"تامی هەنگ" نوێترین فیلمی دەرهێنەری كورد مانۆ خەلیلە

دەرهێنەری كورد مانۆ خەلیل، لەرێگەی فیلمێكەوە، چیرۆكی كوردێكی بەخێوكەری هەنگ لە چیاكانی كوردستانەوە تا چیاكانی ئەلب دەگێڕێتەوە.
مانۆ خەلیل لە لێدوانێكیدا گوتی "لە ئێستادا سەرقاڵی كاری وێنەگرتنی فیلمێكی نوێی خۆمم بەناوی (تامی هەنگوین)، تێیدا چیرۆكێكی تراژیدی و خەمناكی بەخێوكەرێكی هەنگ دەخاتە روو، لە هەمان كاتیشدا خۆشەویستی مرۆڤ بۆ ژیان و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ سروشت، بە شێوەیەكی شاعیرانە دەخاتە بەرچاو".
مانۆ خەلیل گوتیشی "چیرۆكی فیلمەكە هەرچەند بە پلە یەك هەوڵی چارەسەری كێشەی مرۆڤێكی كورد دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەنگدانەوەی ژیانی هەموو مرۆڤێكە كە بۆتە قوربانی شەڕو بەهۆیەوە هەموو شتێك و كەسوكار و دۆستان و نیشتیمانی لەدەستداوە و دەربەدەری دینا بووە، كەچی مرۆڤبوون و خۆشەویستیی بۆ ژیان لەدەست نەداوە".
ئەوەشی خستە روو "چیرۆكی فیلمەكەم لە چەند وێستگەیەكی دراماییدا، باس لە بەخێوكەرێكی هەنگ لە كوردستانی توركیا دەكات، لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو گەورەترین بەرهەمهێنەری هەنگ بووە لە جیهان، ساڵانە 20 تا 30 تۆن هەنگی بەرهەم دەهێنا، بەڵام بەهۆی شەڕەوە شانەی هەنگ و زەوی و ماڵ و هاوسەر و بەشێك لە منداڵەكانی لە دەست دەدات، دواجار لە چیاكانی ئەلب لە سویسرا درێژە بە كارەكەی دەدات".
"تامی هەنگوین Der Imker" لە پاییزی 2011 كاری وێنەگرتنی دەستی پێكردووە، لە هاوینی 2012 كۆتایی دێت، تەلەفزیونی سویسری بە زمانەكانی ئەڵمانی، فەرەنسی و ئیتالی، تەلەفزیونی ئارتی فەرەنسی- ئەڵمانی و دەزگای سینەمای سویسری و خودی دەرهێنەر، كاری بەرهەمهێنانی بۆ دەكەن.
ماوەی فیلمەكە 90 خولەكە، كۆمپانیای Frenetic Films ئەركی بڵاوكردنەوەی لەئەستۆ گرتووە، لە زستانی 2012 بڵاودەكرێتەوە، بە شێوازی HD وێنە دەگیرێت و بە فیلمی 35 میلیمی و سینەمای دیجیتالی بڵاودەكرێتەوە.
مانۆ خەلیل دەرهێنەری كوردستانی سوریا، ماوەی 25 ساڵە لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەر دەبات و ئێستا لە سویسرا نیشتەجێیە.
Top