هەولێر فیستیڤاڵێكی شانۆیی نێوەدەوڵەتی لە باوەش دەگرێت

هەولێر فیستیڤاڵێكی شانۆیی نێوەدەوڵەتی لە باوەش دەگرێت
بۆ زانین و ئاگادار بوون لە كار و چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ و ئەو كارو چالاكی و فیستیڤاڵە چاوەڕوانكراوەی بە نیازن لە داهاتوو لە شاری هەولێر ئەنجامی بدەن، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆمان كرد و هیوا سوعاد بەڕێوەبەری هونەری شانۆ بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
لەبەر پەسەند نەكردنی بودجە زۆر شتمان بۆ نەكرا
هیوا سوعاد دەربارەی كارەكانیان لە ماوەی رابردوودا گوتی: لای هەموو كەسێك ئاشكرایە بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ، كار بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هونەری شانۆ و زەمینە خۆش كردن بۆ بەرهەمی هونەری شانۆیی لە كوردستان بەگشتی و لەشاری هەولێر بەتایبەتی دا دەكات،، لەماوەی سێ ساڵی رابردوو چەندین فیستیڤاڵ و شانۆگەری وەرزی شانۆیی و سیمینارو كۆری شیعری ئەنجامدراوە و ئێستاش هەر بەردەوامە، چەندین چالاكی و بزاڤ هەیە هەوڵمانداوە بیكەینە نەریت، بۆنموونە فیستیڤاڵی شانۆی منداڵان، فیستیڤاڵی شانۆی هەولێر، ئەم ساڵ یادی رۆژی جیهانی شانۆمان كردەوە و تێیدا چەند شانۆییەكمان پێشكەش كردو چەند كەسێك خەڵات كران و دوو گرووپمان لە سلێمانی و دهۆك داوەت كرد و ئەوەی كە بۆشمان نەكراوە لەبەر پەسەند نەكردنی بوودجە بووە.
فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی لە هەولێر ساز دەكرێ
سەبارەت بە گرنگترین كارەكان داهاتوویان بەڕێوەبەری هونەری شانۆ گوتی: بۆ ئەم ساڵ بە نیازین فیستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی رێك بخەین كە زیاتر لە دوانزە شانۆگەری بەشداری تێدا دەكات لە وڵاتانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و هۆڵەنداو ئێران و توركیا و كوردستان و عێراق، هەروەها بۆ ئەوەی گرنگی و بایەخی زیاتر بە هونەری شانۆ بدرێت نەك تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر بەڵكو لە قەزا و ناحیەكانیش لە بەرنامەماندایە فیستیڤاڵی شانۆیی قەزاو ناحیەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر ئەنجام بدەین، كە لەوانەیە دەوروبەری قەزاو ناحیەكانی تری كوردستان بەشداری بكەن، لەلایەكی دیكەوە كار بۆ ئەوەش دەكەین گرووپێكی گەڕۆك دروست بكەین ئەندامەكانی گرووپەكەمان دەستنیشان كردووە، تەنیا ئەوە ماوە بگەڕێین لەو شوێنانەی كە زەمینەی تێدا خۆش كراوە بۆ كاری شانۆیی، چونكە پێویستە زەمینە ساز بكەین بۆ ئەم كارە، هەروەها دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە دەرگامان واڵایە بۆ هەر كەسێك لە هەر شوێنێك بێت كە پرۆژەی شانۆییمان پێشكەش بكات ئەگەر بشێ ئێمە رەزامەندی لەسەر دەدەین، و لەم رۆژانە دەست بەوەرزی خۆمان دەكەین چەند رۆژێك لەمەوبەر شانۆگەری (قرنیس) نمایشكرا و جەماوەری یەكجار زۆر بەدیتنی شادبوون ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئەوە دەسەلمێنێ كە شانۆ قۆناغێكی تر بەخۆیەوە دەبینێ.
هەر سەبارەت بە فیستیڤاڵە چاوەڕوان كراوە و گرووپە بەشداربووەكانیش هیوا سوعاد وتی: بۆ سازدانی فیستیڤاڵەكە رەزامەندیمان وەرگرتووە و بڕی 191 ملیۆنی بۆ تەرخانكراوە، لەو رۆژانەش سەردانی فەرەنسا دەكرێ و لەوێوەش بۆ ئەڵمانیا بەمەبەستی دەست نیشانكردنی لیژنەی بڕیاردەر.
لایەنی هەرە گرنگ (ئای تی ئای)ە، واتە (پەیمانگای جیهانی شانۆ) بەشداری تێدا بكات، هەوڵ دەدەین قورساییەكی هەبێ و هونەرمەندی بەتوانا داوەت بكەین لە ئەوروپا و لە وڵاتانی عەرەبیش، لەوانەش لە فەرەنسا شانۆی (پیتەربرۆف)و لە ئەڵمانیا، ئەگەر بودجەكە بەش بكات گرووپێكی یابانی رازی بووە ئەوانیش بەشداری بكە ن،بەڵام ئەوەی بەفەرمی قسەی لەگەڵ كراوە گرووپێكی فەرەنسی و ئەڵمانی و توركی و ئێرانیە، لەم رۆژانەدا فیستیڤاڵێك لەتاران ساز دەكرێت، بەڵێنیانداوە باشترین بەرهەمی ئەوێ بهێننە فیستیڤاڵەكەی ئێمەشەوە، هەروەها تیپەكانی شاری هەولێر و بەرێوەبەرایەتی شانۆی شارەكانی تر بانگهێشت دەكرێن.
هیوا سوعاد باسی لەوەش كرد لە میانەی فیستیڤاڵەكەدا دەستنیشانكردنی باشترین ئەكتەرو باشترین دەرهێنەرو باشترین دەقی بەشداربوو دەكرێت، لێژنەیەك دادەنرێ بۆ هەڵسەنگاندنی كارەكان كە لە هەمان كاتدا دەسەڵاتی فراوانكردن و كەم كردنەوەی خەڵاتەكانی هەیە، بەڵام خەڵات و گفتوگۆی رەخنەیی تێدادەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدەین چەند هونەرمەندێكی ناودار لەفیستیڤاڵەكەدا كۆبكەینەوە.
Top