سینەمای كوردی ستایلی خۆی دەگۆڕێت
لە سەرەتای سەرهەڵدانی سینەمای كوردیدا هەوڵیداوە خۆی بە سینەمای كێشە و سینەمای بابەت بناسێنێت و كێشەی گەل و میللەتی چەوساوەی كوردی بە دونیا گەیاند، ئەویش لە رێگای چەند فیلمێكی سینەمایی كوردییەوە كە دەنگدانەوەیەكی بەرچاویان لە نێوەندی هونەری سینەمادا درووستكرد.
لەوانە فیلمە گەورەكەی (یەڵماز گونای) (رێگا)و فیلمی(گۆرانییەك بۆ تۆ)ی نیزامەدین ئارەج و فیلمە جوانەكانی بەهمەنی قوبادی لە دوو دەیەی یەكەمی سەرهەڵدان لە شوناسی سینەمای كوردی، ئەو سینەمایەی پتر سینەمای خەباتی گەلێك بوو لە دواتر هەوڵدرا لەلایەن چەند هونەرمەندێكی دیاری كوردەوە سینەماكە بەرەو ستایلی دەرهێنەر بچێ، بەڵام هەر لە چوارچێوەی سینەمای كێشەدا، سینەمای دەرهێنەریش بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بوو سینەماكەیان بگەیەننە بۆنە و فیستیڤاڵە سینەماییە جیهانییەكان كە ئەویش دوو مەبەستی هەبوو، یەكیان ناساندنی سینەما و كێشەی وڵاتەكەیان بە جیهان، دووەمیشیان دەرخستنی ناساندنی خۆیان وەك دەرهێنەر، ماوەیەكیشە ستایلی سینەمای دەرهێنەر لەچوارچێوەی سینەمای كوردیدا بەردەوامە وەك فیلمەكانی ئێستای (بەهمەنی قوبادی) و (هونەر سەلیم).
بەڵام كێشەی هەردوو ستایلە سینەماییەكەی كوردی (سینەمای كێشە و سینەمای دەرهێنەر) لەوەدایە تەنیا توانیویانە بگەنە بۆنە و فیستیڤاڵی جیهانی سینەمای و گەورەترین پێكهاتەی درووستبوونی سینەمای نەتەوەییان لە دەستداوە كە ئەویش بەشداری بینەرەو جەماوەری ناوخۆی كوردستانە لە بینینی ئەو فیلمانە، چونكە ئەو فیلمانە لە بنەرەتدا بۆ دەرەوە و دیدگای بینەرێكی غەیرە كورد درووستكراو،كە ئەمەشیان بۆ قۆناغێكی سینەمای كوردی زۆر گرنگ و بەرچاو بوو، بەڵام مەسەلەیەكی زۆر جوان هەیە دەڵێت عالەمیەت یاخود بە جیهانی بوون لە محەلییەتەوە یاخود لە نێو خۆیەوە دەست پێدەكات، واتە دەكرێ فیلمێكی سینەمایی كوردی هێندە جوان بێت، ساكار و بەرچاو بێت بینەری ناوخۆ و دواتریش بینەری دەرەوە لەخۆی كۆ بكاتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو حاڵەتە لە سینەمای كوردیدا رووی نەداوە، چونكە ئەمەیان پێویستی بە دیراسەت و گۆڕینی ستایل هەیە كە ئەمەش كارێكی وا ئاسان نییە.
هونەرمەندان بیر لە گۆڕینی ستایل دەكەنەوە
هەڵبەتە مەسەلەی بینەری ناوخۆ و جەماوەری كوردستان و بەشداری خەڵك لە درووستبوونی سینەمای كوردی بە بینینی بەرهەمەكانی سینەمای وڵاتەكەیان جێگەی بیر كردنەوە و خولیای زۆربەی هونەرمەندانی بواری سینەمای كوردییە، چونكە بەشداری بینەری كوردی لە سینەمای كوردیدا یەكێكە لە پەیژە هەرە گرنگ و سەرەكیەكانی سەركەوتنی سینەمای كورددا، دەمێكە ئاگاداریشم ئەو خولیایە لە مێشكی هونەرمەندی گەنج و خوێنگەرم (حەسەن عەلی) دەخولێتەوە، تەنانەت ساڵانێكە نەخشەی بۆ دەكێشتی، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵی داوە بەرهەمێك ئامادە بكات بە پشتگیری و سپۆنسەری كەرتی تایبەت لە كورستاندا بەرهەم بێت، بەڵام دواتر بیر كردنەوەی گۆڕا، یەكەم ئەزموونی خۆی بە گۆڕینی ستایل لە سینەمای كوردیدا بە پاڵپشتی حكومەت ئەنجامداوە كە ئەویش بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی (شیرین) بوو كە تەواوی ستایلی سینەمای كوردی لە سینەمای كێشە و دەرهێنەر بۆ سینەمای ئەستێرە دەگوازێتەوە.
سینەمای (ئەستێرە)ش پشت بە بەشداری ئەكتەر و هونەرمەندی ئەستێرە دەبەستێت كە لە بنەرەتدا سەركەوتنی جەماوەر لە رێگەی بەشداری ئەو ئەستێرانەوە بۆ فیلمەكە پەیدا دەكات.
