عومه‌ر گوندی: زۆر جار له كلیپه‌كاندا فاوڵم كردووه
ئا:خەلیل بلەیی
عومه‌ر گوندی له‌گه‌ڵ دوو نه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان ژیاوه سه‌باره‌ت به جیاوازیی نێوانیان له‌لایه‌نی هونه‌رییه‌وه پێیوایه نه‌وه‌ی پێشوو هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییان زۆر به هێز بوو كه تا ئێستاش ماوه‌ته‌وه، له‌لایه‌نی هونه‌ریشه‌وه به هه‌مان شت بۆ تۆماركردنی گۆرانییه‌ك یان سازدانی ئاهه‌نگێك پێویستی به ره‌زامه‌ندی ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانی رژێم هه‌بوو، به‌ڵام نه‌وه‌ی ئێستا هیچ ماندوو بوونێك نابینێ له‌سایه‌ی ئه‌و ئازادییه‌ی كه هه‌یه، راگه‌یاندنیش به هه‌مان شێوه له‌ژێر ده‌ستی رژێم بوو بۆیه زۆر زه‌حمه‌ت بوو كه‌چی ئه‌مڕۆ به ده‌یان كه‌ناڵی ئاسمانی و لۆكاڵ و ستۆدیۆی پێشكه‌وتوومان هه‌یه، ستۆدیۆكانی كاتی خۆیش هه‌مان شێوە زۆر سه‌ره‌تایی بوو، كه‌چی ئێستا ستۆدیۆكان به‌شێوه‌یه‌كی لێهاتووه كه‌سانێك ئه‌گه‌ر گۆرانیبێژیش نه‌بن ده‌توانن گۆرانی بڵێن.
راوێژ به هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كات
عومه‌ر گوندی وه‌ك هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی دیكه پشت به چه‌ند كه‌سێك ده‌به‌ستێ و راوێژیان له‌گه‌ڵدا ده‌كات له هه‌ڵبژاردنی تێكست و ئاوازه‌كان، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: هیچ كات خۆم به دیكتاتۆر نه‌زانیوه و هه‌میشه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له هاوڕێیانی خۆم راوێژم كردووه بۆ هه‌ڵبژاردنی ئاواز و تێكسته‌كان، هه‌روه‌ها راوێژ به جه‌ماوه‌ر و به خێزانه‌كه‌شم ده‌كه‌م به‌تایبه‌تی هاوسه‌ره‌كه‌م به حوكمی ئه‌وه‌ی له هه‌موو كه‌س نزیكتره له من و پێویسته راو‌ێژی پێبكه‌م و به سوپاسه‌وه ده‌ڵێم زۆر هاوكاری كردووم و مه‌رجیش نییه هه‌موو قسه‌كانی وه‌كوخۆی جێبه‌جێ بكه‌م، به‌ڵام به وردی گوێ له قسه‌كانی ده‌گرم.
له كلیپدا فاوڵی زۆرم كردووه
زۆر جار لێره وله‌وێ ره‌خنه له كلیپه‌كانی هونه‌رمه‌ند عومه‌ر گوندی گیراوه، گوایه له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن و ناوبانگی خۆی ناگونجێت یاخود دووره له دابونه‌ریته‌كانی نێو كۆمه‌ڵگای كورده‌واری و چه‌ندین ره‌خنه‌ی دیكه، گوندی سه‌باره‌ت به كلیپه‌كانی ده‌ڵێ: زۆر جار له كلیپه‌كاندا فاوڵم كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه بووه نه‌مویستووه ده‌ست بخه‌مه نێو كاروباری ده‌رهێنه‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك به كاری خۆی هه‌ڵسێت، بۆیه ده‌بینین هه‌ندێك جار ده‌رهێنه‌ر سیناریۆی جیاجیا داده‌نێن.
