سروتێك لەیادی ماڵئاوایی دوو چرای خامۆش نەبووی هونەر، دوو ئەستێرەی درەوشاوەی پڕ لە میهرو بەخشندەیی و جوانی …

سروتێك لەیادی ماڵئاوایی دوو چرای خامۆش نەبووی هونەر، دوو ئەستێرەی درەوشاوەی پڕ لە میهرو بەخشندەیی و جوانی …
مامۆستای گەورەو داهێنەر هونەرمەند تەها خەلیل
هونەرمەندی خۆشەویست و جوانەمەرگ كاكە بەهادین حەلیم
نووسینی : لوقمان غریب
بەداخەوە زۆربەی جار مەردوم لەپاش مەرگی ئازیزانی، بیر لە خەسڵەتە جوان و بەها جیاوازەكانی كەسی كۆچكردوو دەكاتەوە، لە مێژووی فكركردنەوەی خۆمدا ئەم هەڵوێستەم زۆر بەفراوانی بینیوە و هەردەم جێگای پرسیاریش بووە لام … بەم دواییانە ئەم دیاردەیە زۆر لەجاران زیاتر تەشەنەی كردووە . مخابن خۆزگە وانەبووایە . بۆ ئێمە لەژیاناو بەزیندویی، جوانی و جیاوازیی و گەورەییەكانی ئازیزانمان بەرجەستە نەكەین . خۆزگا،،، وامان بكردایە،،، بەمێشك و دڵ و چاوی پڕ لەڕاستییەوە تەماشای یەكترمان بكردایە، میهرو جوانیی یەكترمان قبوڵ بووایە … خەسڵەتی هونەر پاكی و جوانی و میهرو خۆشەویستییە، خاكەڕایی و لەخۆبوردیی و گەشبینی و ژیان دۆستییە . چونكە پەیامی هونەر ئەو پەیامەیە كە خەسڵەتی ئینسانی بوون دەبەخشێ، نەك رق و كینە و چڕنوك وەشاندن و رەشبینی و كەم چیكڵدانەیی …
مامۆستا تەها خەلیل و بەهادینی جوانەمەرگ هەڵگری تەواوی خەسڵەتەكانی ئینسانی هونەرمەند بوون لە جوانی و داهێنان و پاكیی و گەشبینی و عیشق بۆ ژیان، بەداخەوە ساڵێك بەر لە ئیستا پێش ئەوەی مۆنتاژی دواهەمین كاری هونەریی ئەو كە درامای (رەیحانە) بوو تەواو بێت ماڵ ئاوایی لێكردین . تەها خەلیل ئەو پیاوە گەورە و ئازاو كۆڵنەدەرە هەرچەندە بەجەستە زۆر ماندوی ئەو هەموو بەخششەی ساڵانی تەمەنی پڕ لەبەرهەمی بوو بەڵام بەرۆح و بە عیشق ئەتووت تازە هەڕەتی لاوێتییەتی . پاش مەرگی ناوادەی بەهادین كە ساڵێك پێش مەرگی خۆی بوو، هەمیشە ئەسەفی بۆ ئەوە ئەخوارد كە بەهادین مەرگ مەودای نەیا درامای (نامەكانی ئەشرەف) ببینێ . دوو رێكەوتی زۆر سەیر لە چارەنووسی دوو كەسی یەجگار دڵسۆزو خۆشەویست و دڵ پڕ لەگەشبینی . بەبێ ئەوەی قسەی پاش مردووان بكەین ئەم دوو ئینسانە هونەرمەندە گڕو تین و عەشقێكیان ئەدا بەكارە هونەرییەكان كە هەمیشە وێردی سەرزمان و نمونەی دەست و برد بوون . لەنامەكانی ئەشرەفدا كێ پیش هەمووان لەشوێنی كاركردن بوو، بێگومان بەهادین و تەها خەلیل . هەندێ لەو خەسڵەتانەی كە زۆر سەرسامی كردبووم