شیرین عەبدولوەهاب بۆ گوڵان:ئیسلامییەكان لە میسر گۆرانیان لێ قەدەغەكردم

شیرین عەبدولوەهاب بۆ گوڵان:ئیسلامییەكان لە میسر گۆرانیان لێ قەدەغەكردم
كچێكی زۆر سادەیە، لەهەمان كاتدا هونەرمەندێكی كامڵە، دەنگی پێگەیشتووی ڕاستی هەستەكانی دەردەبڕێ، خاوەن سەروسیمایەكی سادە و ڕوح سووكە كە زوو دەچێتە دڵی بەرامبەر و توانا هونەریەكانی بێسنوورە، شیرین عەبدولوەهاب گشت مەرجەكانی سەركەوتنی تێدا بەدی دەكرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئافرەتێكی ڕاستگۆیە و زۆریش گرنگی بەتەندروستی خۆی دەدات، بۆئەوەی لەنزیكەوە ئاگاداری بین ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ساز كرد.



* لەنێوان ئەمڕۆ و دوێنێ چی لەشیرین گۆڕاوە؟
- زۆر شت لەژیانی مندا گۆڕاوە، لەو كاتەوە وك پیشەگەر دەستم بەكاری هونەری كردووە، هەست دەكەم من زیاتر پێگەیشتووم لەلایەنی هونەرییەوە، بۆیە هەست دەكەم بەحیكمەت و هێمنی و دووربینیەوە مامەڵە لەگەڵ كاتە سەختەكان دەكەم، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەست بەوە دەكەم كە دایكایەتی هەستێكی زۆر خۆشی لەلا دروستكردووم، جەماوەریش پاڵپشتێكی بەهێزە بۆ من لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی دڵسۆز.
* هونەرمەند هەمیشە لەتەحەفوزدا دەژی، پێتوانییە ئەمە دەبێتە هۆی بێزاری؟
- من ئینكاری ئەوە ناكەم، زۆر ڕۆژ هەیە وا باشتر بووە كە لەماڵی خۆمدا بمێنمەوە دوور لەناوبانگ و دەنگە دەنگ، بەڵام كە كاتم هەبێت دەچمە بازاڕ و ژیانی ئاسایی خۆم وەك هەر كەسێك بەسەر دەبەم.
* پێتوایە گۆڕانكارییەكانی میسر كاریگەری هەبێت لەسەر هونەر؟
-بێگومان گۆڕانكارییەكان كار لەهونەری ڕەسەن ناكات، بەڵكو دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت بۆ ماوەیەكی درێژ، بەڵام كارە ئاست نزمەكان كە ئەمڕۆ گۆڕەپانەكەیان داگیر كردووە، ڕێگا بەخۆم نادەم ناویان بنێم (هونەری) و لەخانەی (هەرتەقە) یان دادەنێم و لەبیر دەكرێن.
* كاتێك زانیت قەدەغەیە لەمیسر گۆرانی بڵێیت هەستت بەچی كرد؟
- هەواڵێكی زۆر ناخۆش بوو، قەت پێشبینی ئەوەم نەدەكرد.
* ئەی چۆن مامەڵەت لەگەڵی كرد؟
- من لەڕێگا بووم بۆ كوێت بۆ بەشداری كردن لەفیستیڤاڵی (هەلا فبرایەر) زۆرم لەلا سەیر بوو كە لەو كاتەی لەمیسر نەبووم ئەو بڕیارە دەرچوو، تەنانەت زۆر بەگومان بووم لەڕاستی هەواڵەكە، چونكە پێشتر ئاگادار نەكرابوومەوە، بەڕاستی زۆر ئازاری دام، بەڵام لەبیرم كرد تا ئەو كاتەی گەڕامەوە میسر و دڵنیا بووم لەڕاستییەكەی.
*چ پەیامێكت هەیە بۆ ئەوانی بڕیارەكەیان دەركردووە؟
- پێموایە ئیمان ئەلبەحری نەقیبی هونەرمەندان ئەو قسەیە باوەڕ ناكات دراوەتە پاڵی و ئەو هەموو پڕوپاگەندانەی كە كراون دەربارەی بابەتەكە، سوپاس بۆ خوا نەقیب و سەندیكا پاڵپشتی من بوون و بەرچاو ڕوونیەكیان هەبوو.
* بیرت لەوزاهێنان نەكردەوە؟
- نەخێر هەرگیز.
