سینەماكارێكی كورد خەڵاتی سەرەكی فیستیڤاڵی "بلاک"ی ئەڵمانی بەدەستهێنا

سینەماكارێكی كورد خەڵاتی سەرەكی فیستیڤاڵی
كورتە فیلمی "دەنگی باران" لە دەرهێنانی جەلال ساعیدپەنا خەڵاتی سەرەكیی 14مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "بلاک"ی ئەڵمانی بەدەستهێنا.
بە پێی راگەیاندنی گشتیی ئەم فیلمە، كورتە فیلمی "دەنگی باران" لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد جەلال ساعیدپەنا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماكارە سنەییە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕكێی چاردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "بلاک" لە شاری بەرڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایشكرا و توانی خەڵاتی سەرەكیی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە لە نێوان 54 فیلمی ئەورووپی و ئەسیایی بەدەستبێنێت.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی كۆمەڵێك كورتە فیلمی چیرۆكی، ئەنیمەیشن، دیكۆمێنتی و ئەزموونی لە سینەماكارانی سەرتاسەری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێی و هەروەها بەشی بەرهەمەكانی كۆمپانیای سینەمایی "ستاك فیلم"ی سنە لە رۆژانی 2 تا 8ی مای 2012 لە شاری بەرڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا و بە شێوەی هاوكات لە وڵاتی ئەمەریكا بەڕێوەچوو.
كۆمپانیای سینەمایی "ستاك فیلمی سنە" بە بەرپرسیاری سەتار چەمەنی گوڵ و خاتوو ڤیدا ساڵحی فیلمی "دەنگی باران" لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەكاتەوە.
ئەمساڵ فیستیڤاڵی فیلمی "بلاک"ی ئەڵمانی بەشێكی تایبەتی تەرخانكردبوو بە بەرهەمەكانی كۆمپانیای سینەمایی "ستاك فیلمی سنە" و لەم بەشەدا 10 كورتە فیلمی كوردی و فارسی تیایدا نمایشكران، لەوانە: "رۆیشتن" لە دەرهێنانی سالم سەڵەواتی لە شاری سنە، "كۆڵانێك پشت ماڵی ئێمە" لە دەرهێنانی شیلان سەعدی لە شاری مەهاباد، "سنووری شكاو" لە دەرهێنانی كەیوان كەریمی لە شاری بانە، "مرۆڤەكان" لە دەرهێنانی ماشەڵڵا محەمەدی لە شاری سنە، "دوایین رۆژەكانی ڕەشەمە" لە دەرهێنانی ئەمیر عەلی وەیسی لە شاری سنە، "فریشتەكانی رزگاری" و "شیلەی بەرد" لە دەرهێنانی سەتار چەمەنی گوڵ لە شاری سنە، "ئاسكۆ" لە دەرهێنانی عەلی هاشم زێهی لە شاری زاهیدان، "چ سوێر بوو دەریاچەی ئێمە" لە دەرهێنانی حەسەن قارەمانی تاران لە شاری و "بنەماڵەی سالم" لە دەرهێنانی ئەمیر حوسێن تورابی لە شاری تاران.
كورتە فیلمی "دەنگی باران" دوایین بەرهەمی جەلال ساعیدپەنایە، تاكوو ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نمایشكراوە و چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستهێناوە، لەوانە: خەڵاتی باشترین فیلم لە بەشی پێشبڕكێی "ئاسیا" لە 28مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی كورتە فیلمی "تاران" لە وڵاتی ئێران، خەڵاتی باشترین كورتە فیلمی چیرۆكی لە نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تیرانا" لە وڵاتی ئاڵبانی، خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەری حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی "لەندەن" لە وڵاتی بەریتانیا، خەڵاتی سەرەكی و هێلكەی زێڕینی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی "دهۆك ـ بەرڵین" لە شاری دهۆك لە هەرێمی كوردستان، خەڵاتی ئاسكی زێأین، دیپڵۆمای فەخری و خەڵاتی نەقدی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی "سلێمانی" لە شاری سلێمانی لە هەرێمی كوردستان، رێزنراو لە بەشی "پەرەپێدان بە كەلەپووری شارۆمەندی" لە 41مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "روشد" لە وڵاتی ئێران و خەڵاتی باشترین كورتە فیلمی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی دیجیتاڵی هێندستان.
"دەنگی باران" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی جەلال ساعیدپەنا لە بەشی پێشبڕكێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف" لە وڵاتی ئیمارات نمایشكرا و خەڵاتی گەورەی باشترین كورتە فیلمی بەشی نێودەوڵەتی ئەم فیستیڤاڵەی بەدەستهێنا.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی كۆمەڵێك فیلمی بڵندی سینەمایی و دیكۆمێنتاری، كورتە فیلمەكانی چیرۆكی، ئەنیمەیشێن، ئەزموونی و دیكۆمێنتی لە رۆژانی 10 تا 16ی ئەپریلی 2012 لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەچوو.
Top