خانمە هونەرمەندی لوبنانی سەباح بۆ گوڵان: كچە هونەرمەندەكانی ئێستا دوای یەك گەشت و یەك گۆرانی دەبنە خاوەنی باڵاخانە و ئۆتۆمبیل و پارە..

خانمە هونەرمەندی لوبنانی سەباح بۆ گوڵان: كچە هونەرمەندەكانی ئێستا دوای یەك گەشت و یەك گۆرانی دەبنە خاوەنی باڵاخانە و ئۆتۆمبیل و پارە..
گوڵان/بەیروت-فابیان عون
سەباح بۆ خۆی ئەفسانەیەكە چەندین میهرەجانی ڕووناك كردۆتەوە، زۆربەی وڵاتانی جیهان گەڕاوەو لەسەر تەختەی بەناوبانگترین شانۆكانی جیهان وەستاوە، هەگبەی پڕە لە گۆرانی و فیلمی سینەمایی و شانۆگەری تا وایلێهاتووە بووە بە ژمارەیەكی قورس لە گۆڕەپانی هونەریدا، ئەمانە هەموویان سیفەتەكانی خانمە هونەرمەندی گەورەی لوبنانی (صەباح)ن كە بوونەتە نموونەیەك بۆ نەوەكانی دوای خۆی، بەتایبەتی ئەوانەی عاشقی هونەرنی گۆرانی و ئاوازی ڕەسەنن، سەباح لەم دیمانەیەدا بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
* سەرەتا پیرۆزباییت لێدەكەین بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی دوو گۆرانییە نوێیەكەت انبسگ بعمرك» و»بدی رچاك»، چ پەیامێكت هەیە كە دەتەوێ لەم گۆرانییەدا بیگەیەنی بە بیسەران و جەماوەرت؟
-سوپاس بۆ خوا، تێكستی جوان و گونجاومان گەڕاندەوە بۆ هونەر، گۆرانییەكانی لوبنانمان گەڕانەوە سەر ئاستی بەرزی پێشوویان، چونكە دەتوانین بەرگێكی جوانتر و گونجاوتر بكەینەوە بە بەری گۆرانیدا.
* بەڵام بۆچی دوا كەوتی لە گەڕانەوەت بۆ گۆڕەپانی هونەری؟
- هیچ بەرهەمێكی لەو جۆرە نەبووە كە بتوانم لە ڕێگەیەوە بگەڕێمەوە.
*بۆچی ڕۆلا سەعدت هەڵبژارد بۆ وتنی دوێتەكە؟
- من هەڵمنەبژارد و پێشتریش چاوم پێی نەكەوتبوو، خۆی دەستپێشخەر بوو و حەزی دەكرد هەندێك گۆرانی تایبەت بە یەكەوە بڵێین، رۆلاش بە توانای خۆی بۆ هەموو لایەكی سەلماند شایەنی ئەو متمانەیە بوو كە من پێم بەخشی.
* بەڵام سەرەڕای ئەوەش پاڵێوراوە بۆ بینینی ڕۆڵی تۆ لە زنجیرەكی تەلەڤزیۆنی؟
- من هەوڵمدا لەگەڵی بۆ بینینی ئەم رۆڵە، بەڵام ئەو ڕەتیكردەوە لەبەر یەك هۆ، ئەویش ترسی هەبوو لەوەی نەتوانی ڕۆڵی من بە باشی ببینێت.
* تۆ ڕازیت بە هەڵبژاردنی كارۆل سەماحە بۆ بینینی ئەم ڕۆڵە؟
-كارۆل زۆر سەركەوتوو و سەرنجڕاكێشە، زۆریشم خۆش دەوێت، هونەرمەندێكی ڕۆشنبیرە و خاوەن بەهرەیەكی زۆرە، پێموایە ڕۆڵەكە زۆر بە سەركەوتوویی بەرجەستە دەكاتەوە.
*بەڵام ئێمە گوێبیستی شتێكی پێچەوانە بووین و ئامادەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە نەبوو كە بۆ ئەم مەبەستە رێكخرا بوو؟
-چونكە ئاگاداری بەستنی ئەم كۆنگرەیە نەبووم و كەسیش منی داوەت نەكردبوو.
* تا چ ئاستێك ئەم زنجیرەیە و ژیانی تایبەتی صەباح لە یەك نزیكن؟
-دەتوانم بڵێم نزیكەی80% ڕەنگدانەوەی تەواوی ژیانی منە، هەندێك سیاسەتمەداری گەورە هەن، ناكرێ لێرەوە ناویان بهێنین.
*صەباح كێی خۆشویستووە؟
- زۆر ڕۆڵی سینەماییم بینیوە، بۆیە من لە خۆشەویستیدا دەژیام وەك ئەوەی بڵێی ڕۆڵێك دەبینم و دوای ماوەیەك دیمەنەكە كۆتایی دەهات.
*گۆرانییە نوێیەكەت (مادام انت حدی) پێشكەش بە كێ دەكەی؟
-پێشكەشی كەسی ناكەم، چونكە من ڕازی نابم بە هیچ پیاوێك بڵێم من لەژێر فەرمانی تۆم.
* بەگوێرەی زانیارییەكانمان ئەكتەری توركی (موهەنەد)ت ناسیوە؟
-لەكاتی وێنەگرتنی كلیپەكەی لەگەڵ ڕۆڵا سەعد چاوم پێیكەوت، كوڕێكی زۆر قۆز و جوان و میهرەبانە، بۆیە زۆرم خۆشویست.
