فه‌رزین كه‌ریم:وەزارەتێكمان بۆ سینەما پێویستە

فه‌رزین كه‌ریم:وەزارەتێكمان بۆ سینەما پێویستە
وه‌ك سینه‌ماكار و نووسه‌ر بوونی هه‌بووه‌ و ناسراوه‌ به‌تایبه‌تی له‌ نووسینی ته‌نزدا،‌ ئه‌گه‌رچی ماوه‌یه‌كیشه‌ هه‌ست ده‌كرێ كه‌ له‌ نووسین و ته‌نانه‌ت له‌ سینه‌ماش دابڕاوه‌، به‌ڵام ماوه‌یه‌ك وه‌ك یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی سینه‌ماكارانی كورد و دواتریش له‌ كارێكی سینه‌مایی نوێدا ده‌ركه‌وته‌وه‌، فه‌رزین كه‌ریم له‌م دیمانه‌یه‌دا وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی گوڵانی دایه‌وه‌.
* ئه‌و بێده‌نگییه‌ درێژخایه‌نه‌ت بۆ به‌ (ده‌نگه‌ نه‌بینراوه‌كان) شكاند؟
- بە هۆی ئەوەی خۆم راگەیاندنكارم و تا رادەیەك بارودۆخ و كێشەكانی ناو میدیای كوردی دەزانم، بەوەی تێیدا زۆر جاران مێش دەكرێتە گامێش و گامێشیش دەكرێتە مێش! بۆیە هەستم كرد كار كردن بە بێدەنگی كەمتر تووشی گرفتم دەكات، دەنا لەو ماوەیەی كە بە بێدەنگی ناوی دەبەی، بەردەوام خەریكی كار كردن بوومە؛ چ لە ئەنجامدانی فیلم و چ بە نووسین. بەڵام هەواڵەكانی پەیوەست بە فیلمی (دەنگە نەبینراوەكان) بە هۆی هاندانی هاوڕێیانم خرایە بەر دیدی راگەیاندنەوە.
*تۆ یه‌كێكی له‌ دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی سینه‌ماكارانی كورد، په‌یامی راسته‌قینه‌تان چییه‌ له‌ دامه‌زراندنی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌؟
- پێش هەر شتێك زۆر لە سینەماكاران چەند ساڵە بیر لە دامەزراندنی سەنتەر یان رێكخراو و كۆمەڵە و دامەزراوەی ناحكومیی سینەمایی دەكەنەوە، بۆ وێنە لە ساڵی دوو هەزارو حەوتیش كە تەنانەت خۆشم بەڕێوەبەری سینەما بووم لە وەزارەتی رۆشنبیری، بە هاوڕێیەتی لە گەڵ چەند سینەماكارێك ئەم كارەمان كردووە، بەڵام لە وەزارەتی ناوخۆ هیچ وەڵامێك نەدراوە. پەیامی تێكڕای ئەم هەوڵانە بۆ درووستكردنی دامەزراوەی ناحكومی بۆ سینەما (بە كۆمەڵەی سینەماكارانیشەوە) بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پڕۆسەی سینەما بە گشتی و بەرهەمهێنانی فیلم بە تایبەتی پێویستی بە رۆشنبیری و مەعریفە و درك پێكردنێكی زۆر قووڵ هەیە. بە داخەوە لە زنجیرەی مەراتیب و قۆناغەكانی رۆتینیات كە لە هەر كامیاندا كەسێك یان كەسانێكی ناشارەزا و دوور لە سینەما بڕیاردەرن، دەبنە هۆی پەككەوتنی پرۆسەكان و دروست بوونی درز و جارو باریش دروستبوونی گەندەڵی و ناوزڕاندنەوە. دروستبوونی ئەم كەلێن و درز و پێچ و پەنایانە زیان بە پرۆسەكە دەگەیێنێت و جار و باریش كەسی سینەماكاریش تێوەدەگلێنێت. بە كورتی پەیامەكەی ئەم هەوڵانە خۆ دۆزینەوەی خودی سینەماكارانە لە ناو پرۆسەكەدا بە شێوەیەكی دروست و تەندروست.
*وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ له‌ دوای دامه‌زراندنییه‌وه‌ تا ئێستا چیتان كردووه‌؟
-پچڕ پچڕ كۆبوونەوە كراوە. جاروبار زۆر بە جیدی و مكوڕی دانیشتووین و پلانمان داناوە و دواتریش چوین و بە مانگ بێدەنگ بووین، بە هۆی ئەوەی تا ئێستا رەچاو كردنی كلتوری بەرژەوەندی گشتی لای ئێمە درووست نەبووە. هەر كاتێك یەكێك خەریكی كار كردنە لە سەر فیلمێك لە سەر بودجەی حكومەت یان وەزارەت، ئەوا تا ماوەیەك خۆی و كەسە نزیك لە بیروڕایەكانی نەباسی ئامانجەكان دەكەن و نە باسی هەوڵدان بۆ چاكسازی. ئەم چەندەش گلەیی لێ ناكرێت، چونكە ئەم كردەوە لە تێكڕای جۆمگەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بووەتە دیاردە. بەڵام ئێمە هیوادارین لە نەمانی ئەم دیارەیە هەر هیچ نەبێت ئێمەی سینەماكاران ببینە پێشەنگ.
* هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت چۆنه‌؟
-هەر وەكو پێشتر باسم كرد، لە كۆمەڵگای ئێمەدا هەموو كایە رۆشنبیرییەكان لە سەر بناغەی بەرژەوەندی دادەمەزرێت كە ئەمەش لای هەر دوو لا ناسراوەو بووەتە هۆی متمانە پێك نەكردن. تا متمانەمان بە یەكتر نەبێت و لە گەڵ خۆمان راست نەبین، ئەوا ئەو هەماهەنگیە دروست نابێت.
*ئه‌ی له‌گه‌ڵ رێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان؟
-لەگەڵ ئەوانیش هەمان دۆخەكە هەیە، چونكە رێكخراوی هونەرمەندانیش وەك ئێمە بەشێكن لەم كۆمەڵگایە بەرژەوەندیخوازە.
*تاكه‌ی به‌م بارودۆخه‌ رازی ده‌بن، كه‌ بریتییه‌ له‌ باس له‌ نه‌هێڵانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی سینه‌ما ده‌كرێ، ئێوه‌ش كۆمه‌ڵه‌یه‌كتان دامه‌زراندووه‌، ئایا ئه‌مه‌ كاریگه‌ری نابێت له‌سه‌ر ئاستی هونه‌ری سینه‌ما؟
-ئەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمە چیمان لە سینەما دەوێت. جالیەی ئەرمەنی لە وڵاتنی جیهان بە تایبەتی لە وڵاتی كەنەدا ساڵانە پارە كۆدەكەنەوە بۆ ئەوەی فیلم لە سەر رەشەكوژی 1915ی ئەرمەنییەكان لە لایەن عوسمانییەكان كۆ بكاتەوە. هەر ئەمە بووەتە هۆی كە بە جینۆساید ناساندنی ئەم كوشتارە لە لایەن فەرەنسییەكانەوە پەسەند بكرێت، هەروەها تا ئێستا لە كۆنگرێسی ئەمریكی مشتومڕی لە سەر بێت. سینەمای ئەرمەنی لە سەر ئاستی جیهان زۆر هاوكاری ئەم بارودۆخەی كرد. فەلەستینییەكانیش بە هۆی سینەماكەیان بە تایبەتیش سینەمای دیكۆمێنتاری، كار لە سەر كارەساتی (سەبرا) و (شەتیلا)ی ساڵەكانی شەستەكان دەكەن. جووەكان هۆلۆكۆستیان كردووەتە ئامانج، نمونەی هەر بەرزیش فیلمی (لیستی شتایدەر)ی دەرهێنەر ستیڤن سپیلبرگە. توركەكان بە نەفام و نەزان و شەڕانی و دواكەوتوو نیشاندانی كوردەكانیان لە فیلمدا كردووەتە مەبەست . دەوڵەتی ئێران بەها ئایینیەكانی خۆیان كردووەتە هێڵی سەرەكی. ئەمریكییەكان پیشاندانی باڵادەستیان خۆیان لە جیهاندا ئامانجە. فەرەنسییەكان لایەنی كلتووریان گەرەكە. هیندییەكان سینەمای تەرفیهیان بۆ بیر كردنەوەی ناخۆشی و بەدبەختییەكان كردووەتە رێڕەوەی سینەماكەیان. ئێمەی گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی سەر گۆی زەوی دەبێت تێكرا و هەموو ئەم شتانە بكەینە ئامانج، بۆ ئەم مەبەستانەش نەك بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی، نەك دەزگایەك بەڵكو وەزارەتێكمان بۆ سینەما پێویستە!.
Top