نەرمین كاوانی:عاشقی شانۆم، بەڵام رەشبینیشم بە رەوشی شانۆ

نەرمین كاوانی:عاشقی شانۆم، بەڵام رەشبینیشم بە رەوشی شانۆ
نەرمین ئەحمەد كاوانی بە بینینی رۆڵەكانی لە شانۆ و دراما سەرنجی بینەرانی بۆ لای خۆی راكێشاوە، نەرمین وەك ئەكتەرێكی بە توانا و جورئەت رۆڵی بەرچاوی لە هونەری نواندندا گێڕاوە، ئافرەتی هونەرمەندی شانۆكار، ئەگەر هەشبووبێت رەنگە دەگمەن بن ئەو ئافرەتانەی خۆیان لە قەرەی رۆڵێكی وەك (سەباو) بدەن، بەڵام نەرمین نەك تەنیا پێی رازی بوو بەڵكو بەشێوەیەك بەرجەستە و پێشكەشی كرد كە لەلایەن بینەر بە چاوی رێز و بایەخەوە سەیركرا، بە هەمان شێوە لە شانۆگەرییەكانیش هەر رۆڵێكی بینی بێت جێی پەنجەی پێوە دیار بووە، نەرمین كاوانی بەمشێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە.
* لە بواری هونەریدا ئێستا خەریكی چیی؟
- زنجیرە درامای (رۆژگارە تەریبەكان) كە ئێستا لە كەناڵی كوردستان تیڤی نمایش دەكرێت نوێترین كاری هونەریمە، هەروەها هەموو گرتەكانم لە درامای كەركوك (4) كە لە كەركوك گیراوە، تەواو بووە ئەم درامایە لە دەرهێنانی هونەرمەند «ناسر حەسەن»ە.زۆر بەختەوەرم كە توانیم لە كارێكی ئاوها هونەریدا بەشدار بم، بەتایبەت كە لەگەڵ هونەرمەندانی كەركوك كار بكەم و ئاشنایەتی دروست بكەم و كارەكەش بۆ كەركوكی خۆشەویست بێت. بە هیوام بە كەمترین كات بگاتە قۆناغی مونتاژو و بە سەركەوتوویی بگاتە بەر دیدەی بینەری كوردی، هەروەها بە خۆشەویستانم دەڵێم ئەوانەی بەردەوام نواندنی منیان لەلا پەسەندە و هانم دەدەن لە بەشی سێی (گەردەلول) دا بەشدارم و چەند دیمەنێكم بۆ وێنەگیراوە.
* لەگەڵ مامۆستا یاسین بەرزنجی بەشداریت لە چەند كارێكی هونەریدا كردووە، ئەو گونجانە ئێوە و سەركەوتنتان لە بینینی رۆڵەكان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
-گومان لەوەدا نییە نواندن بەخشین و وەرگرتنە لەگەڵ ئەكتەری بەرامبەردا ئیتر ئەو نواندنە بەهێز بێت یان بێ هێز ئەگەر هات و نواندنێكی باشم بەرامبەر بكرێت ئەوا هێز دەداتە من و نواندنێكی باش دەكەم بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ئەكتەرێكی بێ توانا بەرامبەرت نواندن بكات كار لە تۆش دەكات. ئاشكرایە كاك یاسین قادر بەرزنجی ئەكتەرێكی بە تواناو بە ئەزمونە لە بواری نواندندا و كارەكەی خۆشدەوێت هەر بۆیە توانیومە نواندنێكی باشی بەرامبەری بەرجەستە بكەم و خۆشحاڵیشم.
* یاسین بەرزنجی چ وەك ئەكتەر چ وەك مرۆڤێكی ئاسایی چ رۆڵێكی هەبووە لە زیاتر برەودان و پەرەپێدانی توانا هونەرییەكانی نەرمین كاوانی؟
-ماموستا یاسین بەردەوام لە كاتی كاركردندا ڕاوێژم پێ كردووە و بیر و ڕامان گۆڕیوەتەوە و بە مامۆستای نواندن ناوم بردووە. بەردەوام بە وشەیەكی خۆشحاڵ دەبوم كاتێك كە كچەكەی سەردانی دەكرد لە كاتی كاركردندا بە دایە گیان ناوی دەبرد و ئەگەر كچەكەی لەوێ نەبوایە منی بە دایە گیان بانگ دەكرد كە ئەوە خۆشحاڵی دەكردم. یەكیكە لەوانەی كە بەردەوام هانم دەدات و نواندنی منی لەلا سەركەوتووە و پێم دەڵێت تۆ داهاتووی نواندنی لە هونەری كوردیدا، بۆیە من سوپاسی دەكەم و هیوای لەش ساغی بۆ دەخوازم.
