چۆپی عەزیز: ئافره‌ت تـه‌واوكـه‌ری سه‌ره‌كی هونه‌ری كوردییه‌

چۆپی عەزیز: ئافره‌ت تـه‌واوكـه‌ری سه‌ره‌كی هونه‌ری كوردییه‌
چۆپی عەزیز یەكێكە لەو ئافرەتە ئەكتەرانەی كە لەبەرجەستەكردنی ئەو ڕۆڵانەی پێی دەسپێردرێن زۆر بەقووڵایی دەچێتە نێو ناوەڕۆكی بابەتەكە، بۆیە لەبەرجەستەكردنیاندا زۆر سەركەوتوو بووە، بەجۆرێك ڕۆڵ و كەسایەتییەكەی ئاوێتەی یەكتر دەبن، چۆپی دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەكانە و تا ئێستا لەچەندین كاری درامیدا بەشداری كردووە، لەدەرفەتێكدا بەمشێوەیە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.







ئەو‌ خانمە پێیوایە هیچ كارێكی هونەری كە ئافرەت كردبی بێ پەیام نەبووە و دەڵێ: دەبێ ئەوە بزانین کەهەموو دەسپێکێک بۆ کاری هونەری و هەر کارێکی تر بێت پێویستی بەمەنفەسێک هەیە تا بتوانێت ئەو پەیامەی کە هەیە لەو ڕێگەیەوە دەریپەڕێنیت یان دەری ببڕیت، وابزانم نە ئافرەت و نە هونەریش کەمتەرخەم نین لەم ڕوانگەیەوە کە بەهاوبەشی و هاریکردنیان لەگەڵ یەک توانیویانە ئەو کارە بکەن، ئافرەت هەم بۆ پێشخستنی پیشەکەی و‌ هەم بۆ پێشخستنی ڕەگەزەکەی ئەگەر تەنیا وەک تاکێک کارێکی کردبێت بێ پەیام و بێ ئاکام نەبووە.

چۆپی عەزیز دەربارەی بوونی ئافرەت لەگۆڕەپانی هونەری كوردیدا وای دەبینێت كە ئافرەت نموونەیەکی زیندووە کە ئێستا شان بەشانی پیاو گرنگی داوە بەهونەرەکەی کە دەتوانم بڵێم لەساڵانی زوودا واتە ساڵانی 60 - 70 کانی سەدەی ڕابردوودا عەوداڵی گەڕان بوون بەدوا ی ئافرەتێکدا کە ئەو کەلێنە گەورەیە پڕ بکاتەوەو کار و نمایشەکان جوان و جوانتر بکات کە ئەمە زۆر گرفتی بۆ پیاوان و هونەرەکەش دروست دەکرد، بەڵام ئێستا ئافرەت تواناو لێهاتوویی کەمتر نییە لەپیاوان و خاوەن داهاتویەکی ڕووناک و تەواوکەری سەرەکی جوڵانەوەی هونەری کوردییە.

خاتوو چۆپی وای دەبینێت كە درامای كوردی هەنگاوی باشی ناوە لەم بارەیەوە دەڵێ: دراما چەند قۆناغێک تێدەپەڕێنێت و گرنگی بەزۆر لایەن دەدات تا هەر لەو ڕێگەیەوە گوزارشت لەخەون و خولیاو خەم و ئازارەکان بکات، من پێموایە درامای کوردی ناتوانین بڵێین چارەسەری کێشەو گرفتەکانی ئافرەتی کوردیان کردووە، بەڵام هەنگاوێکی پتەوی ناوە کەوەک ئاوێنەیەکی ڕوون هەموو ئافرەتێ خواستەکانی خۆی تیا دەبینێتەوەو لەگەڵیدا دەژی و کۆتایی خۆی تێدا دیاری دەکات، کە ئەمە بۆ خۆی کارێکی زۆر باشەو دەکرێ جددیانەتر و دڵسۆزانەتر ئافرەت لەدراماو، دراما بۆ ئافرەت کار بکات.

