شیلان عوسمان: تا ئێستا هاوكاری ماددی نەكـراوم و بەردەوامیش بووم

شیلان عوسمان:   تا ئێستا هاوكاری ماددی نەكـراوم و بەردەوامیش بووم
شیلان عوسمان یەكێكە لەكچە دەنگخۆشەكانی شاری سلێمانی لەساڵی 1980 لەو شارە لەدایكبووە و لەساڵی 1997 گۆرانی (عەشق باران)ی بڵاوكردەوە، تا ئێستا خاوەن سێ ئەلبوومی گۆرانییە و ئەندامی تیپی كیژانی سلێمانی بووە، بەڵام ئێستا ڕووی لەستایلی سوننەتی كردووە، لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە هۆكاری ماددی سوود لەتوانا و بەهرەكانی ئەم هونەرمەندە وەرنەگیراوە و ئەو كارانەشی كە ئەنجامیداون بەماندوو بوونی خۆی بووە و وەك خۆی دەڵێت وەكو پێویست لەڕووی ماددییەوە هاوكاری نەكراوە، لەدەرفەتێكدا شیلان عوسمان بەم شێوەەی وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.



* تۆ زۆر دەمێكە لەگۆرانی وتن دووركەوتویتەوە، بەڵام دوای دابڕانت ئێستا بەستایلی سوننەتی گۆرانی دەڵێی؟
-من ماوەیەكی زۆرە سیدیەكم بەئەنجام گەیاند لەساڵی 2003 دا دوا ئەلبوومی خۆمم بەناوی سۆزی دایك پێشكەش كرد، ماوەیەكی زۆر لەهونەر دابڕام، بەڵام ئێستا كاری سوننەتی دەكەم زۆرپێی مورتاحم، چونكە كاری سوننەتی زیاتر لەگەڵ واقعی فۆلكلۆری كوردیدا دەگونجێت.
* پشت بەتێكستی چ شاعیرێك دەبەستیت؟
- بەشێوەیەكی گشتی و بەردەوام پشت بەتێكستی هیچ شاعیرێك نابەستم، بەڵكو هەر شاعیرێك تێكستی جوانی هەبێت بگونجێت لەگەڵ ئەداو بەهرە و ستایل و توانای منداو بزانم تێیدا سەركەوتوو دەبم دەیكەمە گۆرانی، بۆیە هەرگیز پشت بەشاعیرێكی دیاریكراو نابەستم.
* وەك ئافرەتێك پشت بە شاعیرە ئافرەتەكان ببەستیت باشتر نییە؟
ــ پێموایە گۆرانیبێژ پشت بەیەك شاعیری دیاریكراو نەبەستێت و بڵێ من تەنیا تێكستی ئەو شاعیرە دەكەمە گۆرانی و لە بەرهەمەكانمدا بەكاریان دەهێنم، پێمخۆشە هەر كەسێك هەر شاعیرێك تێكستێكی بەهێز و كاریگەر و جوانم پێ بەخشێت من دەیكەمە گۆرانی، واتا بەبێ جیاوازی هەر كەسێك پیاو یان ئافرەت تێكستەكەی جوان بێت من دەیكەم بە گۆرانی، واتە وەك شیلان عوسمان گوێ بەوە نادەم شاعیرەكە ئافرەتە یان پیاو هەركەسێكبێت، بۆیە تێكستی شاعیری ئافرەت و هی پیاویشم كردۆتە گۆرانی.
*چی دەڵێی بۆ ئەو ئافرەتانەی گۆرانییەكانیان بۆ ئافرەتە نەك بۆ ڕەگەزی نێر؟
- من گۆرانییەكانم زیاتر بۆ ڕەگەزی بەرامبەر واتە بۆ(پیاو) وتووە، چونكە من ئافرەتم واباشترە گۆرانیەكان بۆ ڕەگەزی بەرامبەر بێت، بەڕای من جوان نییە من وەك ئافرەتێك گۆرانی بۆ خۆم بڵێم، هەر لە بەر ئەمە زیاتر گۆرانی بۆ بەرامبەرەكەم دەڵێم.