شیرین و سینەمای ئەستێرە
فیلمی (شیرین) سیناریۆ و دەرهێنانی هونەرمەند حەسەن عەلی كە دووەم كاری سینەمایی خۆیەتی پاش فیلمی (گەڕەكی داهۆڵەكان)، لەو فیلمەدا سەرەتا هونەرمەندان (شوان عەتوف ناسراو بە بارام) و (لۆكە زاهیر)ی گۆرانیبێژ دەستنیشان كرابوو، بەڵام دواتر لە جێگەی لۆكە هونەرمەند (بەیان عوسمان ناسراو بە وەنەوشە) بەشدار بوو.
(بارام و ونەوشە) (شوان عەتوف و بەیان عوسمان) دوو ئەستێرەی دیار و بەرچاو و دیارن لەلای بینەر و جەماوەری كوردستان كە لە زنجیرە درامای (گەردەلوول)ی هونەرمەند جەلیل زەنگەنە دا دەركەوتن. (حەسەن عەلی)ی هونەرمەند هەوڵیدا ئەو دوو كاراكتەرە دووبارە لە قاڵبی فیلمێكی سینەماییدا درووست بكاتەوە كە مەبەستی سەرەكی سەرنجڕاكێشان و كۆكردنەوەی بینەری كوردە لە سینەمای كوردیدا ئەمەشیان خاڵێكی زۆر گرنگ و پێویستە.
فیلمی (شیرین) باس لە سەربوردەی خۆشەویستی دەكات لەنێوان كوڕێك كە لە فەرەنسا دەگەڕێتەوە گوندەكەی خۆیان لەگەڵ كچێك كە لە بەشی فەرەنسیدا دەخوێنێت، زۆر ئاخافتنی فیلمەكە بە فەرەنسییە نیوەی فیلمەكە لە فەرەنسا بەتایبەتی پاریس وێنەی گیراوە، بۆ ئەوەی (بارام و وەنەوشە) بتوانن بە فەرەنسی قسە بكەن چەندین خولی زمانی فەرەنسییان بۆ كراوەتەوە، فیلمەكەش لەلایەنی هونەرمەند و وێنەگری پڕۆفیشناڵی هیندییەوە بە ناوی (بابۆ) وێنەی گیراوە، بەشی كوردستانی تەواو بووە و بەشی فەرەنسای ماوە.
زمانی فەرەنسی و دیمەنی فەرەنسی و وێنەگری هیندی لە سینەمای كوردیدا
هەڵبەتە بیر كردنەوەی (حەسەن عەلی) بۆ ئەنجامدانی ئەو فیلمە هەروا سانا و ئاسان بە مێشكیدا تێپەڕنەبووە، ئەو (5) خاڵ لەلا گرنگ بووە كە ئەمانەن:
1-گۆڕینی ستایل لە سینەمای كوردیدا بە مەبەستی هەمە چەشنی (تنوع).
2- كۆكردنەوە و بەشداری بینەر و جەماوەر كوردستان لە سینەمای كوردیدا، بەجۆڕێك سینەمای كوردی هەر بینەر و جەماوەری تێچووی خۆی دەست بكەوێتەوە.
3-هێنانی وێنەگرێكی هیندی بۆ ئەوەی فیلمەكە لە شێواز و ستایلی هونەری و ئەتفۆسمیر و شێوە لە سینەمای هیندی بچێت.
4-بەكارهێنانی (ئەستێرە) لە سینەمای كوردیدا بۆ پتر بڵاوكردنەوەی فیلمەكە لە نێو جەماوەردا و كۆكردنەوەی سپۆنسەر و ریكلامی بازرگانی لە ئایندەدا.
5- بەكارهێنانی وڵاتی فەرەنسا و زمانی فەرەنسی بۆ ئەوەی هەم فیلمەكە جوانتر و فراوانتر بێت، هەمیش سوود لە بە جیهانی بوونی فیلمەكەی و نزیك بوونەوەی لە بۆنە و فیستیڤاڵە فەرەنسییەكان مسۆگەر بكات، ( حەسەن عەلی) دەیەوێ هیچ نەدۆڕێنێ و هەموو شتێك قازانج بكات بۆیە زۆر زیرەكانە مامەڵەی كردووە و جێی خۆیەتی دەستخۆشی لێبكەین.
جگە لەمە ئەوەش ناشارینەوە كە هەمدیس (حەسەن عەلی) جیا لە مەبەستە تۆزێك بازرگانییەكەی، بەڵام زۆر بە وردبینانە و هونەریانە كاری كردووە رەنگە فیلمەكەی لەرووی وێنە و زمانی سینەماوە فیلمێكی زۆر جوان و سادە و هونەری بێت بەتایبەتی لەرووی ئەتفۆسمیرو لۆكەیشنی رەنگ، چونكە لە وەرزێكی زۆر جوان و لە شوێنی زۆر جوان و جیاجیای كوردستان وێنەی كێشاوە، ماوەتەوە ئاماژە بكەین كە فیلمەكە بەرهەمی وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێرە.