گۆرانیبێژی كوردی ناوداری جۆرجیا (سێڤدین) بۆ گوڵان:هەوڵمداوە ستایل و بۆنێكی نوێلەهونەری سترانبێژی كوردی دروستبكەم
سێڤدین وەك خۆی باسی دەكات، لەبەرئەوەی ئەو لەخانەوادەیەكی هونەری پەروەردە كراوە، كە تەژی بوونە لەمۆزیك و ئاوازی ڕەسەنی كوردەواری، بۆیە هەمیشە هەوڵیداوە مۆركێكی تایبەت بەكارە هونەرییەكانییەوە دیاربێت، ئەمەش بەو مانایەی سەبكێكی هونەری تایبەت بەخۆی هەبێت، بۆ ئەوەی بەم سەبك و ناسنامە هونەرییەی خۆیەوە لەنێو هونەرمەندانی دیكە بناسرێتەوە.
لەبارەی تایبەتمەندیی و ناسنامە هونەرییەكەی خۆیەوە، سێڤدین دەڵێت «هەر هونەرمەندێك ناسنامەیەكی هونەری تایبەت بەخۆی هەیە چ لەڕووی دەنگ و چ لەڕووی میلۆدییەكانییەوە، بۆیە پێویستە هونەرمەند لەهەر پڕۆژەیەكی هونەریدا داهێنانی هونەری تایبەت بەخۆی هەبێت، نەك دووبارە كردنەوە و كاوێژكردنەوەی كارەكانی پێشووی بێت، هەر ئەمەش دەبێتە پێوەری سەركەوتنی كارەكانمان، هەرچۆنێك بێت منیش لای خۆم هەوڵمداوە لەپڕۆژەی داهاتووم ستایلی خۆم جیابكەمەوە و داهێنانی تازە تۆمار بكەم، واتە ستایلێك و بۆنێكی نوێ لەهونەری سترانبێژی دروست بكەم، كە ببێتە مایەی ڕازی بوونی جەماوەرەكەم، بەشێوەك هەموو كارەكانم بەئامانجی ئەوەیە ڕووخساری جوان و داهێنەرانەی هونەری كوردی بەدنیا بناسێنم».
سێڤدین لەنۆبەرەی كارەكانی خۆیدا توانیویەتی هەردوو مۆزیكی ڕەسەن و مۆدێرن تێكهەڵكێش بكا و سەنتێزێكی هونەری لێدروست بكات، بەشێوەیەك تام و ڕۆح و شوناسە كوردییەكەی لەدەستنەدات، بۆیە ئەو پێیوایە لەئەلبومی یەكەمیدا تا ڕادەیەكی باش سەركەوتوو بووە و توانیویەتی ئەو ستایلەش بەسەركەوتوویی و بەحەزی خۆی تاقی بكاتەوە، كە لەئاستی میلۆدی و مۆزیك و تێكستەكانی بێت بۆ ئەوەی بەرهەمێكی ناوازەی لێ بخوڵقێنێت.
سێڤدین هێما بۆ ئەوەش دەكات كە لەكارە هونەرییەكانیدا هەمیشە هەوڵیداوە ببێتە دەنگی كوردانی بەشمەینەت و چەوساوە و لەڕێی گۆرانییەكانییەوە گوزارشت لەئێش و ئازار و خۆزگە و ئاواتەكانی كوردانی قەفقاسیا بكات. بۆیە ئەو وەك دەنگی ئاوازێكی غەریب و گریانێكی بەسۆز، زۆر بەدەنگی هونەرمەندی گەورەی كورد شڤان پەروەر سەرسامە و پێیوایە دەنگی شڤان ڕۆحێكە لەقوڵایی دیرۆكەوە هەڵدەقوڵێ و هەمیشە پارچەیەك لەڕۆحی خۆی لەئاواز و سترانەكانی ئەو دەبینێتەوە. لەبەرئەوە زۆر بەتاسە و سەلیقەیەكی گەورەوە هەوڵیداوە ڕۆحێكی تازە بەبەر سترانەكانی شڤان پەروەردا بكاتەوە و سەرلەنوێ هەندێ لەگۆرانییەكانی شڤان بەدەنگی خۆی لەئەلبوومەكەی خۆیدا تۆمار بكاتەوە. ئەمەش لەبەرئەوەی دەنگی هەردووكیان زۆر لەیەكترییەوە نزیكە. بەتایبەتی كاتێك شڤان پەروەر لەساڵی 2008 سەردانی جۆرجیای كردووە، پێكەوە گۆرانیان چڕیوە و شڤان زۆر بەدەنگی سێڤدین سەرسام بووە، بۆیە گوتویەتی: «بەڕاستی من شانازی بەوە دەكەم كە گەنجێكی كورد دەبینم گۆرانییەكانی من لەخۆم خۆشتر دەڵێتەوە و تەماسێكی ڕۆحی لەگەڵ ئاواز و هەستەكانی من پەیداكردووە».
