هۆزان ئالین:بەزمانی بیانی خزمەتی هونەری كوردی دەكەم

هۆزان ئالین:بەزمانی بیانی خزمەتی هونەری كوردی دەكەم
هۆزان ئالین خەڵكی ناوچەی دێركا حەمكۆی ڕۆژئاوای كوردستانە، ئێستا لەوڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە، تا ئێستا دوو سیدی بڵاوكردۆتەوە و خەریكی ئەنجامدانی سیدیی سێیەمیەتی، هەروەها جگە لەزمانی كوردی بەچەندین زمانی دیكە گۆرانی دەڵێ، ماوەیەك بوو لەكوردستان بوو بۆ ئەنجامدانی چەند كارێكی هونەری.



ئالین یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە گۆرانییەكی هونەرمەند ئەیاز یوسفی بەشێوە و دابەشكردنێكی نوێوە بڵاو و تۆمار كردەوە و پێیوایە هەمیشە میللەتی كورد تووشی زوڵم و و زۆرداری و هەوڵی لەناوبردنی زمان و كەلتوری دراوە، گۆرانی كوردیش بێبەش نەبووە لەو هەوڵانە كە بۆ لاوازكردن و لەنابردنی دراون، ئەوەی كە گۆرانی كوردی بەزیندوویی هێشتەوە گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان بوون، بۆیە گۆرانی فۆلكلۆری بەبناغەی هونەری كوردی دەزانێت و بۆیەش هەوڵ دەدات هەمیشە بەدەنگ و ستایلی خۆی گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان بەشیوازێكی نوێ بڵێـتەوە بۆئەوەی لەڕێگای فۆلكلۆری ڕەسەنی كوردەوارییەوە خزمەت بەكەلتور و هونەری میللەتی خۆی بكات، ئالین وای دەبینێت كە فۆلكلۆر گوزارشت لەناخی هەر نەتەوەیەك دەكات و ڕابردووی زیندوو دەكاتەوە، بۆیە پێویستە بەچاوێكی بەرزەوە سەیری فۆلكلۆری خۆمان بكەین.
ئالین پێشوازی كردنی جەماوەر لەسیدییەكان بەجۆرێك لەپێوەر دەزانێت بۆئەوەی كە توانیویەتی مافی ئەو گۆرانییە فۆلكلۆریانە بدات كە پێشكەشی كردوون و دەڵێ: لەهەردوو سیدی پێشوومدا ژمارەیەك گۆرانی فۆلكلۆر هەبوون، ئەگەر ڕەخنەیەكیش لەسیدییەكان گیرابێت، بەڵام ڕەخنەیەكی ئاسایی بوو و منیش پێم باش بووە، ئەگینا پێشوازی جەماوەر لەسیدییەكان من بەنیشانەی ئەوەی دەزانم كە توانیومە مافی گۆرانییەكە بدەم.
جگە لەزمانی كوردی ئالین بەچەندین زمانی دیكەی بیانیش گۆرانی دەڵێ، سەبارەت بەم مەسەلەیە ئالین دەڵێ: من بەزمانی ئەرمەنی و ئاشووری گۆرانیم وتوە و هەردووكیانیشم بەكلیپ بڵاوكردۆتەوە، هەروەها لەساڵی 2007 لەیەكەم سیدی خۆمدا بەزمانی سریانیش گۆرانیم وتووە، لەسیدی سێیەمیشدا گۆرانییەكم بەزمانی ئینگلیزی دەبێت، هەروەها بەزمانی ڕووسیش گۆرانیم وتووە، واتە جگە لەزمانی كوردی بەپێنج زمانی دیكە گۆرانیم وتوە، پێیوایە ئاساییە هونەرمەند بەزیاتر لەزمانێك گۆرانی بڵێ و دەربارەی هەڵبژاردنی تێكستی گۆرانی غەیرە كوردی دەڵێ: من خۆم زۆر جار تێكستی ئینگلیزی دەنووسم، هەروەها كچە هونەرمەندێكی ئەڵمانی نیشتەجێی بەرلین بەناوی (كاسرین) زۆر هاوكاریم دەكات، هەروەها مامۆستایەكی دیكە هەیە (ناتالیا)ی پێدەڵێن ئەویش زۆر هاوكاریم دەكات بەتایبەتی لەدانانی قافیەی شیعری ئینگلیزی و ئەڵمانی ئەمیش زۆر هاوكاریم دەكات لەو گۆرانیانەی بەزمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی دەیڵێم، تێكستی گۆرانییەكانیش نەتەوەیی و ئەڤینداری بوون.