* هەندێك هونەرمەند هەن بە بەردەوامی هاوكاری ماددی دەكرێن، ئایا شیلان وەك هونەرمەند هیچ هاوكاری كراوە؟
- من لەزۆر ڕووەوە هاوكاری مەعنەوی كراوم و هاندراوم و دەستخۆشیان لێكردووم و پشتگیرییان كردووم، بەڵام وەك هاوكاری ماددی زۆر سەردانی وەزارەتی ڕۆشنبیریم كردووە و سەردانی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری لای كاك عەباسم كردووە بەڵێنیان پێداوم كە هاوكاریم بكەن بۆ ئەنجامدانی بەرهەمێكی هونەری، بەڵام تا ئێستا هاوكاری نەكراوم و هیچم بۆ نەكراوە.
* جاران باسی نەبوونی كچ دەكرا، بەڵام ئێستا هونەرمەندی كچمان زۆرە كەچی دەبینین گلەیی زۆریان لێدەكەن؟
- بەڵی من تا ئێستا هیچ گلەییەكەم لێنەكراوە، لەبەر ئەوەی من هیچ ترسێكم نییە لەكارەكانی خۆم، بەڵام لەبواری هونەری بەشێوەیەكی گشتی گلەیی دەكرێت و ڕەخنەش دەگیرێت.
* ئێستا بەهەموو شێوە و ستایلێك گۆرانی دەگوترێت كە زۆر جار لەكلتور و نەریتی كوردی دوورە، هونەرمەند لەم ڕووەوە تاچەند ئازادە؟
-هەر كەسێك بۆ خۆی ئازادە چ جۆرە ڕێچكەیەك هەڵدەبژێرێت و چۆن گۆرانی دەڵێت، بەڵام پێویستە لەكاتی هەڵبژاردنی تێكستەكاندا پێویستە ئەوە لە بەر چاو بگرێت كە تاچەند دەگونجێت لەگەڵ كۆمەڵگەی ئێمەدا و تا چەند قبووڵ دەبێت لای جەماوەر.
* ڕات چییە بەرامبەر بەو هونەرمەندانەی شەوان لەیانەكان ئاهەنگ دەگێڕن؟
- بەرای من ئەوە شتێكی ناشرین نییە، زۆر هونەرمەند لەڕووی مادییەوە پێوستی بەوە هەیە ئاهەنگ بگێڕێت، ئەمە بێجگە لەوەی هەموو كەسێك ئازادە كە چۆن و لەكوێ گۆرانی بڵێت یان ئاهەنگ ساز بكات، زۆر هونەرمەند هەیە باش دەیانناسم كە پێویستیان بەوەیە شەوان لەیانەی شەوانە گۆرانی بڵێن، چونكە هونەرمەندیش مرۆڤەو پێویستە بژێوی ژیانی خۆی پەیدا بكات.
* حەز دەكەن دوایین كار و بەرهەمی خۆت بە خوێنەران ئاشنا بكەی؟
- چەند پرۆژەیەكم لە بەردەستدایە ئەگەر هاوكاری بكرێم ئەنجامیان دەدەم، بەڵێنیان داوە مەبلەغێك پارەم بۆ خەرج بكەن، ئەوكات دەتوانم بڵاوی بكەمەوە، هەرچەندە بەرهەمەكانی من لەكوردستان بڵاو دەبنەوە، بەڵام پێویستیان بەپارەی زۆر هەیە ئەگەر هاوكاری بكرێم ئەوكات دەتوانم بەرهەمەكان بخەمە بەر گوێی بینەران و بیسەرانی بەڕێز، هەروەها بە پێویستی دەزانم لێرەوە زور زۆر سوپاسی سەنتەری گمۆ گروپی مەحوی دەكەم كە زۆر هاوكاریان كردووم و هەر ئەوانیش بەنیازن بەرهەمێكی جوانم بۆ ئامادە بكەن.



Top