له‌دیاربه‌كر ده‌زگاى كه‌ڤاڵ، 17 ده‌رهێنه‌رى خه‌لاَت كرد

له‌دیاربه‌كر ده‌زگاى كه‌ڤاڵ، 17 ده‌رهێنه‌رى خه‌لاَت كرد
راگه‌یاندنى ده‌زگاى كه‌ڤاڵ
له‌درێژه‌ى چالاكییه‌كانى خۆیدا له‌ شارى ئامه‌د و له‌میانى چالاكییه‌كانى فێستیڤاڵی شانۆی ئامه‌د، ده‌زگاى كه‌ڤاڵ بۆ راگه‌یاندن و به‌رهه‌مهێنانى هونه‌رى خه‌لاَت و برِوانامه‌ى رێزلینانى به‌خشیه‌ سه‌رجه‌م شانۆگه‌رییه‌ به‌شداره‌كانى فێستیڤاڵ كه‌ بریتى بوون له‌ "17 شانۆگه‌رى له‌ سه‌رجه‌م پارچه‌كانى كوردستان.
فێستیڤاڵی شانۆی ئامه‌د كه‌ له‌ رۆژانى 29/4/2012 ده‌ستی پێكردو له‌ 6/5/2012 كۆتایی هات تێیدا 17 شانۆگه‌رى له‌هه‌رچوارپارچه‌ى كوردستان نمایشكراو ده‌زگاى كه‌ڤاڵ له‌و فێستیڤاڵه‌داو به‌ ئامانجى بره‌ودانى زیاتر به‌ شانۆو شانۆكاران برِوانامه‌و خه‌لاَتى رێزلێنانى به‌خشیه‌ سه‌رجه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ به‌شداربووه‌كانى فێستیڤاڵ.
به‌گوێره‌ى راپۆرتى راگه‌یاندنى به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌زگاى كه‌ڤاڵ هاتووه‌، كه‌ ده‌زگاى كه‌ڤاڵ به‌ ئامانجى خزمه‌تكردنى زیاتر به‌ شانۆكاران و بره‌ودان به‌ تواناكانیان به‌ ئه‌ركى سه‌رشانى خۆی زانى ده‌رهێنه‌ران و شانۆكارانى به‌شدار له‌ فێستیڤاڵی ئامه‌د خه‌لاَت بكا.
هه‌ر له‌و راپۆرته‌دا هاتووه‌ له‌ ده‌ستپێكى فێستیڤاڵه‌كه‌شدا ده‌زگاى كه‌ڤاڵ برِوانامه‌ى رێزلێنانى به‌خشیوه‌ته‌ سه‌رجه‌م سه‌ركه‌وتووانى به‌شی پێشبرِكێی تێكستى كوردی كه‌ بریتى بوونه‌ له‌"دڵشاد حسێن، گه‌زیزه‌ عومه‌ر، دلبه‌ر هێما، به‌هار حوسێنى، ته‌یب ته‌مه‌ل".
له‌كۆتابه‌شی راپۆرته‌كه‌دا ناوى سه‌رجه‌م ئه‌و شانۆگه‌رییانه‌ خراوه‌ته‌رِوو كه‌ له‌فێستیڤاڵی ئامه‌د نمایشكراون و برِوانامه‌ى رێزلێنانى ده‌زگاى كه‌ڤاڵیان پێبه‌خشراوه‌، كه‌ بریتین له‌"شانۆگه‌رى قه‌فه‌س، شانۆگه‌رى خولاَمێ دوو خودێ، شانۆگه‌رى دیسكۆ 5، شانۆگه‌رى تانكه‌ر، شانۆگه‌رى چار دیالۆگ، شانۆگه‌رى كالیگۆلا، شانۆگه‌رى میترا، شانۆگه‌رى كایۆ مخه‌نه‌ت، شانۆگه‌رى خاڵ و خوارزا، شانۆگه‌رى شریت، شانۆگه‌رى په‌پووجین من ئه‌ن خویشك، شانۆگه‌رى بووكه‌ بارانێ، شانۆگه‌رى بیزا مه‌سه‌ل ئه‌نله‌تمه‌ین، شانۆگه‌رى حه‌فت و هه‌شت، شانۆگه‌رى قرینا ئاژه‌لاَن، شانۆگه‌رى ماكبێس، شانۆگه‌رى من و ئه‌و".
Top