ڕێزان فەرەج: لەبەر خـۆشەویستی هاوسەرەكەی رووی لە شانۆ كرد

ڕێزان فەرەج: لەبەر خـۆشەویستی هاوسەرەكەی رووی لە شانۆ كرد
هەر لە منداڵییەوە خولیای شانۆ لە مێشك و دەروونیدا هەبوو و بە ئاواتەوە بوو رۆژێك لە رۆژان لەسەر تەختەی شانۆ خۆی ببینێتەوە، بەڵام رێزان فەرەجی ئەكتەر كە چووە پەیمانگای هونەرە جوانەكان ناچار بوو لە بەشی سیرامیك و شێوەكاری بخوێنێت، چونكە هەندێك ئاستەنگ هەبوون كە رێگر بوون لەوەی بە ئاواتەكەی بگات، تا لە كۆتاییدا بە رێكەوتێكی چاوەڕوان نەكراو خۆی لەسەر تەختەی شانۆ بینییەوە، ئیدی لەو كاتەوە ئەو خانمە ئەكتەرە بەردەوام بوو لە كاری نواندن تا بە ئەمڕۆ دەگات و شێوەكاریشی بۆ هەتا هەتایە لە مێشكی خۆی وەدەرنا.
لە یەكەم كاری شانۆییدا شوێنی هاوسەرەكەی گرت
رێزان سەرەتا لە بواری شێوەكاری بوو، بەڵام چۆن رووی كردە شانۆ و بۆچی سەرەتا رووی لە بەشی شانۆ نەكرد، دەربارەی ئەمە دەڵێ: من شێوەكار بووم لە بەشی سیرامیك نەك شانۆكار، هەرچەندە خۆم لەسەرەتاوە حەزم لە بواری شانۆ بوو، بەڵام بارودۆخی ئەو كاتەی خێزانیم و كۆت و بەندەكانی كۆمەڵگا ڕێگر بوون لەوەی روو لە بەشی شانۆ بكەم، بۆیە لە پەیمانگا بەشی شێوەكاریم هەڵبژارد. هەر لەوێ هاوڕێیەتی لەنێوان من و ئەحمەد رەئوفی هاوسەرم دروستبوو ئەو قوتابی شانۆ بوو، كە رازی دڵی خۆیشی بۆ دركاندم دوای یەك هەفتە ڕازی بووم و زۆر زۆریشم خۆشویست تا ئێستاش ئەم خۆشەویستییە هەر لە گەورە بووندایە و هەر لە سەرەتاوە دوو هاوڕێی زۆر نزیك بوین یەكترمان زۆر خۆشدەویست. لە ساڵی دووەمی پەیمانگە ئەحمەد زیندانی كرا، كە زیندانی كرا وتم نابێت هیچ شتێك شوێنی ئەحمەد بسڕێتەوە لەسەر شانۆ، بۆیە خۆم چوومە سەر شانۆ و نەمهێشت جێگەكەی بەتاڵ بێت، ئەوە بوو من یەكەم كاری شانۆییم لەساڵی 1986 پێشكەش كرد، وەك گوتم خۆم زۆر خولیای شانۆ بووم، بەڵام خۆشەویستی ئەحمەد زیاتر هانیدام. بەرهەمی ئەم خۆشەویستیەشمان ئێستا دوو مناڵی چاوگەشن (محەمەد و ترێ).
ئە كتەری سەركەوتوو سادەیە و رێزی خۆی دەگرێت
بێگومان سەركەوتنی ئەكتەر یاخود ئەكتەری سەركەوتوو پێویستە چەند مەرج تایبەتمەندی تێدا بێت كە تەنیا لایەنە هونەرییەكەی ناگرێتەوە، بەڵكو پێوەندی بە كەسایەتی ئەكتەرەكەشەوە هەیە، لەم بارەیەوە رێزان پێیوایە: ئەكتەری سەركەوتوو ئەو كەسەیە كە سادەیە، ڕێزی خوی دەگرێت و خەڵك ڕێزی دەگرێت، لە دابونەریتی كۆمەڵگاكەی لا نادات پاشان، ئەو ڕۆڵانەی كە پێی دەسپێردرێن بە جوانی بەرجەستەیان بكات ودەچێتە ناخی ئەو ڕۆڵانەوە و پێش هەموو شتێك پێویستە بینەر لێی ڕازی بێت. خاتوو ڕێزان سەرەڕای ئەو هەموو كارە تەلەفزیۆنی و درامایەی كە هەیەتی، بەڵام لە شانۆدا تەنها دوو كاری هەیە ئەویش كە پیشتر ئاماژەمان پێی كرد لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان و لە شوێنی كاك ئەحمەی هاوسەری رۆڵی گێڕاوە، پاش تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە جارێكیتر گەڕاوەتەوە سەر تەختەی شانۆ، ئەویش لە مانگی رەمەزانی پار بوو كە ڕۆڵی سەرەكی هەبوو لە شانۆی (پارێزەرەكەی ڕەحمە). ئەمساڵیش بە نیازن لە درێژەی كارو چالاكییەكانیاندا گروپی هونەری ڕەنگاڵە شانۆگەرییەكی نوێ لە مانگی ڕەمەزاندا پێشكەش بكەن.