سێڤیدن پێیوایە هونەری مۆزیك و سترانی كوردی قۆناخگەلێكی جوان و گرنگی بڕیوە، بەڵام لەهەمانكاتیشدا دەڵێ: «بەهۆی نەبوونی چاودێرییەوە زۆرجار هەندێ لەكارە هونەرییەكان لەنگیان تێدەكەوێ و بەرهەمەكان كرچ و كاڵ دەردەچن، بەتایبەتی ئەو كارە هونەریانەی ڕەنگدانەوەی هونەری ئەرابێسكن، بۆیە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە بەرهەمە هونەری و ناهونەرییەكان لێكتری جیا بكرێنەوە، تا قۆناخێكی گەشەسەندوو و گەشاوەتر لەمۆزیك و سترانی كوردی دەست پێبكەین». لەدرێژەی ئاخاوتنەكانیدا سێڤدین گوتیشی: «مۆزیكی كوردی پێویستی بەهەوڵگەلێكی هەمەلایەنە هەیە، پێویستی بەوە هەیە كە هەموومان لەلای خۆمانەوە مۆزیكی كوردی لەڕووی زانستی و تیۆرییەوە بەرەو پێشەوە ببەین، لەڕووی چێژ بەخشین بەبەرامبەر و هەموو ئەو لایەنە ئیستاتیكیانەی كە دەبێت لەهەر كارێكی هونەریدا ئامادەگی هەبێت».
سێڤدین وای دەبینێت، كە هونەری كوردی لەبواری ئەرشیڤسازی و ڕەخنە و تیۆریی مۆزیكدا زۆر لاوازە، ئەو لاوازییەش بۆ كۆمەڵێك هۆكار و دەرەنجامی جیاواز دەگەڕێتەوە، بەڵام دەڵێت: «لێرە و لەوێش هەوڵگەلی جیاواز دەبینرێ، بەتایبەتی كە ئەمڕۆ سەرنج دەدەین لەكوردستاندا دەیان گروپ و ناوەندی مۆزیكی هەیە و چەندان ڕەخنەگری باشی ئەو بوارەشمان هەیە، بەڵام تائێستا لەجێگەی ئومێدی گەورەدا نین كە بتوانین هەموومان پێكەوە ڕووی گەشی ستران و مۆزیكی كوردی دەربخەین، لەكاتێكدا لەرابردوودا كورد خاوەن دەیان هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناودار بووە، بەڵام تا ئێستا وەك پێویست ئاوڕ لەو هونەرمەندانە نەدراوەتەوە. لەبەرئەوەی ئەم پاشخانە هونەرییە دەوڵەمەندەمان هەیە، كە هەموویان سەلوا و سامانێكی گەورەی هونەری بوون بۆ ئێمە و لەڕووی ئەرشیڤی و ڕەخنەیی و تیۆرییەوە پێویستە كاری گەورەیان لەسەر بكەین، ئەمەش بەمە بەستی خزمەتكردن و پڕكردنەوەی بۆشایی كاری هونە ڕی، بەتایبەت لەبڵاوكردنەوەی بەرهەمە هونەری مۆزیك و هەروەها ڕێكخستنی هونەری مۆزیك».
سێڤدین لەبارەی ئەو ئاستەنگانەی لەكاری هونەریدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، دەڵێت: «لەڕاستیدا بەهۆی دووریمان لەهونەرمەندانی دیكەی پارچەكانی كوردستان و هەروەها نالەباری باری ئابووری لەوڵاتی گورجستان، كارە هونەرییەكانمان زۆر بەدژواری بەڕێوە دەبەین، لەبەرئەوەی هیچ كەس و لایەنێك نییە پاڵپشتیمان بكات و لەهەمانكاتدا لەنێو كوردەكانی جۆرجیا ستودیۆیكی دەنگی پرۆفیشناڵمان دانەمەزراندوە بۆ كۆكردنەوەی ئەو بەهرە كوردیانە و كۆكردنەوەی مەقام و گورانیە ڕەسەنە كوردیەكان كە تا ئیستا ڕێكنەخراون، بۆیە داوا لەبڕیاربەدەستانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە ئاوڕێكی جددی لەبرا كوردەكانیان لەوڵاتانی قەفقاسیا وەك جۆرجیا، ئەرمینیا، ئازەربایجان و ڕووسیا بدرێتەوە، كە لێوانلێون لەبەهرەی هونەری ناونازە و دەتوانن لەڕێی هونەرەكانیانەوە خزمەتی كورد و كوردستان بكەن».