ئەو هەموو ئیلتزامە رەحمەتی مامۆستا تەها خەلیل بوو لە لەبەركردنی دیالۆگەكان بێ كەم و زیاد، لەئەداكردنیان، لەهێنانی پێویستیەكانی خۆی لە بێدەنگی بێ بیانویی و خاكەڕایی ئەو پیاوە ئینسان موحەیەر ئەما . ئەگەر هەمان خەسڵەت بۆ بەهادینی جوانەمەرگیش باس بكەم رەنگە هەموو ئەو هاوڕێیانەی كە پێكەوە بووین بڵێن كەم و زیادی نییە … لەگەڵ كاك بەهادین سێ كاری زۆر جوانی هونەریمان كرد (سنوقەچا 2004،لەگوڵێك كاڵتر 2007، نامەكانی ئەشرەف 2009 ) بەدرێژایی ماوەی هەرسێ كارەكەو بە درێژایی ئەو وەختەی كە ئەو پیاوەم ناسی بۆ یەك چركەش لەبەرامبەریا دڵم گەردی نەگرتووە .ئەمەندە هونەرمەندێكی سەرڕاست و دڵپاك و گوفتار شیرین و دڵسۆزو بێ مشكیلە بوو جیا لەوەش نواندن و ئەداكردنی دیالۆگدا تابڵێی ئەكتەرێكی سەركەوتوو داهێنەر بوو . حەیف هەزار حەیف بۆ ئەو ئینسانە جوانە . پیش هەمووان دەچووە شوێنی وێنە گرتن تەنانەت لەئامادە كردنی لۆكەیشنەكان و هەندێ ئیشی تریشدا زۆر خاكەڕاو لە خۆبووردوو دەستپێشخەری دەكرد . كەسایەتی (مام مەحمو) دواهەمین یادگاریی هونەرمەندی جوانەمەرگ بەهادینی حەلیم كە لەنامەكانی ئەشرەفدا بۆ جێهێشتین و ئەسەفێكی قوڵی لە دڵماندا هەڵكەند . هەموو جارێ رەحمەتی مامۆستا تەها خەلیل ئەیووت دنیا چەن سەیرە كێ چاوەڕێی ئەوەی ئەكرد بەهادین بەو كوتوپڕییە بەجێمان بێڵێ … لە ئامادەكاریی درامای رەیحانەدا رۆژانە لەگەڵ رەحمەتی مامۆستا تەها خەلیل پێكەوە بووین زۆر جار باسی ئەوەی ئەكرد كە نیازی وایە بۆ عیلاج بچێتە دەرەوە بەڵام ئەیوت بەخوا تا ئەم بەرهەمەش تەواو نەكەین ناڕۆم ئەمە لەپێشترە . ئەوەنە خۆشەویستی و عیشقی هەبوو بۆ بوارەكەی هەموو جارێ ئەیوت حەزئەكەم یان لەسەر تەختەی شانۆ یان لەبەردەم كامێرادا بمرم . بەداخەوە خۆزگا وانەبووایە خۆزگا كۆمەڵێ كاری ترمان پێكەوە بكردایە .كەسایەتی ( عومەرەفەنی / نامەكانی ئەشرەف ) و ( كویخا فەرەجی / رەیحانە ) دوو یادگاری گەورە پڕ لە بیرەوەریین … گەوەرەیی و جیاوازیی تەها خەلیل لەوەیا بوو كە ئیدراك و توانا و عیشق و دڵسۆزیی بۆ هونەر هەمیشە لەگەورە بوون و گەشبینیا بوو . سڵاو بۆ رۆحی پاك و بێگەردیان سڵاو بۆ هەموو ئەو پیاوە شاكارانەی كە مێژووی ئێمەیان پڕ كردووە لە هونەرو جوانی، هونەرمەندان رەفیق چالاك نوری وەشتی رەوف یەحیا عوسمان چێوار كەمال سابیر فوادی حەمەمین ئاغا ماجیدی حەمەجوان حسێن میسری دەیان رۆحی پڕ لەمیهری تر ….
Top