خانوێكی دێرینی سلێمانی كاتی نەماوە بۆ گۆرانی گوتن

خانوێكی دێرینی سلێمانی كاتی نەماوە بۆ گۆرانی گوتن
وابڕیارە لە رۆژانی 13 و 15 و 17-11-2011 لەشاری سلێمانی شانۆیی كاتمان نەماوە بۆ گۆرانی نمایش بكرێت كە لەتێكست و دەرهێنانی شوان كەریم و نواندنی سەوسەن عومەر و دیلمان سەڵاحە.
شانۆییەكە لەیەكێك لە خانوە كۆنەكانی شاری سلێمانی نمایش دەكرێت و بۆ ئەو دیمەنانەش كە ئەكتەر لە ژوورەوەیە كامێرا بەكارهاتووە و وێنەكان بە راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ بینەر، شوان كەریم دەرهێنەری شانۆییەكە لەبارەی كارەكەیانەوە وتی: نمایشی كاتمان نەماوە بۆ گۆرانی ماوەی دووساڵ و نیوە كاری تێدادەكەم و ماوەی دوو مانگیش دەبێت لەگەڵ ئەكتەرەكان سەرقاڵی پرۆڤەكردنین".
شوان گوتیشی"شانۆییەكە باس لە پەیوەندی ژن و پیاو دەكات و لەو رێگەیەوە باسی كێشە و گرفتەكانی مرۆڤی سەردەمیانە دەكەین، دواجاریش ئەم ماڵە ماڵێكی كوردییە و ئەو فاكتانەی كە لەخێزاندا دەورێكی گرنگ دەبینن بەشێوەیەك لە شێوەكان لەو دەرگایانەمان داوە و كارمان لەسەر كردوون، ئەگەر شانۆییەكە وەك ریتمێكی مۆسیقی سەیری بكەین بریتیە لە شەڕ و ئاشتبونەوەیەكی بەردەوام لەسەر هەندێ شتی زۆر گرنگ وەهەندێ جاریش لەسەر شتی زۆر هیچ.
سەبارەت بە ستایلی كاركردنی لە شانۆییەكەدا شوان دەڵێت: كاركردنم لەم شانۆییەدا بە ستایلێكە كە ماوەی چەند ساڵێكە كاری لەسەر دەكەم و بریتیە لە بەكارهێنانی كامێرا بۆ ئەو دیمەنانەی لەناو ژورەكانن یان لەدەرەوەی ماڵەكەن و بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئەو دیمەنانە نمایش دەكەینەوە جگەلەوەی شوێنی نمایشەكە خانوەیەكی كۆنە كە بینینی خانوەكە ئەوەت پێدەڵێت كە ژیان لەو ماڵەدا ووشك بۆتەوە و تۆزی لەسەر نیشتووە، هەروەك چۆن لەدەرگای چەند كێشەو گیروگرفتێكی نێو خێزانی كورد دراوە.
لەبارەی بەجێهێشتنی تەختی شانۆ و كاركردن لەناو خانویەكدا كە واقیعی ژیان دەردەخات شوان-ی دەرهێنەر ووتی: هەڵبژاردنی خانوویەكی لەو چەشنە خزمەت دەگەیەنێت بە نمایشەكە چونكە دەبینیت لەو خانووەدا جۆرێك لە دابەشبون دروستبووە كەهەریەك لە ژن و پیاوەكە جیهانێكی تایبەت بە خۆیان دروست كردووە، بەكارهێنانی خانویەكی لەو جۆرەش رزگارت دەكات لە دروستكردنی دیكۆر بۆ شانۆییەكە كە زۆر جیاوازتر دەبێت لەو خانوە واقیعیەی هەیە و بێگومان جوانیەكی زیاتر دەبەخشێتە كارەكە، بەڵام لەوانەیە كێشەی دەنگ و سەرما دروست ببێت بۆ بینەر بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا حسابمان بۆ سەرماو شوێنی دانیشتنی بینەر كردووە.
شوان كەریم چەند ساڵێكە بەو ستایلە كاری شانۆیی دەكات و چەند كارێكی لە كوردستان و وڵاتانی ئەوروپا نمایش كردووە.
Top