* كارەكانت جورئەتێكی زۆریان پێوە دیارە، هۆكاری ئەم جورئەتەی نەرمین كاوانی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- نواندن خۆی لە خۆیدا واتا جورئەت بەتایبەت لە كۆمەڵگایەكی وەك كومەڵگای كوردیدا كاتێك كەسێك بیەوێت ببێتە هونەرمەندێكی ڕاستەقینە و كارەكانی سەركەوتوو بێت بە ڕاستگۆیانە بگاتە بینەر و بینەریش لێی ڕازی بێت دەبێت ئەو كارەی دەیكات وەك خۆی بیكات دوور بێت لە زۆر لە خۆكردن و ساختەیی پێوە دیار نەبێت. وەك بواری نواندن من قسە دەكەم، وەك ئەكتەر دەبێت بتوانیت هەموو كارەكتەرێك بەرجەستە بكەیت و بزانیت بۆچی نواندن دەكەیت بۆچی ئەو كارەكتەرە بەرجەستە دەكەیت كە وەریدەگریت ئەو كات ئامانجی خۆت دەزانیت و تەنها بیر لە سەركەوتنی كارەكەت دەكەیتەوە، بێگومان مێینە لە وڵاتی ئێمەدا ئەو بوونەوەرە ژێر دەستەیەیە كە بە ئاستەم دەتوانیت چەند دانەیەك دەست نیشان بكەیت ئازا و چاو نەترس بن.
پاڵپشتی و یارمەتی هاوسەرەكەم چەندە دڵخۆشم دەكات ئەوەندە و ئەوەندە دڵتەنگم دەكات كە گەیاندومییەتە ئەو بڕوایەی كە ئافرەت لە وڵاتی ئێمەدا ئەو مەڕ و ماڵاتەن كە بە بێ شوان گورگ دەیانخوات، كەواتە بەردەوام پێویستیمان بە پیاوێكە بۆ ئەو جورئەتە.
* لەنێو كۆمەڵگایەكی وەك كۆمەڵگایەكی كوردی جۆرئەتی لەم چەشنە لایەنی سلبی یان ئیجابی لەسەر كەسایەتی نەرمین كاوانی هەبووە ؟
- بمانەوێت و نەمانەوێت كۆمەڵگای كوردی كۆمەڵگایەكی چەق بەستوو و داخراوە كە ئاستەمە ژنێك بتوانێت ئەوەندە چاونەترس بێت داهێنان بكات و لە بوارەكەی خۆیدا سەركەوتوو بێت، بەڵام نەرمین كاوانی لە ژیانیدا پشكی شێری بەركەوتووە و توانیومە بە هاوكاری هاوسەری ئازیزم و ماندووبونێكی زۆرم بگەمە ئەو بڕوایەی دەبێت كارەكانم بە جورئەتەوە بكەم بۆیە ئەمە وایكردووە تا ڕادەیەك سەركەوتوو بم، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە دەڵێم: «كاریگەرییەكی زۆر ئیجابی هەبووە بۆ كەسایەتیم».لێرە و لەوێش كەسانێك بە»بڤە و عەیبە و حەرامە»ی دەزانن « بەڵام هیوادارم ئەوانەش تێبگەن كە پێشكەوتنی هەر گەلێك بە هونەرەكەیەوە پێناسە دەكرێت.
* هۆی چ بوو لە بەشەكانی پێشتری (گەردەلوول) بەشدار نەبووی، لە بەشی سێیەمدا نیازی نییە بەشداری بكەی؟
- بە خۆشحاڵییەوە لە بەشی 3 گەردەلولدا بەشدارم و كەسایەتییەكی جیاواز لە كارەكانی ترم وەرگرتووە بە هیوام بتوانم كاری باشی بۆ بكەم.
* هونەرمەند چۆن دەتوانێت سەنگ و پێگەی خۆی لەنێو كۆمەڵگادا بپارێزێت؟
- هونەرمەند ئەو كەسێتییەكە لە كۆمەڵگادا پەنجەی بۆ ڕادەكێشرێت و بە نموونە دەهێنرێتەوە و باسی دەكرێت، بۆیە دەبێت بزانیت چۆن سەنگ و پێگەی خۆت دەپارێزیت و سادە و ئاسایی مامەڵە بكەیت تا نموونە بیت بۆ خەڵكی.
* وەك دەڵێن زۆر لە هونەرمەندان تووشی لە خۆبایی بوون دەبن، هۆكاری ئەم خۆلێگۆڕانە چییە؟
- بەڵێ لە خۆبایی بوون «هەندێك» هونەرمەندی كوشتووە و بچوكی كردونەتەوە لەلای خەڵكی، خۆشەویستی خەڵك و گرنگیدان بە هونەرمەند لە لایەن خەڵكەوە وا دەكات هەندێكیان بەوە لە خۆیان بایی ببن و خۆیان بە گەورە بێتە بەرچاو، ئەمەش هەڵەیە و بە لاڕێ و ون بووندا دەیانبات، دەبێت هونەرمەند ئەو خۆشەویستی و بایەخە بقۆزێتەوە و كاری جوانتر و داهێنانی زیاتر بكات و هەوڵ بدات سادەتر هەڵسوكەوت بكات، چونكە بە ڕاستی هونەرمەند موڵكی خەڵكە و بۆ ئەوانیش كار دەكات.