خاتوو ڕێزان لە هیچ جۆرە كارێكی سینەمای بە شدار نەبووە، لێم پرسی بۆ؟ لەبەر ئەوەیە كە كاری سینەماییت پێنەسپێردراوە، وتی لەبەر ئەوەی كاتم زۆر كەمە .لەنێوان دەرهێنەرە كوردەكانیش سەرسامی بەهمەنی قوبادیم، چونكە ئەو كوردی بە جیهان ناساند پاشانیش كارەكانی زۆر كۆمەڵایەتی و جوانن. بە گشتی دەتوانم بڵێم سینەمای كوردی لە ئاستێكی مام ناوەندیە.
زۆر حەزم لە دەنگی نەریمان بابان و كەمال محەمەدە
كاتێك كە پەیوەندییم پێوە كردو زەنگ لێیدا یەكسەر گۆرانییەك لە گۆرانیە خۆشەكانی نەریمان بابان هاتە گوێم كە وەڵامی دایەوە لێم پرسی: دیارە زۆر حەزت بە دەنگییەتی ؟وتی بە دەر لەوەی كە نەریمان كوڕی پورمە، بەس زۆر حەز بە گۆرانییەكانی دەكەم لەگەڵ گۆرانییەكانی كەمال محەمەد .لە فلیمە بیانیەكانیش زۆر حەزی بە فیلمە میسریە كونەكانە بەتایبەت فلیمەكانی مەدیحە یوسری، چونكە ئەوسا وەك ئێستا ئەو هەموو تەلەفزیۆنانە نەبوون، تەنیا دوو سێ كەناڵ هەبوون، بەڵام زۆر خۆش بوون ڕاستە تەلەفزیۆنی كوردی نەبوو بەس كەركوك هەبوو، بەڵام كە مرۆڤ سەیری دەكرد دڵی دەكرایەوە وەك ئێستا شەڕە كەناڵ و میدیا نەبوو.
كۆمەڵێك كاری نوێم بەڕێوەیە
سەبارەت بە كارە تازەكانی ڕێزان خان وتی: بۆ ڕەمەزان ستافی هەمەڕەنگ بەنیازی چەند ئەڵقەیەكین لەگەڵ شانۆگەرییەك، پاشان لە زنجیرە درامایەكی تەلەفزیۆنی لەگەڵ دەرهێنەری بە توانا كاك سالار سوڵتان كارم كردووە، بەم زووانە نمایش دەكرێت كە لە ستافێكی بەتواناو بە ئەزموون پێكهاتبون، لە گەڵ كۆمەڵێك ئەكتەری بەتوانا لەوانەش شەماڵی عەبە ڕەش و نزار سەلامی كە من زۆر بە كاركردن لەگەڵیان دڵخۆش و ئارامن بۆیە لێرەوە دەستخۆشیان لێدەكەم ودەڵێم بەهیوای كارێكی سەركەوتوو. لە گەردەلولی سێیەمیش بەشدار نەبووم هەرچەندە پێشیان وتم، بەڵام دەرفەتم نەبوو، پێشموایە لە بەشی یەكەم و دووەم سەركەوتووتر دەبێت
هەر نازانم سیرامیك و شێوەكاری باسی چی دەكەن
هەرچەندە خاتوو ڕێزان دەرچووی بە شی شێوەكارییە، بەڵام سەبارەت بە شێوەكاری دەڵیت: ئەوەی شێوەكاری بێت ئەوەی سیرامیك و قوڕ و فەرش بێت، بیرم نەماوە هەر نازانم باسی چی دەكات. چی دەڵێن. بۆیە هیچم بیر نەماوە هەر بە دوای نواندندا ڕۆیشتوومە و شێوەكاری ئامانجم نەبووە بۆیەش هەڵمبژارد، چونكە نەمدەویست لە دنیای هونەر داببڕێم، بۆ كاری نواندن ئەگەر ئەحمەدی هاوسەرم نەبوایە قەد ئەم ڕێزانەی ئێستا نەدەبووم ئەو منی كردە ئەكتەر، راستە من خۆم بەهرەكەم هەیە و حەزم پێیەتی، بەڵام ئەویش هاندەری سەرەكیم بووە.
دایكم هەموو شتێكە لە ژیانم
ڕێزان خان لە تەمەنێكی زۆر بچووكدا بووە كە باوكی شەهید بوو، ئەو لە پۆلی چواری سەرەتایی بووە و تاقانەشە نە خوشكی هەیە نە برا و دەڵێت: تا ماوم قەرزاری دایكمم، چونكە ئەو هەموو تەمەنی لەسەر من دانا، منی پێگەیاند ئێستاش بە قوربانی بم لای خۆمە ئەو جلە كوردییە جوانانەش كە لەبەرم دەیبینن لە كارەكانمدا زۆربەی هی ئەون ماونەتەوە، ئەمانەی نوێیەكانیش ئەو بۆم دەگونجێنێت. خۆشم زۆرم حەز بەجلی ڕەنگاو ڕەنگە و رەنگی پرتەقاڵیم زۆر پێ جوانە، بۆیە لە هەموو شتێكی ژیانمدا دەبێت شتێكی پرتەقاڵی تێدا بێت.
زۆر حەزی بە جلوبەرگ و خواردنی كوردەوارییە
هاوسەرەكەی لەم سەفەرەی بارێك تەتكەوە پەتكەی بۆ هێناوە، سەبارەت بەمەش دەڵێ: ئێستاش كارە دەستییەكانی ئەحمەدم ماوە كە لە زیندان بووە بۆی چنیوم هەر هەڵمگرتوون. دەربارەی خواردنیش زۆر حەزم لە خواردنە كوردەواریەكانە وەك گەنمە كوتاو و نۆكاو و ساوەر.
Top