نه‌ورۆزێكی پڕ له‌ به‌رهه‌می هونه‌ری نوێ

نه‌ورۆزێكی پڕ له‌ به‌رهه‌می هونه‌ری نوێ
ئا/ رۆشنه‌ عومه‌ر
هونه‌رمه‌ند كاتێك بیه‌وێ به‌رهه‌مێكی هونه‌ری نوێ بڵاوبكاته‌وه‌، جا سینگڵ بێت یان سیدییه‌ك بێت كه‌ چه‌ن گۆرانی له‌ خۆ بگرێت، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك ته‌واو ده‌كات یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌ركه‌وتنی به‌رهه‌مه‌كه‌ ده‌مینێت كه‌ پێویسته‌ زۆر گرنگی پێ بدرێت، ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ دیاریكردنی كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌.
هه‌میشه‌ بۆ ئێمه‌ی كورد وه‌رزی نه‌ورۆز و سه‌یران كاتی گونجاوه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م هونه‌رییه‌كان، چونكه‌ وه‌زری سه‌یران و چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی خه‌ڵك و گه‌شكردنیانه‌، بۆیه‌ ساڵانه‌ له‌ نه‌ورۆزدا به‌رهه‌می نوێی هونه‌رمه‌ندان بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه زیاتر خێرا و ده‌هۆڵین، ئه‌وه‌ی له‌م نه‌ورۆزه‌ تێبینی ده‌كرا زۆری به‌رهه‌می نوێی هونه‌رمه‌ندان بوو چ ئه‌وانه‌ی به‌ سنگڵ بڵاویان كرده‌وه‌ و تایبه‌ت بوو به‌ نه‌ورۆز یان به‌رهه‌می نوێ،لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند له‌و به‌رهه‌مانه‌ ده‌كه‌ین:
هونه‌رمه‌ند ماهیر محه‌مه‌د ئه‌مین دوای گه‌شتی یه‌كه‌می ئه‌م جاره‌ به‌ (به‌هار) گه‌شتێكی دیكه‌ی به‌نێو چه‌ند گۆرانییه‌كی ره‌سه‌نی كوردی ئه‌نجامدا و ژماره‌یه‌ك له‌ گۆرانی پێشكه‌ش به‌ جه‌ماوه‌ر كرد، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان گه‌شته‌ به‌هارییه‌كه‌ی ماهیر به‌ كلیپێكی جوان و قه‌شه‌نگ جوانتر و رازاوه‌تر بوو كه‌ له‌ شوێنه‌ی جیاجیاكانی كوردستان وێنه‌ی گیرابوو، به‌ هه‌مان شێوه‌ تیپی نه‌وای هه‌ولێر و هونه‌رمه‌ندان فه‌رهه‌نگ غه‌فور (گه‌شتی دووه‌م)ی خۆیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ وه‌ك گه‌شتی یه‌كه‌میان ژماره‌یه‌ك گۆرانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستانیان به‌ شێوازێكی نوێ و هاوچه‌رخ زیندوو كرده‌وه‌ و پێشبینی ده‌كرێ یه‌كێك بێت له‌ به‌رهه‌مه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان.
هونه‌رمه‌ند بڵند ئیبراهیم له‌م نه‌ورۆزه‌دا جیاواز له‌ پێشووتر به‌رهه‌مێكی به‌ شێوازێكی نوێ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ته‌نیا به‌ ئامێری عود بوو ژماره‌یه‌ك گۆرانی كۆنی هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌كانی به‌ ستایلێكی نوێ بڵاوكرده‌وه‌ وشێوازی تۆمار كردنیشی ئه‌وه‌ی به‌ بیرهێناینه‌وه‌ كه‌ پێشتر هونه‌رمه‌ندان چه‌ند زه‌حمه‌تیان كێشاوه‌ تا به‌رهه‌مێك بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌هۆی نه‌بوونی ستۆدیۆ و ئامێر و ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو.
هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان حه‌سه‌ن شه‌ریف ئه‌ویش له‌م نه‌ورۆزه‌ بێده‌نگ نه‌بوو و دوای ماوه‌یه‌ك له‌ بێده‌نگی ئه‌م ساڵ و له‌ سه‌رووبه‌ندی ئاهه‌نگه‌كانی نه‌وۆز به‌ به‌رهه‌مێكی نوێی پێشكه‌ش به‌ جه‌ماوه‌ر و عاشقانی ده‌نگ و هونه‌ری خۆی كرد به‌ ناوی (برینا ئاڤێ)، ئه‌م به‌رهه‌مه‌یشی وه‌ك كاره‌كانی پێشووی چه‌ند گۆرانییه‌كی خۆش و ره‌سه‌ن له‌ خۆ ده‌گرێت كه‌ شایه‌نی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌یه‌ و به‌رده‌وام به‌ به‌رهه‌مه‌كانی خزمه‌تێك پێشكه‌ش به‌ هونه‌ری ره‌سه‌نی كوردی ده‌كات، به‌ هه‌مانشێوه‌ی هونه‌رمه‌ند عه‌باس محمد به‌رهه‌مێكی نوێ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ چه‌ند گۆرانییه‌ك له‌ خۆ ده‌گرێت وبه‌م به‌رهه‌مه‌ش ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌رده‌می ساڵانی حافتا و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو.
هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ شاكر ئاكره‌یی دوای چه‌ندین ساڵ بێده‌نگی و نه‌بوونی به‌رهه‌م ئه‌ویش له‌م نه‌ورۆزه‌دا به‌رهه‌مێكی نوێی بڵاوكرده‌وه‌ به‌ناوی (بپێژه یارێ‌).
كاوه‌ كاوانی ئه‌ویش له‌م نه‌ورۆزه‌دا به‌ سروودی (كوردستان) به‌رهه‌مێك جوان و رازاوه‌ی پێشكه‌ش كرد كه تێكسته‌كه‌ی گوزراشتی له‌ هه‌رچوار پارچه‌كه‌ی كوردستان ده‌كات،‌
هه‌ر یه‌كه‌ له‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌ندان نیان عه‌بدوڵڵا و چنار ئه‌وانیش دوو سروودی نوێیان به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز، هه‌روه‌ها كانی و حامیدیش له‌ساڵیادی كیمیا بارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ سروودێكی نوێیان بڵاوكرده‌وه‌.
جگه‌ له‌ مانه‌ی كه‌ باسمان كردن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ به‌رهه‌میان بڵاوكرده‌وه‌ له‌وانه‌: عه‌زیزوه‌یسی، هێرش ئاكره‌یی، ره‌شوان، كوڕه‌ش عه‌زیزی، سلێمان گه‌رماڤی، هێرش به‌رزنجی، بژار دیلان، بڕیار وایه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك به‌رهه‌می نوێی خۆیان بڵاو بكه‌نه‌وه‌ له‌وانه‌ش هونه‌رمه‌ند نازدار و بورهان مه‌جید و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ كه‌ له‌ به‌ر چه‌ند هۆكارێك نه‌توانرا له‌ نه‌ورۆزدا به‌رهه‌مه‌كانیان بڵاوبكه‌نه‌وه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند خه‌ریكی تۆمار كردنی گۆرانی نوێن كه‌ ژماره‌یه‌كیان ته‌واو بوو و ته‌نیا بڵاوكردنه‌وه‌ی ماوه‌.
ئه‌وه‌ی له‌م به‌رهه‌مه‌ نوێیانه‌ تێبینی ده‌كرێ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌یان دووباره‌ گوتنه‌وه‌ی گۆرانییه‌ كۆن و ره‌سه‌نه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی نه‌مره‌ كه‌ ئێستا له‌نێو جه‌ماوه‌ر باوی ئه‌م جۆره‌ گۆرانیانه‌یه‌ و پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێده‌كرێت.
Top