زۆیــا:بەردەوام وەكو دایكێك ژیان بەسەردەبەم نەوەك هونەرمەند
زۆیا یەكێكە لەو هونەرمەندە دەنگخۆش و ناسكانەی كە لەماوەیەكی كەمدا بوونی خۆی وەك ئافرەتێكی هونەرمەند و بەتوانا سەلماند، چونكە كاری هونەری لەشوێنێكی وەك سوریا بۆ كچە كوردێك تا ڕادەیەكی زۆر زەحمەت و ئەستەمە.
زۆیا لەساڵی 1986 لەقامیشلۆ لەدایكبووە، لەتەمەنی دوانزە ساڵیەوە دەستی بەكاری هونەری كردووەو لەسەرجەم چالاكیەكانی قوتابخانەكان بەشداریكردوە، بۆ یەكەمجار لەساڵی2003 بەشێوەیەكی ڕەسمی لەئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەی گۆرانی وتووە، لەساڵی 2006 یەكەم بەرهەمی خۆی بڵاوكردۆتەوە بەناوی (چاڤێ تە) سێ گۆرانی ئەو بەرهەمەشی كلیپ كردووە، لەساڵی2010 بەرهەمێكی دیكەی تۆماركردوە بەناوی (هێڤی مە) لەم بەرهەمەشی چەندین كلیپی بۆگۆرانییەكان كردووە.
زۆیا لەدیمانەیەكی تایبەت بۆ گۆڤاری گوڵان دەڵێت «هاتنی ئەمجارەم بۆ كوردستان بۆ شەشەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بووە كە هونەرمەندانی هەرچوار پارچەكانی كوردستان تێیدا بەشدار بوون، منیش وەكو هونەرمەندێكی ڕۆژئاوای كوردستان بەچەند چالاكییەكی هونەری جیاجیا بەشداریم لەم فیستیڤاڵەدا كرد، جگە لەمەش چەندین كۆنسێرتی تریشم ئەنجامدا. ئەم خانمە هونەرمەندە وەك باسی دەكات زۆر حەز دەكات گۆرانی فۆلكۆری بڵێتەوە، دەشڵێ: گەلێك گۆرانی فۆلكۆری هەن كە مردوون و خەریكە لەبیر جەماوەر دەچنەوە حەز دەكەم تازەیان بكەمەوە لەبەرهەمەكانیشم بەلایەنی كەم دوو لەگۆرانیەكان فۆلكلۆرن، هەروەها لەزۆربەی ئەوە كۆنسێرتانەی كە سازیان دەكات زۆر پشت بەگۆرانی فۆلكلۆری دەبەستێت. لەبارەی هەڵبژاردنی ستایل و گۆرانییە فۆلكلۆرەكان زۆیا وتی: بەزۆری ستایلی خاو لەگەڵ دەنگی من دەگونجێت، بەپێچەوانەوە ستایلی پۆپ زۆر لەگەڵ دەنگم ناگونجێت.
زۆیا پێشیوایە لەهەڵبژاردنی ستایلەكان تاڕادەیەك توانیوییەتی جەماوەرەكەی لەخۆی ڕازی بكات، سەبارەت بەگۆرانییە فۆلكلۆرییەكانیش ئاماژەی بەوەشدا بۆهەڵبژاردنی گۆرانیە فۆلكلۆریەكان جوان گوێیان لێدەگرێت گەر هەستی كرد لەگەڵ دەنگی دەگونجێت و دەتوانێت بەباشی ئەدایان بكات بەجۆرێك كە مافی گۆرانییەكە بدات، ئەوكات بڕیار دەدات كە كاری لەسەر بكات بۆ بەرهەمەكەی، هەروەها حەزیش دەكات لەبەرهەمەكانی گۆرانی بەشێوەی سۆرانی و بادینی بڵێت. زۆیا چەند ساڵێك بەر لەئێستا ناوبانگێكی باشی بەدەست هێنا و بوو بەهونەرمەندێكی ناسراو، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئێستا وەكو جاران نەماوە واتە تا ڕاددەیەك دابڕانی پێوە دیارە ئەمەش بۆ بارودۆخی شەخسی و هەندێك كێشە و گرفتی تایبەتی خۆی دەگەڕێنێتەوە.
هەروەها سەبارەت بەوەی هاوڕێیەتی چۆنە لەگەڵ خوێندنەوە زۆیا وتی «زۆر حەز لەخوێندنەوە دەكەم، بەڵام لەبەر نەبوونی كات ناتوانم بەپێی پێویست بخوێنمەوە لەخوێندنیش تا چوومە نێو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە دەمخوێند دواتر وازم لەخوێندن هێنا، وەكو باسیشی دەكات خوێندن بۆ هونەرمەند زۆر پێویستە بەتایبەت ئەگەر بەشێوەیەكی ئەكادیمی بخوێنێت لەكاری هونەری ئەوكات سەركەوتووتر دەبێت لەكارەكانیدا و بەشێوەیەكی زانستی كارەكانی ئەنجام دەدات، بەڵام لەسوریا ئێستا خوێندن زۆر ئەستەمە ئەگەر هەبا دەمخوێند لەبەشی هونەری. وتیشی هاوڕێیەتیم زۆر كەمە لەگەڵ وەرزشكردن هەرچەندە دەزانم كە وەرزش زۆر گرنگە بۆ مرۆڤ بەگشتی و هونەرمەندان بەتایبەتی.
زۆیا لەبارەی ئەوەی تاچەند حەز دەكات منداڵەكانی ببن بەهونەرمەند دەڵێت «حەز ناكەم منداڵەكانم ببنە هونەرمەند، چونكە كێشەوگرفت و ماندووبوونی زۆرە بەردەوام سەرقاڵی هونەر دەبێ بەجۆرێك نابێت هیچ كارێك بكەی تەنیا كاری هونەری نەبێت.
زۆیا وەك خۆی دەڵێت «زۆر حەز دەكەم لەكوردستانی عێراق ژیان بەسەر بەرم، بەڵام تاكو ئێستا بوارەكە بۆ من بەو شێوەیە نەبووە كە بیر لەوە بكەمەوە، ئەم خانمە گۆرانیبێژە ئەوەشی خستەڕوو كە وەكو هەموو ئافرەتێكی ئاسایی ڕۆژانە ژیان بەسەردەبات و لەماڵەوە دایكە و كاروباری ناوماڵ ئەنجام دەدات و منداڵەكانی بەخێو دەكات و كابانێكی باشیشە لەكارەكانی، زۆیا باس لەوەش دەكات لەبەر بوونی كۆت و بەندەكانی نێو كۆمەڵگە ناتوانێت لەسوریا بچێتە ئاهەنگەكان و حەز ناكات زۆر لەنێو خەڵك دەربكەوێت، چونكە دایكە تووشی كێشەی كۆمەڵایەتی دەبێتەوە. لەبارەی هونەری كوردیش زۆیا دەڵێ: هونەری گۆرانی و موزیكی كوردی لەپێشكەوتنی بەردەوامدایە لەهەموو ڕوویەكەوە، لەباشووری كوردستان هونەرمەندی زۆر بەتوانا هەڵكەوتوون و هونەرێكی مۆدێرن پێشكەش دەكەن شان بەشانی پاراستنی هونەری ڕەسەنی كوردی، ئاواتەخوازم هونەرمەندانی پارچەكانی دیكەش ئەو دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێت كە بتوانن كارە هونەرییەكانی خۆیان بەئازادی پێشكەش بكەن.