سەبارەت بەو پرسیارەی كە ئایە درامای کوردی توانیویەتی جێگای خۆی لەدڵی بینەری کوردا بکاتەوە بەتایبەتی لەگەڵ ئەو هەموو زنجیرە دۆبلاژكراوە كوردی و عەرەبیانەی كە ئێستا لەشاشەكان نمایش دەكرێن؟ خاتوو چۆپی دەڵێ: بەدڵنییاییەوە درامای کوردی بینەرێکی زۆری هەیەو بەشەوقەوە سەیری دەکەن، لەبەر ئەوەی یەکەم زمان -گفتوگۆ (دیالۆگ) گفتوگۆ لەدراما ئاخاوتنێکە مۆرکێکی سۆزدار بەخۆوە دەگرێت، بۆیە نووسەری دراماکانمان دەبێت ئەو نووسینی گفتوگۆیە لەگەڵ هەست و سۆزی تەماشاکەردا ڕەچاو بکات کە ئەمەش زۆر کار لەبینەر دەکات و تێیدەگات و لەگەڵیدا دەژی لەبەر ئەوەی زمانەکە زمانی خۆیەتی بە دابونەریت و کلتورەكە ئاشنایە و باس لەو کێشەو گرفتانە دەکات کە ڕۆژانە دەیانبینێت و دەیانبیستێت، بۆیە لەو باوەڕەدام کە دراما کوردییەکان بینەرێکی باشیان هەیە.

خاتوو چۆپی هەروەها دەربارەی شەوقی بینەری كوردی بۆ زنجیرە بیانییەكان دەڵێ: من باس لەهەموو زنجیرە دۆبلاژکراوەکان ناکەم زیاتر زنجیرە مەکسیکییەکان و ئێستاش تورکییەکان كە بوونەتە شتێكی باو من نازانم بۆ چ مەبەستێک سەیری ئەم زنجیرانە دەکرێت لەبەر ئەوەی لەهیچ لایەنێکەوە نزیکبوونەوەیەک کۆمان ناکاتەوە نە دابونەریت و کلتورو نە زمان، ڕاستە دۆبلاژ دەکرێ و تێیدەگەی، بەڵام قەت ئەو هەستەت ناداتێ کە هەیە، من وای بۆ دەچم کە زیاتر گەنجان و بەتایبەتیش کچان تامەزرۆ بن، ئەویش زیاتر بۆ مۆدێلی جل و بەرگ و ڕەنگ و قژ و...تاد، بەڵام ڕووداوەکان زۆر بەخێرایی دەڕوات و سەرنجیان ڕادەکێشێ ئیتر کە ڕووداوەکان زیاتر بەرەو قوڵبوونەوە ڕۆیشتن ناتوانن لێی دەرچن و وازی لێ بێنن کە ئەمە بۆخۆی گیرۆدە بوونە لەبەر ئەوەی دراما هە‌یە 200 ئەڵقەیە ‌و کە ئەمە هە‌مووی کات کوشتنە، لەبری ئەوە فیلمی زۆر جوان و باش هەیە کە دەتوانرێ لەبری ئەوە سەیری بکرێن.

دەربارەی گرفتی دراماو شانۆی کوردیش، چۆپی پێیوایه كە گرفتەکان زۆرن هەم لەدراماو هەم لەشانۆدا کە چەند ساڵە هونەرمەند بەم گرفتانەوە ئەتلێتەوەو لەهەموو شوێن و گۆڤارو ڕۆژنامەو تەنانەت لای بەرپرسەکانیش باس دەکرێت، بەڵام هەر جێبەجێ ناکرێ، هەڵبەت گوێ نەگرتن و بایەخ نەدان خۆی لەخۆیدا لەتواناو بەهرەی هونەرمەند کەم دەکاتەوە.

لەكۆتاییشدا دەربارەی ڕۆڵی پەیمانگاو کۆلیژەکانی هونەرە جوانەکان لەپێگەیاندنی هونەرمەندان چۆپێ عەزیز وتی: کێ دەتوانێت هونەرمەندێک فێر بکات کە چۆن دەبێتە کارەکتەرێکی زیندوو وەها هونەرێک بخوڵقێنێت کە بینەرەکەی پێ بهەژێنێ، بەدڵنیاییەوە پەیمانگاو کۆلێژەکان پێگەیەکن کە بۆ فێربوون بەشێوەیەکی ئەکادیمی تا جەند بتوانیت ئەو هونە‌ر و زانیاریانە بەشێوەیەکی گونجاو بگەیەنیت، بەڵام ئەوەش دەکەوێتەوە سەر ئەو هونەرمەندە کە تا چەند هزر و توانای خۆی دەخاتە خزمەتی کارەکەی، دانەبڕان لەکارەکەی و پابەند بوون بەبەردەوام بوون و مەشق و ڕاهێنان، هونەر کارێکی هێندە ئاسان نییە، بەڵام لەسنووری توانای مرۆڤیش بەدەر نییە.



















Top