ئەنتێنای عەدنان عوسمان لە لەندەن كێبڕكێ دەكات

ئەنتێنای عەدنان عوسمان لە لەندەن كێبڕكێ دەكات
لەمیانی بەشدارییە بەردەوامەكانی لە فێستیڤاڵە جیهانییەكان، كورتە فیلمی ئەنتێنا لە سیناریۆ و دەرهێنانی هونەرمەند عەدنان عوسمان لە بەشی پێشبڕكێی حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی لە لەندەن بەشدارە.
بەگوێرەی راپۆرتی راگەیاندنی گشتی كورتەفیلمی ئەنتێنا، لەدوای بەشداریكردنی لە 5 فێستیڤاڵی دیكە، لە ئێستادا ئەو كورتەفیلمە لەپاڵ كورتەفیلمێكی دیكە وەك دوو تاكە كورتەفیلمی باشووری كوردستان لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی لە لەندەن بەشدارە.
هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە كە ئەمساڵ ئەو كورتەفیلمە لە دەرهێنانی سینەماكار عەدنان عوسمان لە 5 فێستیڤاڵی جیهانی و ناوخۆیی بەشداربووەو لە فێستیڤاڵی بابل خەڵاتی باشترین دەرهێنان و خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوەو لە فێستیڤاڵی دیاربەكر خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوەو لە فێستیڤاڵی ئیمپیریا لە وڵاتی ئیتاڵیا كە بە بەشداری 25 وڵات بەڕێوەچووە خەڵاتی باشترین دەرهێنانی وەرگرتووەو لە فێستیڤاڵی دیتمۆڵدی وڵاتی ئەڵمانیا كە 75 وڵات بەشداربوون نمایشكراو فێستیڤاڵەكە هیچ خەڵاتێكی نەبووەو تەنها بۆ نمایشكردن بووە".
لەبەشی كۆتایی راپۆرتەكەدا هاتووە، كە جگە لە وڵاتانی دەرەوە لە كوردستان ئەم فیلمە لەلایەن ناوەندی فیلمسازانی لقی هەولێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما خەڵاتی رێزلێنانی پێ بەخشراوەو لە سێیەمین خولی فێستیڤاڵی سلێمانیش فیلمەكە نمایشكراوە.
Top