لێره‌دا پێویسته ئاماژه به شتێك بكه‌م كه ئێستا باوه، ئه‌ویش بریتییه له شه‌ڕی كلیپ، ئێمه له سه‌رده‌می شه‌ڕی كلیپداین، پێویسته هونه‌رمه‌ندانی هاوته‌مه‌نی من و ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئێستاش هاتوونه‌ته نێو بواری گۆرانی و هونه‌ره‌وه ئه‌و راستییه باش بزانن كه ئێمه له سه‌رده‌می شه‌ڕی كلیپداین و پێویسته زۆر به وریاییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، من دان به‌وه داده‌نێم كه هه‌ندێك كلیپم نه‌كردووه گونجاو و شیاو نین نه بۆ ته‌مه‌نی من نه بۆ جه‌ماوه‌ره‌كه‌م كه پێشتر منیان ناسیوه و شاره‌زاییان هه‌یه له‌و هونه‌ره‌ی كه پێشكه‌شم كردووه، بۆیه ناچارم شیرین و تاڵ به یه‌كه‌وه نۆش بكه‌م، من ده‌مه‌وێ ببم به خاوه‌نی جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراوان، بۆیه هه‌ندێك جار ره‌نگه تووشی هه‌ڵه‌ش ببم.
هونه‌رمه‌ند عومه‌ر گوندی هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و كلیپانه و كاریگه‌رییه سلبی و ئیجابییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌رێتی خۆی ده‌ڵێ: به‌داخه‌وه ددان به‌وه داده‌نێم كه كلیپه‌كانم به‌شێوه‌یه‌كی سلبی كاریگه‌رییان كردۆته سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌رێتی من، به‌تایبه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی به ته‌مه‌نن و پێشتر منیان ناسیوه و گوێیان له گۆرانییه‌كانم بووه، به‌ڵام رێژه‌یه‌كی زۆریش له گه‌نجه‌كان له كلیپه‌كانم و رازین و ئێستا ده‌زانن عومه‌ر گوندی كێیه به‌تایبه‌تی له‌و دوو كلیپه‌ی دواییمدا، چونكه نه‌وه‌ی نوی ره‌نگه ئاشنا نه‌بووبن به عومه‌ر گوندی، به‌ڵام له‌و دوو كلیپه منیان ناسی.
كاری هونه‌ری ئێستا قوربانی ده‌وێ
هونه‌رمه‌ند عومه‌ر گوندی ئاماژه به‌وه ده‌كا كه بۆ رازیكردنی دوو نه‌وه‌ی جیاواز له تێڕوانین و بیركردنه‌وه‌ی جیاواز كاره‌كه‌ی تا راده‌یه‌ك زه‌حمه‌ته و دوور نییه قوربانی به جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی بدات به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پێشتر ناسیویانه له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێ: من كه‌وتوومه‌ته نێوان ناڵ و بزمار و ره‌نگه ناچار بم قوربانی به جه‌ماوه‌ره كۆنه‌كه‌م بده‌م كه ئه‌مه‌ش بۆ من كارێكی زۆر زه‌حمه‌ته و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌م كه بتوانم دووباره ئه‌وانیش رازی بكه‌مه‌وه، به‌ڵام به گوێره‌ی توانای خۆم هه‌وڵ ده‌ده‌م ببمه ئه‌ڵقه‌یه‌كی به‌یه‌كبه‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو نه‌وه له جه‌ماوه‌ر و ده‌مه‌وێ به نه‌وه‌ی كۆنی جه‌ماوه‌ره‌كه‌م بڵێم ئه‌وه‌تا من ماوم و ره‌نگه كاره‌كانم زۆر به دڵی ئێوه نه‌بن وبه نه‌وه‌ی نوێش بڵێم فه‌رموون ئه‌وه‌تا من ده‌مه‌وێ چۆن خزمه‌تم به نه‌وه‌ی پێش ئێوه كردووه به‌و شێوه‌یه‌ش خزمه‌ت به ئێوه بكه‌م، بێگومان ئه‌مه‌ش كارێكی زۆر زه‌حمه‌ته و ئاسان نییه و سه‌ركه‌وتنیش تێیدا زامن نییه و ره‌نگه تێیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بم.