هەندێك كەس پێیانوایە وتنی گۆرانی بەزمانی بیانی زیاتر خزمەت بەو زمانە دەكات نەك زمانی خودی هونەرمەندەكە، لەم بارەیەوە ئالین ئاماژە بەوە دەكات كە دەستپێكی كاری هونەری و هاتنە ناو مەیدانەكە بەمەبەستی خزمەتكردنی هونەری كوردی بووە بەهەموو شێوەیەك، ئێستاش هەوڵ دەدات شتی نوێ پێشكەش بكات، من حەز دەكەم بەچەندین زمان گۆرانی بڵێم و هەوڵ دەدەم كورد و كەلتور و هونەرەكەی بەنەتەوەكانی دیكەش بناسێنم و پێیان بڵێم هونەرمەندی كوردی جگە لەزمانی خۆی دەتوانێت بەزمانی دیكەش گۆرانی و بڵێت و چۆن خزمەت بەهونەری خۆی دەكات دەتوانێت خزمەت بەهونەری دیكەش بكات و لەڕێگای ئەم كارەوەش دەتوانین هونەری خۆمان زیاتر بناسێنین لەنێو میللەتانی دیكەی جیهان بەتایبەتی ئەو میللەتانەی كە هاوسۆزن لەگەڵ كێشەی كورددا.
ئالین پێوەندیی لەگەڵ هونەرمەندان بەباش دەزانێت جا هونەرمەنەندانی كورد بن یان بیانی و بەحوكمی ئەوەی لەئەڵمانیا ژیان بەسەر دەبات و ناتوانێت بەردەوام لەكوردستان بمینێتەوە پێوەندییەكانی بەو شێوەیە نییە كە خۆی حەز دەكات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێوەندییەكانی بەباش دەزانێت، ئالین دیسان لەم بارەیەوە دەڵێت: لەسیدیی یەكەمم كە بەناوی (من بهیستییە) یەكەم كلیپی ئەو سیدیە لەگەڵ هونەرمەند خەیرۆ عەباس كارم كرد، لەسیدیی دووەمیش لەگەڵ هونەرمەند كاوە گۆرانییەكمان بەدۆیت وت، لەسیدی سێیەمیش لەگەڵ هونەرمەندێكی ئەڵمانی كار دەكەم.
پەیامی ئالین لەڕێگای هونەرەكەی ئەوەیە ڕۆح و هەستی بەخاكی كوردستان و كەلتور و هونەری كوردییەوە گرێدراوە، زۆریش حەز دەكەم لەڕێگای هونەرەكەمەوە خزمەتێك بەگەل و وڵاتەكەم بگەیەنم و هەمیشە لەپێشكەوتن بەردەوام بم و ڕۆژ دوای ڕۆژ داهێنانی نوێ لەكاری هونەری خۆمدا بكەم و هونەرێكی ڕەسەن كە هەڵقوڵاوی ئەم میللەتە ستەمدیدەیە بێت پێشكەش بكەم و بەجیهانیش بڵێم كە ئێمەی كوردیش هیچمان لەنەتەوەكانی دیكە كەمتر نییە.
لەپاڵ كارە هونەرییەكانی ئێستا ئالین خەریكی خوێندنە و قوتابی ماجستێرە لەبواری دەرمانسازی، ئەمەش بۆ ئافرەتێك ئاسان نییە، بەڵام هەوڵ دەدات جۆرێك لەباڵانس لەنێوان كاری هونەری و خوێندن ڕابگرێت ئەمەش لەسەر حسابی ئەرك و ماندووبوونی خۆیەتی، بەڵام وەك خۆی دەڵێت زۆر حەز لەدیسپلین و ڕێز لەكات دەگرێت و كاتی خۆی دابەشكردووە بۆئەوەی بتوانێت سوود لەكاتی خۆی وەربگرێت، چونكە لەوڵاتێكی وەك ئەڵمانیا ئەگەر كەسێك هونەرمەند بێت و لەهەمان كاتدا قوتابیش بێت ئەگەر باڵانسێك ڕانەگرێت، ئەوا سەركەوتنی لەهەردوو بوارەكە زۆر زەحمەت دەبێت.
دەربارەی سێیەم سیدی خۆی كە هێشتا بڵاو نەكراوەتەوە و بڕیار وایە لەدەرفەتێكی نزیكدا بڵاوبكرێتەوە هۆزان ئالین دەڵێ: ئەم سیدییە لە12 تراك پێكهاتووە و كە جگە لەزمانی كوردی بەزمانەكای ئینگلیزی و ئەڵمانیش گۆرانی تێدایە، یەكێك لەگۆرانییەكان بەهەردوو زمانی كوردی و ئەڵمانییە، تێكستی دوو گۆرانیی هی خۆمە، هەروەها دوو گۆرانی بەشێوەزاری سۆرانییە كە بەدوو لەخۆشترین گۆرانییەكانی من دادەنرێن و ئەرك و ماندوو بوونێكی زۆریشم كێشا تاكو توانیم تەواویان بكەم، بەشێوەیەكی گشتی بەرهەمێكی جوان و خۆشە و هیوادارم بەدڵی جەماوەر بێت.







Top