ئه‌لبومی داهاتوی كامكاران و عه‌دنان كه‌ریم ناوی (خاتون)ـه‌

ئه‌لبومی داهاتوی كامكاران و عه‌دنان كه‌ریم ناوی (خاتون)ـه‌
ئه‌لبومی نوێی گروپی موزیكی كامكاران به‌ ناوی "خاتوون" به‌ ئاوازدانه‌ری هونه‌رمه‌ند هوشه‌نگ كامكار و به‌ شیعره‌كانی دكتۆر عه‌بدوڵڵا په‌شێو و به‌ ده‌نگی عه‌دنان كه‌ریم و سه‌با كامكار له‌ تاران تۆمار كرا.

به‌ پێی ڕاپۆڕتی راگه‌یاندنی گشتیی گروپی موزیكی كامكاران، "خاتوون" ئه‌لبومی نوێی گۆرانی و موزیكی كوردی به‌رهه‌می گروپی موزیكی كامكاران به‌ ئاوازدانه‌ری هونه‌رمه‌ند هوشه‌نگ كامكار و به‌ شیعره‌ نوێیه‌كانی شاعیری ناسراوی كوردستان دكتۆر عه‌بدوڵڵا په‌شێو و به‌ ده‌نگی هونه‌رمه‌ندی ناوداری كوردستان عه‌دنان كه‌ریم و به‌ گۆرانیبێژی سه‌با كامكار به‌ شێوه‌ی دوێت واته‌ دووده‌نگی له‌ ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا له‌ شاری تاران قۆناغه‌كانی تۆماركردنی تێپه‌ڕاند و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا له‌ هه‌رێمی كوردستان چاپ و بڵاوده‌كرێته‌وه‌.
"خاتوون" به‌ شێوازی موزیكی كوردی بۆ ئۆركستڕای سه‌مفۆنیك، ئاواز و گروپی كۆر و ئامێره‌ ره‌سه‌نه‌كان له‌سه‌ر شیعره‌كانی دكتۆر عه‌بدوڵڵا په‌شێو موزیكی بۆ دابه‌شكراوه‌.

مه‌به‌ست له‌ موزیكی نه‌ته‌وه‌یی كوردی، به‌كارهێنان و كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ئامراز و هۆكارگه‌لی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی موزیكی ره‌سه‌نی كوردی و مه‌قامه‌كان وه‌كوو ناوه‌رۆكی سه‌ره‌كی و تێكه‌ڵاوبوونی ئه‌م جۆره‌ میلۆدییانه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی شیاو له‌ ته‌كنیك و لێهاتووییه‌كانی ئاوازدانانی موزیكی زانستی جیهانی له‌وانه‌ هارمۆنی، كۆنترپوان، ئۆركستڕاسیۆن و به‌كارهێنانی ئامێره‌ جۆراوجۆره‌كانه‌.

ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌ لایه‌نی فۆرم، گه‌ڕانی میلۆدییه‌كان، ئۆركستڕاسیۆن، هارمۆنی و تێكه‌ڵاوبوونه‌كانی كۆنترپوانتیكی ده‌نگه‌كانی ئاوازی واته‌ چڕین و ئامێریی و هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی ره‌نگی ده‌نگی جۆربه‌جۆری ئامێره‌كان له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی وێنه‌گه‌لی ده‌نگی، شێوازی ئاخاوتنی شیعره‌كان له‌ نێوان ئاوازه‌كاندا و ئه‌ویش به‌ ده‌نگی خودی شاعیر، شێوازێكی تازه‌ و نوێیه‌ و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ شیعره‌كاندا هه‌یه‌ كه‌ به‌ داهێنان و لایه‌ن گه‌لی نوێ له‌ هونه‌ری موزیكی كوردی دێنه‌ ئه‌ژماردن.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی "خاتوون" شێوازی كه‌ڵك وه‌رگرتنه‌ له‌ مه‌قامه‌كانی ئۆركستڕا له‌ كاتی ده‌ستپێكی هه‌ر پارچه‌ موزیكێكدا كه‌ تیایدا میلۆدییه‌كانی ئۆركستڕا و ئاواز و چڕین به‌پێی چوارچێوه‌ و قالبه‌كانی میلۆدیكی مه‌قامه‌كان نووسراون.
له‌ هه‌موو پارچه‌كانی ئاوازییدا كه‌ به‌ خێرایی له‌ دوای ته‌واوبوونی مه‌قامه‌كان دێن، ئاواز و مه‌قام به‌ شێوه‌ی دوێت واته‌ دووده‌نگی و به‌ چه‌شنی كۆنترپوانتیك كه‌ تیایدا میلۆدییه‌كان پێكه‌وه‌ چندراون و تێكه‌ڵاوكراون، به‌كارهێنراون كه‌ ئه‌م بیركردنه‌وه‌ و داهێنانه‌ به‌ شێوازه‌كانی نوێی موزیكی كوردی ئه‌ژمار ده‌كرێت.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتیی گروپی موزیكی كامكاران.


Top