هەڤاڵ ئیبراهیم: ماچەكەی كلیپی (عزیزە) ئاسایی بوو

هەڤاڵ ئیبراهیم: ماچەكەی كلیپی (عزیزە) ئاسایی بوو
هونەرمەندێكی لاوە و هێشتا لە سەرەتای كاروانی هونەرییە، بەڵام كارەكانی گەواهیدەری ئەوەن كە خاوەن توانایەكی هونەری زۆر و لە بن نەهاتووە، هەڤاڵ ئیبراهیم كە سەرەتا بە چەند گۆرانییەكی فۆلكلۆری هونەرمەندانی نەمر زیاتر دەركەوت و ناسرا رۆڵێكی بەرچاویشی هەیە لە نوێگەریی كە ئێستا زۆر باس دەكرێ بە لەبەرچاو گرتنی فۆلكلۆر و رەسەنایەتی هونەری كوردی، لە هەمان كاتدا بە دیالیكتە جیاوازەكانی كوردستانیش برەوی بە هونەرەكەی خۆیدا و ئێستاش بەردەوامە، هونەرمەندی لاو هەڤاڵ ئیبراهیم بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
* تۆ و چەند هونەرمەندێكی لاوی تر، جۆرێك لە نوێگەرایەتیتان هێنایە ناو هونەری كوردی كە تێكەڵ كردن بوو لەگەڵ فۆلكلۆر، تا چەند لەم هەنگاوەتان سەركەوتوو بوون؟
- راستە ئێمە ئەزموونێكمان لەو بوارەدا هەیە كە بەپێی مۆدێلی نوێ گۆرانی فۆلكلۆری بڵێین، سەبارەت بە سەركەوتنیشمان ئەمە دەمێنێتەوە سەر هەڵسەنگاندنی جەماوەر و رەخنەگر و شارەزایانی بواری گۆرانی و موزیكی كوردی، بەڵام بە گشتی پێموایە ئێمە هەندێك كاری باشمان سەبارەت بەم مەسەلەیە ئەنجامداوە.
* كاری باش دەستخۆشی لێدەكری و كاری خراپیش رەخنەی لێدەگیرێ، تۆ رەخنەت لێگیراوە یان دەستخۆشی؟
- سەبارەت بە خۆم زیاتر تێبینی ئەوەم كردووە كارەكانم زیاتر لەلای خەڵك ویستراو بووە و سەركەوتنیان بە دەستهێناوە، چونكە زۆر دەستكاری گۆرانییە فۆلكلۆریەكانم نەكردووە، هەمان میلۆدی و هەمان بابەتە، تەنیا ستایلی دابەشكردنەكەم هەندێك گۆڕیوە.
*نوێگەرایی نابێتە هۆی پشتگوێ خستنی فۆلكلۆر؟
- نەخێر بەپێچەوانەوە فۆلكلۆر ئەو كاتە لەبیر دەكرێ كە نوێكاری تێدا نەكرێ و پێشكەش نەكرێتەوە.
*ئێوەی نەوەی ئێستای هونەرمەندانی دهۆك توانیوتانە شوێنی هونەرمەندە نەمرەكانی دەڤەرەكە پڕ بكەنەوە؟
- ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، بەڵام دوای چەندین ساڵی تر ئەو كاتە دەزانن كە ئێمە چیمان كردووە، بەڵام هەر كارێكی هونەری لە هەر شوێن و زەمەنێك بێت تەمەنی درێژە و بە زیندوویی دەمێنێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی رەسەنایەتییان تێدایە و كاری جددی بۆ كرابێت. من خۆم ستایلێكی تایبەتم هەیە كە پێی ناسراوم، بەڵام هەوڵ دەدەم بە هەموو ستایلەكان گۆرانی بڵێم.
*سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و گرفتانەی رووبەڕووی هونەرمەندانی كورد دەبنەوە، كەچی هونەری گۆرانی و موزیك بەردەوامە و بگرە لە پێشكەوتنیشدایە، تا كەی دەتوانن بەردەوام بن و كەسیش گوێ بە داخوازیەكانتان نەدات؟
- ئێمەی هونەرمەندان زۆر جارە كە تووشی بێزاری و بێ ئۆمێدی دەبین، ئەوكاتە بیر لە وازهینان دەكەینەوە، چونكە رۆژ بە رۆژ بارودۆخی هونەری خراپتر دەبێت، هیچ سیستەم و بەرنامەیەك بۆ ئەو هونەرمەندانە دانەنراوە كە كاری بەرچاو دەكەن و هەوڵی پێشخستنی موزیكی كوردی دەدەن، بەداخەوە لە كوردستان تا ئێستا بازاڕی گۆرانی و موزیك بوونی نییە بە جۆرێك هونەرمەندە بە تواناكان وەك ئەو پزیشكانەیان لێهاتووە كە دوای دەرچوونیان بێ نۆرینگە و بێ نەخۆشن، سەرەڕای ئەوەش ئێمە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەین بازاڕێك دروست بكەین كە هونەرمەندی كورد بتوانێت تێیدا بژیت و ساڵانە یان دوو ساڵ جارێكی سیدییەكی نوێ تۆمار بكات، هەرچەندە ئەم كارە لە كوردستان زۆر زەحمەتە.
پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری پلانێكی بۆ چارەسەر كردنی ئەم مەسەلەیە هەبێت، نە دەتوانێت مافی هونەرمەندان بپارێزێت نەپلانێكیشی داناوە بۆ هاوكاری كردنی هونەرمەندان بەتایبەتی ئەوانەی ناسراو و ئەكادیمین و خزمەتی بەرچاو پێشكەش بە هونەری كوردی دەكەن.
*ئایا بناغەیەكتان بۆ بازاڕی هونەری داناوە؟
-سوپاس بۆ خوا بەگوێرەی تواناكانی خۆمان بازاڕێكمان داناوە، بۆ نموونە بەشداری لە ئاهەنگ و زەماوەندەكان دەكەم بۆ ئەوەی هەندێك پارە كۆبكەمەوە، تاكو سیدییەكی نوێ بەرهەم بهێنم، بەڵام ئەو سیدییەی بەو حاڵە بڵاوی دەكەمەوە هەر زوو لە پێش چاوی خۆم كۆپی دەكرێ بێ ئەوەی بتوانین هیچ كاردانەوەیەكم هەبێت، هەمیشەش دەڵێین بەڵكو بەیانی یان دوو بەیانی، مانگێكی تر، ساڵێكی تر ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێ، بەڵام دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە هەندێك هونەرمەند هەن سوودیان بینیوە،(مستفیدن) جا بە هەر شێوە و بە هەر رێگایەك بێت كە من نامەوێ باسیان بكەم، بەشێوەیەكی گشتی دەمانەوێ بازاڕێكی هونەری پەیدا بكەین، نەك هونەرمەند بە دەست پان كردنەوە و سواڵكەری پارە كۆ بكاتەوە و كاری هونەری بكات، چونكە تا بە داهاتی سیدی و بەرهەمەكانی هونەرمەند پارە كۆ نەكاتەوە، هونەر پێش ناكەوێت، من وەك هەڤاڵ دەتوانم كاری بازرگانی بكەم، بەڵام بازرگانی كردن كاری من نییە، هونەرمەند دەبێ بازرگانی بە هونەری خۆی بكات بۆ پێشخستنی هونەری كوردی.
*وەك هونەرمەند بیرتان لەوە نەكردۆتەوە هەڵوێستێكتان هەبێت بەرامبەر بە پێشێلكارییە بەردەوامەكانی مافی هونەر و هونەرمەندان؟
- بێگومان پێشێل نەكردنی مافی هونەرمەندان ئاواتی ئێمەیە و زۆر بەڵێنیشیان پێداوین، تەنانەت خودی جەنابی سەرۆك بارزانی پشتگیری لە مافەكانی ئێمە دەكات و بەڵێنی پێداوین ئەم بابەتە چارەسەر بكرێت، ئێمەش هیوایەكمان بەو بەڵێنەی جەنابیان زۆرە كە بتوانێت پێشێل كردنی مافی هونەرمەندان كۆتایی پێ بێت.
* بۆچی كەناڵە هونەرییە كوردییەكان سەرەتا زۆر بە گەرم و گوڕی دێنە گۆڕەپانەكەوە، بەڵام دواتر دۆرێك لە ساردییان پێوە دەبینرێت، تۆ بڵێی هۆكاری چی بێت؟
-من زۆر شارەزاییم لەو بوارە نییە، بەڵام ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ كادری ئەو كەناڵانە دەوەستێت كە پلان و ئامانجەكانی چین، بەشێوەیەكی گشتی كەناڵەكان باشن، بەڵام ئێمە هیواخوازین و پێویستیش بوو باشتریش بن، چونكە بەپێی ئەو بارودۆخە ئابوورییەی ئێستا لە كوردستان، فەراهەم بووە لەرووی بازرگانی دەبوایە كەناڵەكانمان لە ئاستێكی بەرزتر بوان.