*لەژیانتدا ڕێزلێنان چی پێ بەخشیوی؟
-سوپاسی دەستپێشخەرییەكە دەكەم، زۆریش خۆشحاڵم، بەڵام بە ڕاشكاوی دەڵێم ئێستا زۆر گرنگی بەم ڕێزلێنانانە نادەم، چونكە شوێنم نەماوە بۆ دانانی مەدالیا و خەڵاتەكان، لە دڵەوە حەز دەكەم مۆزەخانەیەكی تایبەت بكرێتەوە و تێیدا هەموو كەلوپەلە تایبەتییەكانم نمایش بكرێت لە جلوبەرگ و ئیكسسوار، لەشێوەی مۆزەخانەی ئوم كەلسوم لە میسر.
*ڕۆژانە چۆن كاتت بەسەر دەبەی؟
- بە تەنیا دادەنیشم بیر لە ڕۆژانی ڕابردوو دەكەمەوە، زۆریش بیر لە منداڵەكانم دەكەمەوە كە چیدەكەن دوای مردنی من.
* لەبەر زۆری ئەو پڕوپاگەندانەی دەكرێن بیر لە مردنی خۆت دەكەیتەوە؟
-(بەپێكەنینەوە) چاوەڕێی مردنی من دەكەن، لەوانەیە هۆكارەكە لەبەر ئەوە بێت كە تەمەنم زۆرە و زۆرتر ناژیم، بەڵام ئەوەی ئەم پڕوپاگەندانە دەكات ئامانجی تەنیا ئەوەیە پڕوپاگەندە بۆ خۆی دەكات، لەسەر حیسابی من، لێرەوە پەیامێكی بۆ دەنێرم و پێی دەڵێم: وازم لێ بێنە با بە ئاشتی بژیم، بەدرێژایی ژیانم كەسانێك هەبوون بەدوام كەوتون لە شوێنێكەوە بۆشوێنێكی تر.
*ئەم پڕوپاگەندانە كاریگەری سلبییان لەسەر تۆ نەبووە؟
- زۆر گرنگییان پێ نادەم، چونكە لە كۆتاییدا هەر دەمرم.
* ئەگەر پێت بڵێین گۆرانییەكانی خۆت پێشكەش بە خۆشەویستانت بكە، كام گۆرانی هەڵدەبژێری؟
-بێگومان گۆرانی (ساعات ساعات)، چونكە ڕابردووی خۆشم بیر دەهێنێتەوە، هەروەها ئاوازەكەشی دەبێتە هۆی حەسانەوەی دەنگم.
*بەڵام هەندێك كەس دەڵێن (صەبوحە) ئێستا تەنیا پلای باك دەڵێت؟
- نەخێر من بە هەموو شێوەیەك ئەمە ڕەت دەكەمەوە، سوپاس بۆ خوا ئێستاش دەتوانم گۆرانی بڵێم و كاتێك گۆرانی دەڵێم خۆم لە بیر دەكەم.
* چ تێبینییەكت هەیە لەسەر هونەر و هونەرمەندانی ئەمڕۆ؟
- بە هەموو پێوەرەكان هونەری ئەمڕۆ لەگەڵ هونەری ساڵانی ڕابردوو جیاوازە، تەنانەت ئەم رۆژگارەش زۆر جیاوازە لەگەڵ ساڵانی رابردوو، من توانیومە خۆم لەگەڵ هەموو نەوەكاندا بگونجێنم، ئەمەش زیرەكی و تێگەیشتنی منی پێویستە تەنانەت توانایەكی پێویستە كە هەموو كەسێك نییەتی، هەروەها هونەرمەندی ئەمڕۆ جیاوازە لەگەڵ ئێمە، هەموو هونەرمەندانی سەردەمی ئێمە سەرەڕای ئەو سەركەوتنە بێ وێنانە نەیانتوانی سەروەت و سامانێك بۆ خۆیان دابنێن، كەچی ئێستا كچە هونەرمەندەكان دوای یەك گەشت و یەك گۆرانی دەبنە خاوەن باڵاخانە و ئۆتۆمبیل و پارەیەكی زۆریش لە بانك، من ئیرەیی بە كەس نابەم، بەڵام هەموو شتێك گۆڕاوە.
* دوای ئەو هەموو ساڵە لە كاری هونەری چ ئامۆژگارییەكت هەیە پێشكەشی بكەی؟
-هەر مرۆڤێك لە ژیانی خۆی بژی و چاو لە هەندێك شت بپۆشێ و بۆ لای خوا بگەڕێتەوە، چونكە هەموو شتێك بە دەست خوایە.
*سەردانی هەولێرت كردووە؟
-بەڵێ، لە خوا داواكارم ئاشتی باڵی بەسەر ئەو ناوچەیەدا بكێشێت و هیوادارم بتوانم جارێكی دیكەش سەردانی بكەمەوە.
* چ پەیامێكت هەیە بۆ گەلی كورد؟
- پێیان دەڵێم خۆشم دەوێن، ئێوە گەلێكن هەستێكی هونەریتان هەیە و شایەنی ئەوەن بە باشترین شێوە بژین و سەربەخۆیی خۆتان بەدەست بهێنن.
Top