* ڕات چییە بەرامبەر دانانی ناوی هەندێك هونەرمەند لەلیستی ڕەش و ڕێگا پێنەدانیان بۆ گۆرانی وتن لەهەندێك وڵات؟
- ئەو كەسەی گەندەڵی دەكات و بونیاد نانێت، ئەو هونەرمەندەی پەیامی باڵای هونەری ناگەیەنێت و دەوروبەری خۆی تێكدەدات پێویستە ناوی لەلیستانە دابنرێت.
* ڕاستە خۆت بۆ كارێكی شانۆیی ئامادە دەكەی؟
- لەدڵەوە حەز دەكەم.
* ئایا بەڕەخنە توڕە دەبی و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكەی؟
- گوێ لەڕەخنەی بونیادنەر دەگرم و لەزۆر كاتدا پێڕەوی دەكەم، ئەمەش زیاتر هانم دەدات بۆ بەردەوام بوون و بەدەستهێنانی سەركەوتنی زیاتر، لەهەمان كات گوێ لەو ڕەخنە بێ بنەمایە ناگرم كە دوورە لەڕاستی.
* بەڕای تۆ بۆچی بەردەوام پێوەندی نێوان هونەرمەند و ڕاگەیاندن جۆرێك لەبێ متمانەیی پێوە دیارە؟
-هیچ هونەرمەندێك نییە حەز بكات پێوەندی لەگەڵ میدیا نەبێت یان شێواو بێت، بەڵام با بەڕاستگۆیی و ڕاشكاوی قسە بكەین، پیشەی ڕۆژنامەوانی پیشەیەكی گەورەیە و خۆشەویستی و ڕێزێكی زۆرم بۆی هەیە، چونكە چەندین كەسی بەتوانا و گەورە لەو بوارەدا دەركەوتوون كە زۆر بەڕێزن و زۆریش خۆیان ماندوو كردووە و ئەركیان كێشاوە تا گەیشتوونەتە ئەو قۆناغە و توانیویانە خۆشەویستی و متمانەی خەڵك بەدەست بهێنن و قەناعەتیان بەخەڵك هێناوە بەبیروڕاكانیان، بەڵام بەداخەوە لەهەمان كاتدا هەندێك كەس ئیدیعای ئەوە دەكەن كە پیشەیان ڕۆژنامەوانییە و دەبینی چەند كردەوەیەكی نابەجێ ئەنجام دەدەن كە وا لەهونەرمەند دەكات دوور بكەوێتەوە، بەهۆی پشت نەبەستنیان بەمسداقیەت لەگواستنەوەی هەواڵ، ئەوەی مایەی گریان و پێكەنینە كاتێك كەسێك لەماڵپەرێكی ئەنتەرنێت شتێك بەبێ لێكۆڵینەوە لەڕاستییەكەی بڵاو دەكاتەوە، بەمجۆرەش لەچەند خولەكێكدا ئەم قسە نادروستە بڵاودەبێتەوە، بەڕاستی ئەمە مایەی نیگەرانییە.
* چی وایكردووە شیرین خاوەنی ئەم جەماوەرە زۆرە بێت؟
-من نەگۆڕاوم هەر وەك خۆم ماومەتەوە، بەشێوەیەكی سروشتی مامەڵە لەگەڵ خەڵك دەكەم، عاشقی هەوادار و جەماوەری خۆمم، ئەگەر ئەوان نەبوونایە من نەدەگەیشتمە ئەو ئاستە و بەردەوام نەدەبووم.
* میوانی بەرنامەی (ئەرەب ئایدل) بووی هەستت چی بوو كاتێك یەكێك لەبەشداربووان تۆی بەنموونەی بەرزی خۆی دانا؟
-هەستم بەسەربەرزیەكی زۆر كرد و بەرپرسیاریەتییەكەم زیاتر بوو، چونكە هێشتا تەمەنم بچووكە و دەبینم هونەرمەندێكی تازە پێگەیشتوو من بەنموونەی بەرزی خۆی دادەنێت، هەستێكی زۆر خۆش بوو.
*تا ئێستا سەردانی هەولێرت نەكردووە؟
- بەداخەوە نەخێر، بەڵام دوای ئەو هەمووەی لەسەر هەولێر و خەڵكەكەی بیستوومە بەجددی بیری لێ دەكەمەوە.
* جەماوەرێكی زۆرت هەیە لەنێو كورد چ پەیامێكت بۆیان هەیە؟
- هیوادارم ئاشتی و خۆشی بەردەوام لەكوردستان بەرقەرار بێت.
* بیر لەسازكردنی ئاهەنگ ناكەیتەوە لەهەولێر؟
- تا ئێستا هیچم پێشكەش نەكراوە، بەڵام نیەتم هەیە بێم بۆ هەولێر.







Top