*هەندێك هونەرمەند روویان لە پێشكەش كردنی بەرنامە تەلەفزیۆنییەكان كردووە، ئەگەر داوات لێبكرێت ئەم كارە دەكەی؟
- بەڵێ داوام لێكراوە بەرنامەی هونەری پێشكەش بكەم، بەڵام تا ئێستا سەد دەر سەد ناتوانم بڵێم دەتوانم ئەو كارە بكەم، هەروەها هەندێك پلانی تایبەتم هەیە لە هزری خۆم ئەگەر بۆم جێبەجێ بكرێن بێگومان بەرنامە پێشكەش دەكەم.
* ئەگەر لە ئاهەنگێك كچێك ماچی كردبی، تووشی تەعلیق لێنەدان نەبوویەوە؟
- نەخێر شتی وا رووی نەداوە ئەگەر هەشبووبێت بەشێوەیەكی ئاسایی بووە و نەبوەتە كارێكی گەورە كە ئیحراجی تێدا بووبێت.
* ئەی ماچەكەی لە كلیپی( عەزیزە)دا؟
- راستە، بەڵام ماچەكە سێكسی نەبوو بەڵكو ماچێكی ئاسایی بوو و پەیوەندی بە سیناریۆكەوە هەیە، من رۆڵەكەم تەواو كرد، لە كلیپەكەدا ئەو كچە لێم توڕە دەبێت منیش بەشێوەیەكی ئاسایی ئاشتم كردەوە، رەنگە تانەم لێدرا بێت لەسەر ئەو ماچە، بەڵام لەبەر ئەوەی قەناعەتم پێیەتی لای من ئاساییە، چونكە ماچێكی پیرۆزە دەتوانی لەگەڵ دایك و برا و خوشكەكانیشت ئەو جۆرە ماچە بكەی.
*هەندێك هونەرمەند هەن درەنگ ژیانی هاوسەرگیری پیكدەهێنن، ئایا هونەر رێگرە لەبەردەم ئەو پرۆسەیە؟
- بێگومان هونەر جۆرێك لە رێگری دروست دەكات، سەبارەت بە خۆیشم تا ئێستا ئەو كەسەم نەدۆزیوەتەوە كە هەڵیبژێرم وەك هاوسەری ژیان، رەنگە لەبەر ئەوە بێت كەوا من سەرقاڵی كاری تر بم و بە جددی بیرم لەو بابەتە نەكردۆتەوە، بەڵام زۆر حەز دەكەم رۆژێك بێ منیش ژن بهێنم، چونكە ژنهێنان واتە سەقامگیری و سوننەتی ژیانە و پێویستە مرۆڤ ئایینی خۆی كامڵ بكات.
* رێگری هونەر لە ژنهێنان لەبەر سەرقاڵ بوونە یان لەبەر ناوبانگە؟
- هەردوو لایەن دەگرێتەوە و هەر یەكیان بەشێكی تێدایە لە رێگرییەكە.
* هەڤاڵ ئیبراهیم پەیجی هەیە لە فەیسبوك؟
-بەڵی پەیجی خۆم هەیە، بەڵام جاری واهەیە سێ مانگ چوار مانگ نایكەمەوە، لەبەر نەبوونی كات هەروەها لەبەر ئەوەی من زۆر بە فەیسبووكەوە نەبەستراومەتەوە و ئاڵودەی نەبووم.
* ئەی بۆ ئەو هونەرمەندانە چ دەڵێی كە پەیجیان هەیە و دەڵێن نیمانە یان ئەوە ئێمە نین، یان هەندێك هونەرمەند هەن دوورە پەرێزن لە جەماوەر؟
-ناتوانم لە بری كەس قسە بكەم، بەڵام زۆر خۆشە مرۆڤ راشكاوانە قسە بكات، ئەمەش دەگەڕێتەوە سروشتی ئەو هونەرمەندە و چۆنییەتی مامەڵە كردنی لەگەڵ واقع و پلانی خۆی لەو بوارە، لە هەندێك حاڵەتدا پێویستە جۆرە دووركەوتنێك هەبێت لەنێوان هونەرمەند و جەماوەر بەتایبەتی هەندێكیان ئەتەكێتی ئەوەیان نییە بێنە ناو جەماوەر، چونكە رەنگە ئەگەر بێت زیان بە خۆی بگەیەنێت واتە نەچێتە ناو جەماوەر باشترە، هەندێك تریش پێیانوایە ئەگەر لە جەماوەر دووربكەونەوە مەرغوبتر دەبێت، من پێم باشە هونەرمەند دوورە پەرێز نەبێت، بەڵام بزانێت چۆن و كەی و بە چ شێوەیەك دێتە ناو جەماوەر.
Top