بووم و زۆریش یارمەتی داوم لەكاروانی هونەریم، پێموایە ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ژیانی من هەبووە، چونكە بەهۆی سەمیرە تۆفیقەوە عاشقی گۆرانی (بدوی) بووم كە هەموو كەسێك ناتوانێت بیڵێت.
* تایبەتمەندییەكانی سوارچاكی خەونەكانت چین؟
- حەز لەپیاوی ڕۆژهەڵاتی دەكەم كە بەشداریم بكات لەهزر و ئاواتەكانم، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەبێ كەسێكی دڵسۆز بێت، تێگەیشتنی بۆ من و كاری من هەبێت، لەهەموو شوێنێك سەرنجڕاكێش بێت، بەڵام ڕقم لەپیاوێكە كە خاوەن كەسایەتییەكی لاواز بێت و دوو دڵ بێت لەبڕیارداندا.















Top