*- لەم ماوەیەدا چەندین فیستیڤاڵی شانۆیی لە سلێمانی بەڕێوەچووە و بەڵام لە هەولێر و دهۆك هیچ فیستیڤاڵێك نەبووە، ئایا دەكرێ ئەمە بە نیشانەی پێشكەوتنی شانۆ دابنێین لەو شارەدا؟
- منی عاشقی شانۆ بە داخەوەم زۆر ڕەشبینیشم بەرامبەر جوڵەی شانۆ و فیستیڤاڵەكان بە ڕاستی كاری زۆر و بۆری و سازدانی فیستیڤاڵ «واتای پێشكەوتن و كاری باش نییە» نەخێر بەڵكو تەنها پارە سەرفكردن و ناونانە بە فیستیڤاڵ و هەر ئەوەندە بڵێن فیستیڤاڵ ئەنجامدرا» ئیتر بەداخەوە دوای خۆی هیچ جێناهێڵێت و نابێتە هەنگاو لەمەشدا داوای لێبووردن دەكەم.
* هیچ جارێك دەقێكت دەستنیشانكردووە، بۆ ئەو رۆڵەی كە دەیبینی لە كارێكی هونەریدا؟
- نەخێر جارێ ئێمەی كورد نەگەیشتوینەتە ئەو ئاستە، بەڵام جێگەی خۆشحاڵییە نووسەرێك بەتایبەتی كاراكتەرێك بۆ من بنوسێت و من نواندنی بكەم.
* نەرمین كاوانی زیاتر لە شانۆ سەركەوتووترە یان دراما؟
- بێگومان شانۆ، بەڵام بە داخەوە شانۆ و كاری جدی نییە تا كاری تێدا بكەم بۆیە هەوڵمداوە تواناكانم لە بەردەم كامێرادا بەرجەستە بكەم بە هیوام بتوانم سەركەوتوو بم.
* دەستنیشانكردنت بۆ پێشكەش كردنی بەرنامەی (من جیاوازم) چۆن بوو؟
- من بە سروشتی خۆم وا دروست بووم كە ناگەڕێم بە دوای كاردا ئەمەش لە»لە خۆ ڕازی بوونمەوە نییە» بەڵكو بوونیادم وا خوڵقاوە و گونجاوترە لە كوێ پێویستە هەبم و لە كارێكدا بەشدار بم دەبێت داوا بكرێم منیش بەڕێزەوە ئەگەر توانیم هاوكاری دەكەم.
بۆ بەرنامەی «من جیاوازم» سوپاسیان دەكەم منیان دەست نیشانكرد و پێیان وتم منیش قبوڵم كرد لێرەوە سوپاسی كاك زەهاوی و بەشداربووانی ئەو بەرنامەیە دەكەم بە ڕاستی ئەزموونێكی بەسوود و كاتێكی خۆش بوو.
*بەبێ مەرج رازی بووی لەم بەرنامەیەدا بەشدار بی؟
- تەنها مەرجم، ئازادیم بوو لە»بەڵێ و نەخێر»ە كانمدا بە خۆشحاڵییەوە بەرنامەكە ئازادانە تیایدا وەڵام دەدرایەوە.
* پێتوایە توانیبێتت بۆشایی (بەلقیس دۆسكی) پڕ بكەیتەوە؟
- من و دكتۆرە هەریەكەمان كەسایەتی و تایبەتمەندی خۆمان هەیە نكۆڵی ناكرێت دكتۆرە كەسێكی دەم بە خەندە و قسە خۆش بوو و بە توانا بوو لە دەربڕینەكانیدا، هیوادارم منیش توانیبیتم خزمەتێكی بچوكی گەنجە بەشداربووەكانم كرد بێت.
* ئێستا زۆر لە هونەرمەندان روو لە پێشكەشكردنی بەرنامەی تەلەفزیۆنی دەكەن، نەرمین كاوانی چۆن دەڕوانێتە ئەم دیاردەیە؟
- ئاساییە لە هەموو دونیادا هونەرمەند بەرنامە پێشكەش دەكات گرنگ ئەوەیە بەرنامەیەك بێت هونەرمەندەكە بتوانێت لە ڕێگەیەوە خزمەت هەم بە خۆی هەم بە خەڵكی بگەیەنێت نەك وەك بوكەڵەیەك بۆ جوانی و هونەرەكەی وەك ڕیكلام بە كار بهێنن پێویستە بەشداری چالاكانەی هەبێت.
Top