بە ئامادەبوونی دەیان هونەرمەند تەرمی (وەردە جەزائیری) لە قاهیرەوە بۆ جەزائیر بەڕێ كرا
زۆربەی ئەو هونەرمەندانەی لە مزگەوتی ناوبراودا ئامادە بوون، بە چاوی پڕ فرمێسك و حەسرەتێكی قووڵەوە لە تابووتەكەیان دەڕوانی و باسی ئەوەیان دەكرد، كە هاوڕێیەكی دێرین و ئەستێرەیەكی ناوداری گۆرانیی عەرەبی ماڵئاوایی لێ كردین. لەو گۆرانیبێژە هەرە ناودار و بەناوبانگانەی كە بە كوڵ بۆ (وەردە) دەگریا (هانی شاكر) بوو.
(وەردە) جەزائیری یەكێكە لەو گۆرانیبێژانەی لە ساڵانی حەفتا و هەشتایەكاندا شان بە شانی (كلسوم و مەیادە و فەیروز) ناوبانگەكەی هەموو دنیای عەرەبی تەنیبوو و زۆرترین جەماوەریشی هەبوو، بۆیە كاتێك ماڵئاوایی لە ژیان كرد، حكوومەتی جەزائیر بڕیاری دا، لە گۆڕستان (جیهانی) بینێژن، كە یەكێكە لەو گۆڕستانانەی تەنیا سەرۆك و كەسە ناودارەكانی جەزائیری لێ دەنێژرێن.
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە (وەردە جەزائیری) لە تەمەنی 73 ساڵیدا ڕۆژی پێنجشەممە بە سەكتەی دڵ ماڵئاوایی لە ژیان كرد.