دەزگای كەڤاڵ راگەیەنراو بیۆگرافیای هونەرمەندانی هەولێر دابەشكرا

دەزگای كەڤاڵ راگەیەنراو بیۆگرافیای هونەرمەندانی هەولێر دابەشكرا
راگەیاندنی دەزگای كەڤاڵ
بەئامادەبوونی هەریەك لە "نەوزاد هادی- پارێزگاری هەولێر و تاهیر عەبدوڵڵا- جێگری پارێزگاری هەولێر و نیهاد لەتیف قۆجە- قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر و شاڵاو كۆسرەت رەسول- ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان" و كاتژمێر 11ی سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە 23/11/2011 لە هۆڵی پێشەوای شاری هەولێر دەزگای كەڤاڵ بەهاوكاری لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان مەراسیمی راگەیاندن و دابەشكردنی بیۆگرافیای هونەرمەندانی هەولێری سازكرد.
لە دەستپێكی مەراسیمەكەدا هاوشانی سروودی ئەی رەقیب ئامادەبووان دەقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان و دواتر شاڵاو كۆسرەت رەسول بەشێوەیەكی فەرمی یەكەم دانە لە كتێبی بیۆگرافیای هونەرمەندانی هەولێری پێشكەشی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێركردو پاشان نەوزاد هادی وتارێكی پێشكەش كرد.
نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە سەرەتای وتەكەیدا دەستخۆشی لە دەزگای كەڤاڵ و لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندان كرد كە توانیویانە ئەو مراسیمە بۆ ئەو پرۆژە مەعریفی و مێژووییە رێكبخەن.
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا نەوزاد هادی دەستخۆشی خۆی لە شاڵاو كۆسرەت رەسول كرد لەپای گرتنەئەستۆی چاپكردنی كتێبی بیۆگرافیای هونەرمەندانی هەولێرو ئاماژەی بەوەكرد كە لەپاڵ دەستخۆشی كردن لە شاڵاو كۆسرەت رەسول پێویستە دەستخۆشی لە خودی كۆسرەت رەسول عەلی بكرێ كە ماوەیەك لەمەوبەر ئەركی چاپكردنی ئینسكلۆپیدیای هەولێری گرتەئەستۆ.
دوابەدوای ئەوانە گروپی میوزیك كە بەسەرپەرشتی هونەرمەند هەڵبەست سەڵاح كاریان كردبوو گشتێكی میوزیكیان كرد بەنێو میلۆدییە رەسەنەكانی كوردو پاشان وتاری لیژنەی باڵای مەراسیم و "د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی- سەرۆكی لیژنەی باڵای مەراسیم" لەلایەن حەمەسوار عەزیز خوێندرایەوە، لەم وتارەدا حەمەسوار عەزیز ئاماژەی بەوەكرد كە ئەمڕۆ لەپاڵ راگەیاندنی دەزگای كەڤاڵ بە سەرۆكایەتی "مەسعودی مەلا هەمزە" كتێبی بیۆگرافیای هونەرمەندانی هەولێر بەسەر هونەرمەندان و ئامادەبووان دابەش دەكرێ و دەخرێتە كتێبخانەی كوردییەوە.
لەبەشێكی دیكەی وتاری لیژنەی باڵادا حەمەسوار عەزیز ئەندامی لیژنەی باڵای مەراسیمەكە بەپێویستی زانی دەستخۆشی لە "شاڵاو كۆسرەت رەسول" بكات كە ئەركی چاپكردنی ئەو كتێبەی گرتەئەستۆو ئاماژەشی بەوەكرد كە ئەوجۆرە كارانە نامۆنییە بەو بنەماڵە خەباتگێڕە، ئەو نموونەی بە ئینسكلۆپیدیای هەولێر هێنایەوە كە خودی كۆسرەت رەسول عەلی ئەركی چاپكردنی گرتەئەستۆ، هەروەك سوپاسی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێریشی كرد كە هەمیشە خەمخۆری هونەرو هونەرمەندان بووە.
دوابەدوای وتاری لیژنەی باڵاو پێشكەشكردنی بەرهەمێكی دیكەی میوزیكی، وتاری لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان لەلایەن "هیوا سوعاد" سەرۆكی لقی هەولێر خوێندرایەوە، لە دەستپێكی وتەكەیدا هیوا سوعاد دەستخۆشی تایبەتی خۆی و هونەرمەندانی لە "مەسعودی مەلا هەمزە" ئامادەكاری كتێبەكە كرد و بەجێگەیاندنی ئەم ئەركەی بە ئەركێكی پیرۆزو گرنگ وەسف كرد، هەروەك دەستخۆشی تایبەتی لە پارێزگاری هەولێرو جێگری پارێزگارو شاڵاو كۆسرەت رەسول كرد كە هەمیشە هاوكاری هونەرمەندان بوونەو ئامانجیان خزمەتكردنی هەولێر بووە.
هەر لەو مەراسیمەدا چەندین بروسكەی پیرۆزبایی خوێندرایەوە كە سەرجەمیان وێڕای دەستخۆشی لە مەسعودی مەلا هەمزە ئامادەكاری كتێبەكەو دەزگای كەڤاڵ هیوای بەردەوامی و سەركەوتنیان دەخواست.
لەكۆتابەشی مەراسیمی راگەیاندن و دابەشكردنی كتێبی بیۆگرافیای هونەرمەندانی هەولێر نوێترین و پرۆژەی داهاتووی دەزگای كەڤاڵ راگەیەندرا كە بریتی بوو لە "بیۆگرافیای سەرجەم تیپ و گروپە هونەرییەكانی كوردستان".
لە كۆتایی مەراسیمەكەدا بەشێوەیەكی شایستە كتێبی بیۆگرافیای هونەرمەندانی هەولێر بەسەرئامادەبووان دابەشكرا، كە لەسەر ئەركی شاڵاو كۆسرەت رەسول چاپكراو یەكەم بڵاوكراوەی دەزگای كەڤاڵ بوو.
شایانی باسە كتێبی بیۆگرافیای هونەرمەندانی هەولێر لە 472 لاپەڕە پێكهاتووەو ژیان و بەرهەمی زیاتر لە 420 هونەرمەندی پارێزگای هەولێر لەخۆدەگرێ لەنێوان ساڵانی 1950 تا 2000 و ئەمە یەكەم بەرگی پرۆژەكەیەو لە ئایندەدا كاری زیاتری تێدادەكرێ بۆ فراوانتركردنی پرۆژەكە.
Top