سیریل: لای ئێمە خۆ ڕووتكردنەوە تاوانە و لەئەوروپا بەشێكە لەجوانی

سیریل: لای ئێمە خۆ ڕووتكردنەوە تاوانە و لەئەوروپا بەشێكە لەجوانی
خانمه هونەرمەند سیریل ڕایگەیاند ئەركی من ئەوه ‌نییە وەڵامی هەموو تۆمەتباركردنێك و قسەیەك بدەمەوە، پێشیوایە تۆمەتباركردن بەبێ بنەما كارێكی زۆر ئاسانە لەوڵاتی ئێمەدا.
سیریل لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان وتی (لەنێو خەڵكی ئێمەو وڵاتی ئێمەدا تۆمەتبارکردنی بێ بنەما زۆر ئاسانە، بۆیە ئەركی من نییە هەر كەسێك قسەیەك یان لێدوانێكی بەرامبەر بەمن وت من بچم وەڵامی هەموو تۆمەتبارکردنێك یان قسەیەك بدەمەوە و كاتی خۆم بەو شتانە بەسەر بەرم).
سیریل ئەوەش دەخاتەڕوو كە لەوڵاتی ئێمە خۆ ڕووتکردنەوە تاوانە، بەڵام لێرە(لەدەرەوە) ئەو كارە پێوەندی بەشەخسی خۆتەوە هەیە و هەر كەسێك ئازادە چۆن و كەی دەردەكەوێت بێ ئەوەی كەسێك بتوانێت تەداخولی ژیانی تایبەتی بكات، بۆیە دەبینین لەوڵاتی من و تۆ خۆ ڕووتکردنەوە ناشیرینیە و لەوڵاتانی تر بەشێکە لەجوانی ئافرەت.
سیریل پێیوایە ئەگەر مرۆڤ خەریكی ئەوە بێت پاكانە بۆ هەموو ئەو تۆمەتباركردن و قسانە بكات، ئەوا تەنانەت كاتی بۆ خودی خۆی نامێنێت كە چۆن ژیان بەسەر بەرێت نەك ئەوەی بتوانی كاری هونەری ئەنجام بدەی، چونكە هەر كارێك بكەی قسە دەكرێ.
سیریل كە لەدايكبووى شارى سلێمانییە, بۆ ماوەی 20ساڵە لەوڵاتی سوید لەشاری ستۆكهۆڵم دەژیت.
سەبارەت بەناوی خۆی دەڵێ لەکوردستان ناوی ئەسڵیم بەڕەسمی (سروە)بووە واتە بە(سروە) تۆمار كراوە، بەڵام لەناو خانەوادەی خۆم هەر لەمنداڵییەوە بەسیریل بانگکراوم بەتایبەت لەلایەن باوکی خوالێخۆشبووم.
دەربارەی هاندان و پشتگیری باوكی دەڵێ: باوکم دەیزانی کە موزیک و گۆرانی وتن یەكێكن لەئاواتە هەرە گەورەكانم، بۆیە زۆر حەزی دەکرد بەئاواتەکانم بگەم، بەڵام بەداخم باوکم ئەوەی نەبینی کە من گەیشتوومەتە یەکێک لەئاواتەكانی ژیانم ئەویش گۆرانی وتنە، مەرگ ڕێگای پێنەدا ببینێ كە من دڵمخۆشە و ئاواتەكەم هاتە دی، چونكە بەر لە3 ساڵ باوکم ماڵئاوایی لەئێمەو لەژیانی کرد، بۆیەش حەزم کرد ناوە هونەرییەکەم سیریل بێت، ئەو ناوەی کە باوکم پێی بانگ دەکرم، ئەمەش وەك خۆشەویستی و وەفادارییەكی بچووك بۆ باوکم، بۆ ئەوەی هەرکات گوێم لەناوی خۆم بوو خۆشەویستی باوکم ڕامچەڵەکێنێتەوە و ڕۆژە جوانەکانم لەگەڵ ئەودا بیر بهێنێتەوە.
جێگاى ئاماژە پێدانە سیریل خاون دوو کلیپە كە بەشێوەیەكی زۆر پێشكەوتوو و جوان تۆمار كراون و هەر بەم دوو بەرهەمە زیاتر لەلایەن خەڵکەوە ناسرا.
Top