كەمال عەلی : ئەركی هونەرمەند هۆشیاركردنەوەی گەلە
ماوەی چەند ساڵێكە هونەرمەندی گۆرانیبێژ (كەمال عەلی) كوردستانی جێهێشتووە و رووی لە وڵاتی غەریبی كردووەو لە تاراوگە گیرساوەتەوە، ئەگەرچی لە و ماوەیەشدا وەكو پێویست بەرهەمی نەبووە و بە كەمی دەركەوتووە، بەڵام بێدەنگیش نەبووە و بەشێوەی پچڕ پچڕو چەند ساڵ جارێك بەرهەمی تۆماركردووەو هەمیشە لە ئاهەنگ و بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەكاندا بوونی خۆی سەلماندووە، واتە لە خزمەت كردن بە هونەری كوردی دانەبڕاوە، لە دیمانەیەكی پوخت و كورتدا هونەرمەند كەمال عەلی بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە
***
*بۆچی ماوەیەكی زۆرە وا بێدەنگی؟
_ بەپێچەوانەوە بێدەنگ نیم، بەڵام كارە هونەرییەكانم زیاتر چڕ كردۆتەوە.
* هەندێك لە هونەرمەندان هەڕەشەی وازهێنان لە هونەر دەكەن، چی دەڵێی بۆ ئەم مەسەلەیە، خۆ تۆش ئەو هەڕەشەیەت نەكردووە؟
-بە بڕوای من هونەر بەشێكی دانەبڕاوە لەئازادی بیرو ڕا دەربڕین. هونەرمەندیش بۆخۆی ئازادە چی دەڵێ و چ كاتێك بیەوێت كۆتایی بە كارە هونەرییەكانی بهێنێت و بوەستێت، چ كاتێكیش هەوڵبدات و، بەردەوام بێت لە خزمەت كردن بە كارە هونەرییەكان.
*چ جیاوازییەك دەبینی لەو هونەرەی كە لە ساڵانی نەوەدەكان پێشكەش دەكرا و ئەوەی ئێستا هەیە؟
-هەرچەندە ئەو پێشكەوتنە تەكنەلۆژیایەی كە بواری هونەری ئێستاكە بەخۆیەوە دەبینێت، لە ساڵاكانی نەوەدەكاندا بەم شێوەیە بونی نەبووە، بەڵام ئەو كات هونەرمەند بەهەستێكی پڕ لە هونەرییەوە كاری ئەنجام دەدا، بە پێچەوانەی ئەوەی ئێستا هەیە.
*پێتوایە ئەوەی ئێستا هەیە لە بواری هونەری كوردی خزمەت بە هونەری كوردی بكات؟
-بەگشتی نەخێر خزمەت بە هونەر ناگەیەنێت، بەڵام هونەرمەندی بە توانا و بەهرەمەندمان هەیە و لەلایەن هەندێك هونەرمەندەوە كاری هونەری زۆر باش كراوە.
* هونەرمەندی ئاهەنگ و گۆرانی هەڵپەڕكێ چ جیاوازییەكیان هەیە لەگەڵ هونەرمەندانی دیكەدا؟
-بەبۆچونی من جیاوازی نییە، چونكە هەموو هونەرمەندێك خاوەنی جەماوەر و گوێگری
تایبەت بە خۆیەتی .
* ئەركی هونەرمەند بە گشتی چییە؟
_ خزمەت كردنی وڵات، هەروەها داهێنان لە بواری هونەری و هۆشیاركردنەوەی گەل لەڕێگای ئەم هونەرەی كە پێشكەشی ئەكات .
* ئەو كاتانەی تەنیای كام گۆرانی لەبەر خۆتەوە دەڵێیتەوە؟
- گۆرانی كە مەغریب دێت لەگەڵ بوكی بەفر .
* ناخۆشترین دەنگ لەلای تۆ دەنگی چییە؟
-دەنگی تفەنگ چونكە بەشێوەیەكی گشتی كارەسات دەهێنێتە خەیاڵی مرۆڤ، دیارە جەنگیش ماڵوێرانیە .
* ئەی خۆشترین دەنگ؟
- دەنگی مۆسیقا بەشێوەی بە گشتی، بەڵام دەنگی ئامێری كلارنێت بەلای منەوە لە هەموو دەنگێك خۆشترە.