پێشبینی ره‌خنه‌كانم ده‌كرد
عومه‌ر گوندی دڵنیا بوو له‌وه‌ی كه له كلیپه‌كانیدا دووچاری ره‌خنه و هێڕشێكی توند ده‌بێته‌وه، چونكه زۆر كه‌س هه‌ن به ئاشكرا ده‌ڵێن ئه‌م كلیپانه له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن و هونه‌ری ئه‌ودا ناگونجێن و شیاو نینه و هه‌ر هیچ نه‌بێت ده‌یتوانی خۆی پاڵه‌وانی كلیپه‌كان نه‌بێت، خۆیشی دان به‌وه ده‌نێت كه به‌ر له بڵاوبوونه‌وه‌ی كلیپه‌كانی چاوه‌ڕێی ئه‌م جۆره هێرشانه‌ی ده‌كرد و ته‌نانه‌ت ره‌نگه خۆیشی بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌یان ئاماده كردبێت، به‌ڵام به جورئه‌تێكی زۆره‌وه كاره‌كانی ئه‌نجامدا، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه كه زیاتر له شازده ساڵه له ئه‌وروپا ده‌ژیت و هه‌میشه شانازی به نه‌ته‌وه و مێژوو و كه‌لتووری خۆی كردووه، به‌ڵام له‌و ماوه دوور ودرێژه‌دا تێكه‌ڵی چه‌ندین كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگی جیاجیا بۆته‌وه بۆیه ناچار بووه ئه‌م گۆڕانكارییه بكات، چونكه پێیوایه ئێمه پێویستمان به چه‌ند كارێكی ورد هه‌یه كه جه‌ماوه‌ری ئێمه به ئاسانی قبوڵی ناكات به‌جۆرێك چاوه‌كانی داده‌خات تاكو بتوانێت رزگار ببم و دووباره‌شی ده‌كاته‌وه، هه‌ندێك جار پێویستمان به‌و جۆره كارانه‌ش هه‌یه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش داوای لێبوردن له جه‌ماوه‌ر ده‌كات كه به ناچاری ئه‌و كلیپانه‌ی كردووه و پێشیوایه كۆمه‌ڵگای كوردی له ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا گۆڕانكاری زۆری به‌خۆیه‌وه ده‌بینێ، بۆیه ئه‌ویش ناچار بوو جۆرێك له گۆڕانكاری له كاره‌كانی خۆیدا بكات، چونكه ئه‌گه‌ر به له 5 ساڵ داوایان لێكردبا گۆرانی (بێژه من ناڤێ ته چییه) به‌و شێوه‌یه بڵێت ئه‌وا به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نه‌بوو ئه‌و كاره بكات، هه‌رچه‌نده جه‌ماوه‌ر پێشوازییه‌كی زۆر گه‌رمی له‌و گۆرانییه كرد، به‌ڵام ئه‌مه‌ش مه‌رج نییه ببێته هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی ئیدی له‌سه‌ر ئه‌م ستایله به‌رده‌وام بێت، به‌ڵكو چاوه‌ڕێی پێشهاته‌كان ده‌كات له هه‌موو روویه‌كه‌وه.
له كۆتاییدا هونه‌رمه‌ند عومه‌ر گوندی سه‌باره‌ت به شیعری كلاسیك ده‌ڵێ: من یه‌كێك له شه‌یدایانی شیعری كلاسیكیم و زۆر ده‌مێكه خه‌ریكی خوێنده‌وه‌ی ئه‌م شیعرانه‌م و سوودێكی زۆرم لێیان وه‌رگرتووه هه‌ر بۆیه‌ش له به‌رهه‌می 2008 سێ تێكستی شاعیری گه‌وره ئه‌حمه‌د ناڵبه‌ند و جزیری و فه‌قێ ته‌یرانم كردووه به گۆرانی و په‌نا به خوا له داهاتووشدا به‌رده‌وام ده‌بم له گوتنی شیعری ئه‌م شاعیرانه.