حەسەن شەریف، پەنجا گۆرانی ئامادەیە

حەسەن شەریف، پەنجا گۆرانی ئامادەیە
هونەرمەندی دەنگخۆش حەسەن شەریف ڕایگەیاند كە نەبوونی كۆمپانیا بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمە هونەرییەكانی هونەرمەندان یەكێكە لە گرفتە گەورەكانی بەردەم هونەرمەندان و ساردكردنەوەیان لەبەردەوام بوون لە كاری هونەری.
سەبارەت بە دوایین بەرهەمی هونەری خۆیشی حەسەن شەریف لە پێوەندییەكدا بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: بەرهەمەكەم ئامادەیە و پەنا بەخوا بۆ سەری ساڵ بڵاودەبێتەوە، بەڵام بە مەرجیك ئەگەر كۆمپانیایەك هەبێت ئەركی بڵاوكردنەوەی لە ئەستۆ بگرێت، تەنانەت ئامادەم دوو بەرهەم بە دوای یەكدا بڵاو بكەمەوە، ئەگەر كۆمپانیاش نەبێت ئەوا لەوانەیە زیاتر دوابكەویت، گۆرانییەكانی ئەم بەرهەمە لەسەر هەمان شێوازی ستایلی تایبەتی خۆمە كە پێی ناسراوم، رەنگە كەمێك گۆڕانكاری تێدا بكەم ئەویش بۆ ئەوەی ئاسانتر بێت بۆ گوێگر لە شیعر و ئاوازیشدا هەروا، هەروەها چەند گۆرانییەكی كلاسیكی ئامادەم هەیە كە لە تێكستی مەلای جزیری و فەقێی تەیرانە، بەڵام بڕیارمداوە لەبەرهەمی نوێم هیچ گۆرانییەكی كلاسیكی تێدا نەبێت، واتە بەرهەمەكەم ئەگەر بڵاوكرایەوە ئەوا هیچ گۆرانی كلاسیكی تێدا نابێت.
حەسەن شەریف لە درێژەی قسەكانیدا بۆ گوڵان وتی: ئێستا نزیكەی 50 گۆرانی ئامادەم هەیە، بەڵام وەك باسم كرد نەبوونی كۆمپانیا گرفتێكی گەورەیە لەبەردەم هونەرمەند، بەجۆرێك وای لێهاتووە هونەرمەند بیر لە قازانج نەكاتەوە تەنیا بەوە ڕازی بێت كە ئەو پارەیەی لە بەرهەمێك خەرجی دەكات دەستی بكەویتەوە، چونكە ئەویشی بۆ نایەتەوە، نازانم تاكەی ئێمەی هونەرمەند دەنگمان بەرز دەكەینەوەو كەسیش گوێمان بۆ شل ناكات و بڵێ گرفتەكانی ئێوە چین و بەهیچ شێوەیەك هەوڵ نادرێت چارەسەری ئەم ئاستەنگە بكرێت..
Top